Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:03

[1] بەرزت دەکەمەوە، ئەی خودایە، ئەی پاشا، هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.

[2] هەموو ڕۆژێک ستایشت دەکەم، هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.

[3] یەزدان مەزنە و شایانی ستایشێکی زۆرە، مەزنایەتی لە سەرووی تێگەیشتنە.

[4] هەموو نەوەیەک بۆ نەوەی دوای خۆی شایەتی بۆ کارەکانت دەدات، پاڵەوانیێتی تۆ ڕادەگەیەنن.

[5] دەربارەی پایەبەرزی شکۆی پاشایەتیت دەدوێن، هەروەها من لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.

[6] دەربارەی هێزی کردەوە سامناکەکانت دەدوێن، منیش مەزنیت ڕادەگەیەنم.

[7] یادی زۆری چاکەی تۆ هەڵدەڕێژن، گۆرانی بەسەر ڕاستودروستیتدا دەڵێن.

[8] یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە، پشوودرێژە و پڕە لە خۆشەویستی نەگۆڕ.

[9] یەزدان بۆ هەمووان چاکە، بەزەییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.

[10] ئەی یەزدان، هەموو ئەوانەی دروستت کردوون ستایشت دەکەن، خۆشەویستانت ستایشت دەکەن.

[11] دەربارەی شکۆمەندی شانشینەکەت دەدوێن، باسی پاڵەوانیێتی تۆ دەکەن،

[12] تاکو پاڵەوانیێتیت لەلای هەموو ئادەمیزادێک زانراو بێت، هەروەها پایەبەرزی شکۆی شانشینەکەت.

[13] شانشینەکەت شانشینی هەموو سەردەمێکە، فەرمانڕەوایەتیشت بەسەر هەموو نەوەکانەوەیە. یەزدان لە هەموو بەڵێنەکانی دڵسۆزە، خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.

[14] یەزدان پشتگیرە بۆ هەموو کەوتووەکان، ڕاستکەرەوەیە بۆ هەموو ئەوانەی چەماونەتەوە.

[15] چاوی هەمووان هیوای بە تۆیە، تۆش لە کاتی خۆیدا خواردنیان دەدەیتێ.

[16] دەستت دەکەیتەوە و ئارەزووی هەموو زیندووێک تێر دەکەیت.

[17] یەزدان لە هەموو ڕێگاکانی ڕاستودروستە، خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.

[18] یەزدان نزیکە لە هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە، لە هەموو ئەوانەی بە ڕاستییەوە لێی دەپاڕێنەوە.

[19] ئارەزووی هەموو ئەوانە بەجێدەهێنێت کە لێی دەترسن، گوێی لە هاواریان دەبێت و ڕزگاریان دەکات.

[20] یەزدان هەموو ئەوانە دەپارێزێت کە خۆشیان دەوێت، بەڵام هەموو بەدکاران تەفروتونا دەکات.

[21] دەمم بە ستایشی یەزدان دەدوێ، با هەموو کەسێک ستایشی ناوی پیرۆزی بکات، هەتاهەتایە.

زەبوورەکان — Chapters