[1] زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە، جیهان و ئەوانەی تێیدا دەژین،
[2] چونکە لەسەر دەریاکان بناغەی داناوە و لەسەر ڕووبارەکان دایمەزراندووە.
[3] کێ سەردەکەوێتە سەر کێوی یەزدان؟ کێ لە جێگای پیرۆزی ئەو دەوەستێت؟
[4] ئەوەی دەست پاک و دڵی بێگەرد بێت، ئەوەی مەیلی شتی پووچ نەکات و بە درۆ سوێند نەخوات.
[5] لە یەزدانەوە بەرەکەت بەدەستدەهێنێت، لە خودای ڕزگارکەری بێتاوانکردن.
[6] ئەمەیە ئەو نەوەیەی دوای یەزدان دەکەوێت، ئەوەی ڕوویان لە تۆ دەکەن، ئەی خودای یاقوب.
[7] ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن! ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە، هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
[8] ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟ یەزدانی بەهێز و دەسەڵاتدارە، یەزدانی پاڵەوان لە جەنگ.
[9] ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن! ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە! هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
[10] ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟ یەزدانی سوپاسالار پاشای شکۆمەندییە.