[1] گیانم تەنها بە خودا ئارام دەبێت، ڕزگاریشم لەلای ئەوەوە دێت.
[2] تەنها ئەو تاشەبەرد و ڕزگاریمە، پەناگای منە، هەرگیز نالەقێم.
[3] هەتا کەی هێرش دەکەنە سەر مرۆڤێک؟ ئایا هەمووتان وەک دیوارێکی لار تێکی دەدەن، وەک شوورایەکی داڕووخاو؟
[4] تەنها پیلان بۆ ئەوە دەگێڕن کە ئەو لەو پلەوپایەیە بخەن، خۆشییان لە درۆوە دێت. بە دەم داوای بەرەکەت دەکەن، بەڵام لە دڵەوە نەفرەت.
[5] ئەی گیانی من، تەنها بە خودا ئارام بە، چونکە ئومێدی من لەلای ئەوەوە دێت.
[6] تەنها ئەو تاشەبەرد و ڕزگاریمە، پەناگای منە، نالەقێم.
[7] ڕزگاری و شکۆمەندی من بە خوداوە بەندە، تاشەبەردی بەهێزمە، پەناگای منە.
[8] هۆ خەڵکینە، هەموو کاتێک پشت بەو ببەستن، دڵی خۆتانی لەبەردەم هەڵڕێژن، چونکە خودا پەناگای ئێمەیە.
[9] ئادەمیزاد تەنها هەناسەیەکە، مرۆڤ تەنها درۆیەکە، ئەگەر بخرێنە تای تەرازوو هیچ نین، هەموو پێکەوە تەنها هەناسەیەکن.
[10] پشت بە زۆرداری مەبەستن، پۆز بە ماڵی دزراوەوە لێمەدەن. ئەگەر سامانتان زیادی کرد، دڵی خۆتانی پێوە مەبەستن.
[11] جارێک خودا فەرموویەتی، دوو جار بیستوومە : کە هێز هەر هی خودایە،
[12] هەروەها کە خۆشەویستی نەگۆڕ هەر هی تۆیە، ئەی پەروەردگار. بێگومان تۆش، هەرکەسێک بەپێی کردەوەی خۆی پاداشت دەدەیتەوە.