[1] ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد، خێرابە بۆ لام! گوێ لە دەنگم بگرە کە هاوارت بۆ دەکەم.
[2] با نوێژم وەک بخوور لەبەردەمت بچەسپێت، دەست بەرزکردنەوەم وەک قوربانی ئێوارە بێت.
[3] ئەی یەزدان، پاسەوانێک دانێ بۆ دەمم، دەرگای لێوەکانم بپارێزە.
[4] وا مەکە دڵم بەلای خراپەدا بچێت، نەوەک خۆم بە کردەوەی بەد خەریک بکەم، لەگەڵ ئەوانەی بەدکاری دەکەن، لە شتە خۆشەکانی ئەوان ناخۆم.
[5] با پیاوچاک لێم بدات، ئەوە خۆشەویستییە، با سەرزەنشتم بکات، ئەو وەک ڕۆنی بۆنخۆشی سەرە، سەرم لاری نییە، چونکە بەردەوام نوێژەکانم لە دژی خراپەکانیانە.
[6] ڕابەرانیان لە خەرەند فڕێدەدرێنە خوارێ، ئەوسا گوێ لە قسەم دەگرن چونکە ڕاستە.
[7] وەک کێڵان و شەقکردنی زەوی، ئاوا ئێسقانەکانیان لە دەمی گۆڕ پەرت دەکرێن.
[8] چونکە چاوەکانم سەرنجیان لەسەر تۆیە، ئەی یەزدانی پەروەردگار، پەنا دێنمە بەر تۆ، با گیانم نەفەوتێت.
[9] بمپارێزە لەو داوەی بۆیان ناومەتەوە، لە تەڵەی بەدکاران.
[10] با بەدکاران پێکەوە بکەونە تۆڕی خۆیانەوە، لەو کاتەدا من بە ئاسوودەیی بپەڕمەوە.