[1] هەلیلویا! ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
[2] کێ باسی پاڵەوانیێتی یەزدان دەکات؟ کێ بە تەواوی ستایشی ئەو دەکات؟
[3] خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی دادپەروەری پەیڕەو دەکەن، ئەوانەی هەموو کاتێک بە ڕاستودروستی کار دەکەن.
[4] ئەی یەزدان، لە کاتی ڕەزامەندیت لە گەلەکەت یادم بکەرەوە، لە ڕزگارییەکەت بەسەرم بکەرەوە،
[5] بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی هەڵبژێردراوانت ببینم، بۆ ئەوەی بە دڵخۆشی نەتەوەکەت دڵخۆشبم، بۆ ئەوەی لەگەڵ میراتەکەت شانازی بکەم.
[6] ئێمە وەک باوباپیران گوناهمان کرد، خراپەمان کرد و بەدکاریمان کرد.
[7] کاتێک باوکانمان لە میسر بوون، لە پەرجووەکانی تۆ تێنەگەیشتن، یادی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی تۆیان نەکردەوە، بەڵکو یاخی بوون لەلای دەریا، لەلای دەریای سوور ،
[8] بەڵام لەبەر ناوی خۆی ڕزگاری کردن، بۆ ئەوەی پاڵەوانیێتی بزانرێت.
[9] لە دەریای سووری ڕاخوڕی، وشک بوو، بە ناو قووڵاییەکەیدا بردنی، وەک لە بیابان.
[10] لە دەست ناحەز ڕزگاری کردن، لە دەست دوژمن کڕینیەوە.
[11] ئاو دوژمنانی ئەوانەی داپۆشی، کەسیان دەرباز نەبوون.
[12] ئەوسا بڕوایان بە بەڵێنەکانی کرد، گۆرانییان بۆ ستایشی گوت.
[13] بەڵام هەر زوو کردارەکانی ئەویان لەیادچوو، چاوەڕێی ڕاوێژی ئەویان نەکرد.
[14] بەڵکو لە چۆڵەوانی نەوسیان هەستا، لە بیابان خودایان تاقی کردەوە،
[15] ئەوەی داوایان کرد، پێیدان، بەڵام نەخۆشی لەڕی بۆ ناردن.
[16] لە ئۆردوگا بەغیلییان برد بە موسا و بە هارونی تەرخانکراوی یەزدان.
[17] زەوی لێک بووەوە و داتانی قووت دا، بەسەر تاقمەکەی ئەبیرامدا هاتەوەیەک.
[18] ئاگر بەربووە تاقمەکەیان، گڕ بەدکارانی هەڵلووشی.
[19] لە حۆرێڤ گوێرەکەیەکیان دروستکرد، کڕنۆشیان بۆ پەیکەرێکی داڕێژراو برد.
[20] شکۆیان گۆڕییەوە بە پەیکەری گای گیاخۆر.
[21] خودای ڕزگارکەری خۆیان لەبیر کرد، کە لە میسر کاری مەزنی کردبوو،
[22] پەرجووەکان لە وڵاتی حام، کارە سامناکەکان لەلای دەریای سوور.
[23] ئینجا فەرمووی لەناودەچن، ئەگەر موسای هەڵبژاردەی خۆی، لە کەلێنی شووراکە لە بەرامبەری ڕانەوەستابایە، بۆ ئەوەی نەهێڵێ تووڕەیی ئەو دایانبڕزێنێ.
[24] خاکی خۆشیان بە سووک زانی، باوەڕیان بە بەڵێنی ئەو نەکرد.
[25] لەناو خێوەتەکانیاندا کەوتنە بۆڵەبۆڵ، گوێیان لە قسەی یەزدان نەگرت.
[26] ئەویش سوێندی بۆ خواردن، کە لە بیابان بە مردوویی بکەون،
[27] نەوەکانیان لەنێو نەتەوەکان بخات و لە خاکەکان پەرتیان بکات.
[28] پەیوەست بوون بە بەعلی پەعۆرەوە ، ئەو قوربانییانەیان خوارد کە بۆ بتی مردوو کرابوون .
[29] بە کردەوەکانیان یەزدانیان پەست کرد، دەرد بەناویاندا بڵاو بووەوە.
[30] بەڵام فینەحاس هەستا و کەوتە بەینەوە، دەرد ڕاگیرا.
[31] بە ڕاستودروستی بۆی دانرا، نەوە دوای نەوە هەتاهەتایە.
[32] لەلای مێرگی مەریبا یەزدانیان تووڕە کرد و موسا بەهۆی ئەوانە کەوتە ناخۆشی،
[33] چونکە کاتێک ئەوان لە ڕۆحی خودا یاخیبوون، قسەی ناشایستەش لە دەمی موسا دەرچوو.
[34] گەلەکانیان لەناونەبرد، وەک یەزدان فەرمانی پێ کردبوون،
[35] بەڵکو لەگەڵ نەتەوەکان تێکەڵاو بوون، فێری نەریتەکانیان بوون.
[36] بتەکانی ئەوانیان پەرست و بوو بە داو بۆیان.
[37] کوڕ و کچانی خۆیان بۆ بتەکان سەربڕی.
[38] خوێنێکی بێتاوانیان ڕشت، خوێنی کوڕ و کچەکانیان، ئەوانەی بۆ بتەکانی کەنعان سەریان بڕین، زەوی پیس بوو بە خوێن.
[39] گڵاو بوون بە کردەوەکانیان، داوێنپیس بوون بە کارەکانیان.
[40] لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر گەلەکەیدا جۆشا، قێزی لە میراتەکەی بووەوە.
[41] ژێردەستەی نەتەوەکانی کردن، ناحەزانیان بەسەریاندا زاڵبوون،
[42] دوژمنەکانیان تەنگیان پێ هەڵچنین، زەلیلی ژێر دەستیان بوون.
[43] زۆر جار دەربازی کردن، بەڵام بە ئەنقەست یاخیبوون، داڕووخان بە گوناهەکانیان.
[44] بەڵام لە تەنگانەیاندا ئاوڕی لێ دانەوە، کە گوێی لە دەنگی هاواریان بوو.
[45] لە پێناوی ئەوان پەیمانی خۆی هێنایەوە یاد، بەگوێرەی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پاشگەز بووەوە.
[46] وای کرد ئەوانەی بە دیل گرتوویانن، سکیان پێیان بسووتێت.
[47] ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، ڕزگارمان بکە، لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە، بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.
[48] ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە. با هەموو گەل بڵێن: «ئامین!» هەلیلویا!