[1] بێگومان خودا چاکە بۆ ئیسرائیل، بۆ دڵپاکەکان.
[2] بەڵام من خەریک بوو پێم بخزێت و زۆری نەمابوو هەنگاوم بخلیسکێت،
[3] چونکە بەغیلیم بە لووتبەرزەکان برد، کە ئاسوودەیی بەدکارانم دی.
[4] چونکە ترسیان لە مردن نییە، جەستەیان تەندروست و قەڵەوە.
[5] لە ڕەنجکێشانی مرۆڤ بەدەرن، وەک خەڵکی تێناکەون.
[6] بۆیە لووتبەرزییان وەک ملوانکە لە مل کردووە و بەرگی توندوتیژییان پۆشیوە.
[7] خراپە لە دڵی بێ بەزەییانەوە دێت، لێکدانەوەی دڵیان بێ سنوورە.
[8] گاڵتەجاڕی دەکەن و بە خراپە دەدوێن، بە لووتبەرزییەوە باسی ستەم دەکەن.
[9] ڕووی دەمیان لە ئاسمان کردووە، زمانیشیان بەسەر زەویدا دەگێڕن.
[10] بۆیە خەڵکی خۆیان دێنە لایان و باوەڕ بە قسەکانیان دەکەن .
[11] دەڵێن: «چۆن خودا دەزانێت؟ ئایا لەلای هەرەبەرز زانیاری هەیە؟»
[12] ئەوەتا ئەمانە بەدکارن، هەمیشە لە خۆشیدان و سامانیان لە زیادبووندایە.
[13] بێگومان بە بێهوودە دڵی خۆمم بە پاکی ڕاگرتووە، دەستیشم بە بێگەردی شوشتووە.
[14] بە درێژایی ڕۆژ لێم قەومابوو، هەتا بەرەبەیان تەمبێ کرابووم.
[15] ئەگەر بە ڕاشکاوی قسەم دەکرد، ئەوا لەگەڵ منداڵەکانت ناپاک دەبووم.
[16] کاتێک ویستم لەمە تێبگەم، بە ئەرکێکی سەختم بینی،
[17] هەتا چوومە ناو پیرۆزگای خودا، ئەوسا لە چارەنووسیان گەیشتم.
[18] بە ڕاستی لە جێگایەکی خلیسک داتناون، تووشی وێرانیت کردوون.
[19] چۆن بە چاوتروکانێک وێران بوون، لە ترسان بە تەواوی لەناوچوون!
[20] ئەی پەروەردگار، وەک خەون کاتی بەئاگا هاتنەوە، لە کاتی بەئاگایی وەک خەون ڕیسوایان دەکەیت.
[21] کاتێک دڵم تەنگ بوو، وەک شمشێر هەناومی بڕی،
[22] گێل و نەزان بووم، لەلای تۆ وەک ئاژەڵم لێهات.
[23] لەگەڵ ئەوەشدا، من هەمیشە لەلای تۆم، دەستە ڕاستی منت گرت.
[24] بە ئامۆژگاریت ڕێنماییم دەکەیت، پاشان بۆ شکۆمەندیم دەبەیت.
[25] لە تۆ بەولاوە لە ئاسمان کێم هەیە؟ ئەگەر لەگەڵ تۆ بم، لەسەر زەویش هیچ نییە ئارەزووی بکەم.
[26] جەستە و دڵم کۆتاییان پێهات، بەڵام هەتاهەتایە هێزی دڵ و بەشی من خودایە.
[27] چونکە ئەوەتا ئەوانەی لە تۆ دوورن وێڵ دەبن، ئەوانەی ناپاکیت لەگەڵ بکەن دوایان دەبڕیتەوە.
[28] بەڵام نزیکبوونەوە لە خودا بۆ من باشە، یەزدانی باڵادەستم کرد بە پەناگام، هەتا باسی هەموو کردەوەکانت بکەم.