Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 1:48

[1] خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لە یاخیبوونەکانی بەخشراوە، گوناهەکانی داپۆشراوە.

[2] خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە یەزدان تاوانی لەسەر ناژمێرێت و لە ڕۆحەکەی بێ فێڵە.

[3] کاتێک دانم بە گوناهەکانمدا نەنا، ئێسقانەکانم پووکانەوە، لە ناڵینم بە درێژایی ڕۆژ.

[4] چونکە بە شەو و بە ڕۆژ، دەستت بەسەر سەرمەوە قورس بوو، تەڕێتیم گۆڕا بۆ وشکی هاوین.

[5] ئینجا لەلای تۆدا داندەنێم بە گوناهم و تاوانم ناشارمەوە. گوتم: «لەلای یەزدان داندەنێم بە یاخیبوونم.» تۆش لە تاوانی گوناهم خۆشبوویت.

[6] بۆیە با هەموو خواناسێک لێت بپاڕێتەوە لە کاتی خۆی بتدۆزێتەوە، بێگومان کە لافاو هەستا، نایگاتێ.

[7] تۆ پەناگای منیت، لە تەنگانە دەمپارێزی و بە سروودی دەربازبوون دەورم دەدەیت.

[8] خودا دەفەرموێت: «من فێرت دەکەم و ڕێنماییت دەکەم بۆ ئەو ڕێگایەی کە دەبێت پێیدا بڕۆیت، ئامۆژگاریت دەکەم و چاودێریت دەکەم.

[9] وەک ئەسپ و هێستر مەبە کە هیچ تێناگەن، بەڵکو دەبێت لغاوی لە دەم بکرێت و جڵەوی ڕابکێشرێت، بۆ ئەوەی لێت نزیک ببێتەوە.

[10] بەدکارەکان ئازاریان زۆرە، بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت، خۆشەویستی نەگۆڕ دەوری دەدات.»

[11] ئەی سەرڕاستەکان، شاد بن بە یەزدان و دڵخۆش بن، ئەی دڵڕاستەکان، گۆرانی بڵێن!

زەبوورەکان — Chapters