[1] ئەی یەزدان، خودای ڕزگاریم، شەو و ڕۆژ بەرامبەر بە تۆ هاوارم کرد.
[2] با نوێژەکانم بگاتە بەردەمت، گوێ بۆ هاوارم شل بکە.
[3] چونکە گیانم پڕ خراپە بووە و ژیانم لە جیهانی مردووان نزیک بووەتەوە.
[4] وەک ئەوانە دانراوم کە دەچنە نێو جیهانی مردووان، وەک پیاوێکم لێهاتووە هێزی لەبەربڕابێت.
[5] لەناو مردووان وازلێهێنراو، وەک کوژراوەکانی ناو گۆڕ ڕاکشاو، ئەوانەی ئیتر یادیان ناکەیتەوە، ئەوانەی دەستت لێیان شوشتووە.
[6] لەناو قووڵترین گۆڕ داتناوم، لەناو جەرگەی تاریکی، لە قووڵایی.
[7] تووڕەییت قورسە بەسەرمەوە، شەپۆلەکانت ڕامدەماڵن.
[8] ناسیاوەکانمت لێ دوورخستمەوە، قێزم لێ دەکەنەوە. گیراوم و دەربازبوونم بۆ نییە،
[9] بەهۆی ژێردەستەیی چاوم لە کزبوونە. ئەی یەزدان، بە درێژایی ڕۆژ هاوار بۆ تۆ دەکەم، دەستم لە تۆ پان دەکەمەوە.
[10] ئایا کاری سەرسوڕهێنەر بۆ مردووان دەکەیت؟ یان ڕۆحەکان هەڵدەستنەوە ستایشت بکەن؟
[11] ئایا لەناو گۆڕ باسی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکرێت، یان لە لەناوچوون باسی دڵسۆزییەکەت؟
[12] ئایا لە تاریکایی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەناسرێت، یان لە خاکی لەبیرچوون ڕاستودروستیت؟
[13] ئەی یەزدان، هاوار بۆ تۆ دەهێنم، بەیانییان نوێژم بەرەو ڕووت دێت.
[14] ئەی یەزدان، بۆچی گیانم ڕەت دەکەیتەوە، ڕووی خۆتم لێ دەشاریتەوە؟
[15] من لە منداڵییەوە کڵۆڵم و نزیکە مەرگم، بەرگەی ترسەکانی تۆم گرت و سەرم لێ شێوا.
[16] تووڕەیی تۆ بەسەر مندا تێپەڕی، ترسی بەڵاکانی تۆ وێرانی کردم.
[17] وەک لافاو بە درێژایی ڕۆژ دەوری داوم، لە هەموو لایەکەوە دەوری گرتووم.
[18] دۆست و خۆشەویستەکانت لێ دوورخستمەوە، تاریکی بووە بە نزیکترین هاوڕێم.