[1] ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە، با هاوارم بگاتە لات.
[2] لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە، لەو ڕۆژەی کە هاوارت بۆ دەکەم گوێم بۆ شل بکە، زوو وەڵامم بدەوە.
[3] ڕۆژگارم وەک دووکەڵ ڕەوییەوە، ئێسکم وەک پشکۆ گڕی گرتووە.
[4] هەڵپڕووکاوە، دڵم وشک بووەتەوە، نانخواردنم لەبیر نەماوە.
[5] لە دەنگی ناڵەم ئێسکم بە پێستمەوە نووساوە.
[6] وەک کوندەپەپووی بیابانی چۆڵەوانیم لێهاتووە، وەک کوندەپەپووی کەلاوەم لێهاتووە.
[7] ڕادەکشێم و وەک چۆلەکەیەکی تەنهای سەربانم لێهاتووە.
[8] بە درێژایی ڕۆژ دوژمنەکانم سووکایەتیم پێ دەکەن، ئەوانەی لە دژی منن وەک شێتیان لێ هاتووە، نەفرەتم لێدەکەن.
[9] بۆیە خۆڵەمێش دەخۆم وەک نان، فرمێسکم تێکەڵ بە خواردنەوەم بووە.
[10] لەبەر تووڕەیی و نەفرەتی تۆ، چونکە هەڵتگرتم و فڕێتدام.
[11] ڕۆژگارم وەک سێبەری خوارە، خۆشم وەک گیا وشک دەبمەوە.
[12] تۆش ئەی یەزدان، هەتاهەتایە لەسەر تەختی، نەوە دوای نەوە یادت دەکەنەوە.
[13] تۆ هەڵدەستیت و بەزەییت بە سییۆن دێتەوە، چونکە ماوەی میهرەبانییە، چونکە کاتی هاتووە.
[14] چونکە خزمەتکارەکانت بە تاسەوەن بۆ بەردەکانی، دڵیان دەسووتێ بۆ خۆڵەکەی.
[15] هەموو نەتەوەکان لە ناوی یەزدان دەترسن، هەموو پاشاکانی زەویش لە شکۆمەندیت.
[16] چونکە کە یەزدان سییۆن بنیاد دەنێتەوە، بە شکۆمەندی خۆی دەبینرێت.
[17] ئاوڕ لە نوێژی ڕووتوڕەجاڵەکان دەداتەوە، نوێژەکانیان بە کەم نازانێت.
[18] ئەمە بۆ نەوەی داهاتوو دەنووسرێت، تاکو ئەو نەوەیە ستایشی یەزدان بکەن، کە هێشتا لەدایک نەبوونە:
[19] «یەزدان لە بەرزایی پیرۆزگای خۆیەوە دەڕوانێتە خوارێ، لە ئاسمانەوە سەیری زەوی دەکات،
[20] بۆ ئەوەی گوێی لە ناڵەی دیلەکان بێت، ئەوانە ئازاد بکات کە دراونەتە دەست مردن.»
[21] جا لە سییۆن ناوی یەزدان ڕادەگەیەنرێت، لە ئۆرشەلیم ستایشی،
[22] کاتێک گەلان و پاشایەتییەکان پێکەوە بۆ پەرستنی یەزدان کۆدەبنەوە.
[23] لە ناوەڕاستی تەمەنم هێزی کزکردم، ڕۆژگاری کورتکردم.
[24] گوتی: «ئەی خودای من، لە ناوەڕاستی ڕۆژگارم لام مەدە، ساڵانی تۆ بۆ نەوە دوای نەوەیە.
[25] لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا، ئاسمانیش دەستکردی تۆیە.
[26] ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت، هەموو وەک کراس کۆن دەبن، وەک جلوبەرگ دەیانگۆڕیت و دەگۆڕدرێن.
[27] بەڵام تۆ هەروەک خۆتی، ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت.
[28] کوڕی خزمەتکارەکانت نیشتەجێ دەبن و نەوەکانیان لەبەردەمت دەچەسپێن.»