Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:58

[1] با خودا هەستێت، با دوژمنانی پەرشوبڵاو ببنەوە! با ناحەزانی لە ڕووی هەڵبێن!

[2] وەک بەباکردنی دووکەڵ بەبایان بکەیت، وەک توانەوەی مۆم لەبەردەم ئاگر، با بەدکارانیش لەبەردەم خودا لەناوبچن.

[3] بەڵام با ڕاستودروستان لەبەردەم خودا شاد و دڵخۆش بن، لە خۆشییان شاگەشکە بن.

[4] گۆرانی بۆ خودا بڵێن، مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن، ئەوەی سواری گالیسکەیە بەسەر هەورەکان بەرزی بکەنەوە، ناوی یەزدانە، لەبەردەمی دڵشاد بن.

[5] باوکی هەتیوان و پارێزەری بێوەژنان، خودایە لە چادری پەرستنی پیرۆزی خۆی.

[6] خودا ماڵ بۆ لانەوازان دابین دەکات، بەندکراوەکان ئازاد دەکات، بەڵام یاخییەکان لە خاکێکی سووتاو نیشتەجێ دەبن.

[7] ئەی خودایە، کاتێک تۆ پێشڕەویی گەلەکەتت کرد، کاتێک بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتیت،

[8] زەوی لەرزی و ئاسمان دڵۆپەی کرد لەبەردەم خودا، خودای سینا، لەبەردەم خودا، خودای ئیسرائیل.

[9] ئەی خودایە، بارانێکی چاکت باراند، میراتەکەت ماندوو بوو، تۆ بەهێزت کرد.

[10] کۆمەڵەکەت تێیدا نیشتەجێ دەبن، خودایە، بە چاکەی خۆت، بۆ هەژارانت دابین کرد.

[11] پەروەردگار فەرمانی دا و کۆمەڵی ژنانی مزگێنیدەر زۆرن:

[12] «پاشایان و لەشکرەکانیان بە خێرایی هەڵدێن! ژنەکان کە لە ماڵ ماونەتەوە تاڵان دابەش دەکەن،

[13] تەنانەت ئەوانەشی کە لەناو تەویلەشن، باڵی کۆتری لە زیو هەڵکێشراو و پەڕەمووچەی زێڕی بێگەردیان بەردەکەوێ.»

[14] کە خودای هەرە بە توانا پاشاکانی پەرتەوازە کرد، وەک بارینی بەفر بوو لەسەر کێوی چەلمۆن .

[15] چیای باشان چیای خودایە، چیای باشان چیای فرە لووتکەیە.

[16] ئەی چیا فرە لووتکەکان، بۆچی چاو دەبڕنە ئەو چیایە، کە خودا ئارەزووی دەکات تێیدا نیشتەجێ بێت، بەڵێ، ئەوەی یەزدان هەتاهەتایە تێیدا نیشتەجێیە؟

[17] گالیسکەکانی خودا هەزاران هەزارانە، پەروەردگار لە سیناوە هاتە پیرۆزگا.

[18] ئەی یەزدان، کاتێک بەرزبوویتەوە بۆ بەرزایی، دیلێکی زۆرت لەگەڵ خۆت برد، دیاریت لە خەڵک وەرگرت، تەنانەت لە یاخییەکانیش، ئەی خودایە، بۆ ئەوەی تۆ لەوێ نیشتەجێ بیت.

[19] ستایش بۆ پەروەردگار، بۆ خودای ڕزگاریمان، ڕۆژ بە ڕۆژ بارمان هەڵدەگرێت.

[20] خودا بۆ ئێمە خودای ڕزگارییە، لە مردن دەربازبوونیش لە یەزدانی پەروەردگارەوەیە.

[21] بێگومان خودا سەری ناحەزانی پان دەکاتەوە، تەوقی سەری ئەوانەی بە ڕێگای گوناهدا دەڕۆن.

[22] پەروەردگار دەفەرموێ: «لە باشانەوە دوژمنانت دەهێنمەوە، لە قووڵایی دەریاکانەوە دەیانهێنمەوە،

[23] بۆ ئەوەی پێت بە خوێنیان سوور بێت، زمانی سەگەکانت بەشیان هەبێت لێیان.»

[24] ئەی خودایە، کەژاوەی تۆیان بینی، کەژاوەی خودا و پاشای من بەرەو پیرۆزگا.

[25] گۆرانیبێژەکان لەپێشەوەن و سازلێدەرەکان لە دواوە، کچۆڵە دەف لێدەرەکان لەناوەڕاستیان.

[26] لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی خودا بکەن، ئەی ڕەچەڵەکی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن.

[27] ئەوەتا هۆزی بنیامینی بچکۆڵە پێشەوایانە، کۆمەڵێک سەرکردەی یەهودا، سەرکردەکانی زەبولون و نەفتالی.

[28] ئەی خودایە، تواناکەتمان بۆ دەربخە، ئەی خودایە، پاڵپشتیت دەربخە، هەروەک بۆ ئێمەت کرد.

[29] لە پەرستگاکەتەوە، لە ئۆرشەلیم، پاشاکان دیاریت پێشکەش دەکەن.

[30] سەرزەنشتی گیانداری ناو قامیشەڵان بکە، ڕەوە گا و گوێرەکەی گەلان، تاکو بە ملکەچییەوە پارچە زیو پێشکەش بکات. ئەو گەلانەی حەزیان لە شەڕە، پەرتیان بکە.

[31] باڵوێز لە میسرەوە دێن، کوش دەستی خۆی بۆ خودا درێژ دەکات.

[32] ئەی شانشینەکانی زەوی، گۆرانی بۆ خودا بڵێن، مۆسیقا بۆ پەروەردگار بژەنن،

[33] بۆ سواری ئاسمان، ئاسمانی دێرین، ئەوەتا دەنگی بەرز دەکاتەوە، بە دەنگێکی بەهێزەوە.

[34] با هێزی خودا ڕابگەیەنرێت، ئەوەی شکۆمەندییەکەی بەسەر ئیسرائیلەوەیە، ئەوەی هێزی لەناو هەورەکانە.

[35] خودایە، لە پیرۆزگاکەت سامدارتریت، خودای ئیسرائیل هێز و توانا دەدات بە گەلەکەی. ستایش بۆ خودا!

زەبوورەکان — Chapters