Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 1:20

[1] ئەی خودایە، گوێت لە هاوارم بێت، گوێ لە نوێژەکەم بگرە.

[2] لەوپەڕی زەوییەوە هاوار بۆ تۆ دەکەم، کە دڵم لاواز دەبێت، پێشڕەویم بکە بۆ سەر تاشەبەردێکی لە خۆم بڵندتر.

[3] چونکە تۆ پەناگای منی، قوللەیەکی سەختی لە ڕووی دوژمن.

[4] با هەتاهەتایە لە پیرۆزگای تۆدا نیشتەجێ بم و پەنا بهێنمە ژێر سێبەری باڵەکانت.

[5] ئەی خودایە، چونکە تۆ گوێت لە نەزرەکانم گرت، منت کردە میراتگر لەگەڵ ئەوانەی ترسی ناوی تۆ لە دڵیانە.

[6] درێژە بدە بە ڕۆژانی تەمەنی پاشا، بە ساڵانی تەمەنی بۆ نەوە دوای نەوە.

[7] با هەتاهەتایە لە ئامادەبوونی خودا دانیشێت، دڵسۆزی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ئەو بپارێزن.

[8] ئەوسا هەتاهەتایە گۆرانی بۆ ناوی تۆ دەڵێم، ڕۆژ بە ڕۆژیش نەزرەکانم بەجێدەهێنم.

زەبوورەکان — Chapters