[1] جاڕنامەیەک لە ناخی دڵمە دەربارەی یاخیبوونی بەدکار: ترسی خودای لەبەرچاو نییە.
[2] بە بەرچاوی خۆیەوە خۆی دەڕازێنێتەوە، تاکو هەست بە گوناهی خۆی بکات و ڕقی لێ ببێتەوە.
[3] قسەی دەمی خراپە و تەفرەدانە، دەستبەرداری وریایی و چاکی بووە.
[4] تەنانەت لەناو نوێنیش بیر لە پیلانی خراپە دەکاتەوە، خۆی دەخاتە سەر ڕێگایەک کە باش نییە، هەڵە ڕەت ناکاتەوە.
[5] ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەگاتە ئاسمان، دڵسۆزیت دەگاتە هەورەکان.
[6] ڕاستودروستییەکەت وەک چیا سەرکەشەکانە، دادپەروەرییەکەت وەک دەریا گەورەکەی ژێر زەوییە . ئەی یەزدان، تۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکانیش ڕزگار دەکەیت.
[7] ئەی خودایە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چەند بەنرخە! ئادەمیزاد لەژێر سێبەری باڵەکانت پەنا دەگرن.
[8] بە چەوری ماڵەکەت تێر دەبن، تۆش پێیان دەدەیت لە ڕووباری خۆشییەکانت بنۆشن،
[9] چونکە کانی ژیان لەلای تۆیە، بە ڕووناکی تۆ ئێمە ڕووناکی دەبینین.
[10] بەردەوامی بدە بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ ئەوانەی دەتناسن، بە ڕاستودروستییەکەت بۆ ئەوانەی دڵڕاستن.
[11] با نەکەومە ژێر پێی پیاوی لووتبەرز، دەستی بەدکاران وێڵم نەکات.
[12] ببینە بەدکاران چۆن دەڕووخێن، دەکەون و ناتوانن هەستنەوە!