[1] بۆ ئێمە نا، ئەی یەزدان، بۆ ئێمە نا، بەڵکو بۆ ناوی خۆت شکۆ ببەخشە، لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت.
[2] بۆچی نەتەوەکان بڵێن: «کوا، خودایان لەکوێیە؟»
[3] خودامان لە ئاسمانە، هەرچی حەز بکات، دەیکات.
[4] بتەکانیان زێڕ و زیون، دەستکردی مرۆڤن.
[5] دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن، چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
[6] گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن، لووتیان هەیە، بەڵام بۆن ناکەن،
[7] دەستیان هەیە، بەڵام دەست لە هیچ نادەن، پێیان هەیە، بەڵام ناڕۆن، دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە.
[8] دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن، هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.
[9] ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، پشت بە یەزدان ببەستن. ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
[10] ئەی بنەماڵەی هارون، پشت بە یەزدان ببەستن. ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
[11] ئەی ئەوانەی لەخواترسیتان لە دڵدایە، پشت بە یەزدان ببەستن. ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
[12] یەزدان ئێمەی لەبیرە و بەرەکەتدارمان دەکات، بەرەکەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەبەخشێت، بەرەکەت بە بنەماڵەی هارون دەبەخشێت.
[13] بەرەکەت بەوانە دەبەخشێت کە لەخواترسییان لە دڵدایە، گەورە و بچووکیش.
[14] با یەزدان هەر زیادتان بکات، ئێوە و منداڵەکانتان.
[15] با ئێوە بە یەزدان بەرەکەتدار بن، دروستکەری ئاسمان و زەوی.
[16] ئاسمان ئاسمانی یەزدانە، زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە.
[17] نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن، نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی،
[18] بەڵام ئێمە ستایشی یەزدان دەکەین، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە. هەلیلویا!