Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:14

[1] ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

[2] با ئیسرائیل بڵێ: «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»

[3] با بنەماڵەی هارون بڵێن: «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»

[4] با ئەوانەی لەخواترسییان لە دڵدایە بڵێن: «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»

[5] لە تەنگانەدا هاواری یەزدانم کرد، بە دەنگمەوە هات و ئازادی کردم.

[6] یەزدان لەلای منە، ناترسم، مرۆڤ چیم لێ دەکات؟

[7] یەزدان لەلای منە، لەگەڵ یارمەتیدەرانم، سەرکەوتووانە سەیری ئەوانە دەکەم کە ڕقیان لێمە.

[8] پەنابردنە بەر یەزدان باشترە لە پشتبەستن بە مرۆڤ.

[9] پەنابردنە بەر یەزدان باشترە لە پشتبەستن بە میران.

[10] هەموو نەتەوەکان ئابڵوقەیان داوم، بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشیان دەکەم.

[11] ئابڵوقەیان داوم و دەوریان گرتووم، بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشیان دەکەم.

[12] وەک کوورە هەنگ تێم ئاڵاون، وەک ئاگری دڕکوداڵ کوژانەوە، بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشیان دەکەم.

[13] توند پاڵیان پێوەنام بۆ ئەوەی بکەوم، بەڵام یەزدان یارمەتی داوم.

[14] یەزدان هێز و گۆرانی منە، یەزدان بووەتە ڕزگاریی من.

[15] دەنگی هەلهەلە و ڕزگاری دێت لە خێوەتی ڕاستودروستان: «دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات،

[16] دەستە ڕاستی یەزدان بەرز بووەتەوە، دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات.»

[17] من نامرم، بەڵکو دەژیم و باسی کردارەکانی یەزدان دەکەم.

[18] یەزدان بە توندی تەمبێی کردم، بەڵام نەیدامە دەست مەرگ.

[19] دەرگاکانی ڕاستودروستیم لێ بکەنەوە، پێیدا دەچمە ژوورەوە و ستایشی یەزدان دەکەم.

[20] ئەم دەرگایە هی یەزدانە، ڕاستودروستان پێیدا دەچنە ژوورەوە.

[21] ستایشت دەکەم کە فریام کەوتی، بۆم بووی بە ڕزگاری.

[22] ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە بوو بە گرنگترین بەردی بناغە .

[23] ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو، لەبەرچاومان سەیرە.

[24] ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان دروستی کردووە، با تێیدا شاد و دڵخۆش بین.

[25] ئەی یەزدان، تکایە، ڕزگارمان بکە، ئەی یەزدان، تکایە، سەرکەوتوومان بکە.

[26] پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت، لە ماڵی یەزدانەوە داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین.

[27] یەزدان خودامانە و ڕووناکی پێ بەخشیوین. قوربانی جەژن بە گوریس ببەستنەوە بە قۆچەکانی قوربانگا.

[28] تۆ خودای منیت و منیش ستایشت دەکەم، تۆ خودای منیت، بە گەورەت دەزانم.

[29] ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

زەبوورەکان — Chapters