[1] لەدەم ڕووبارەکانی بابل، لەوێ دانیشتین، هەروەها گریاین کە سییۆنمان بیر کەوتەوە.
[2] بە شۆڕەبییەکانی ناوەڕاستی قیسارەکانی خۆمان هەڵواسی،
[3] چونکە لەوێ ڕاپێچکەرانمان داوای گۆرانییان لێکردین، چەوسێنەرانمان داوایان کرد دڵخۆشیان بکەین: «گۆرانییەکمان بۆ بڵێن لە گۆرانییەکانی سییۆن.»
[4] چۆن گۆرانی یەزدان بڵێین لە خاکێکی بێگانە؟
[5] ئەی ئۆرشەلیم، ئەگەر لەبیرت بکەم، با دەستە ڕاستەم بەهرەکەی لەبیر بکات.
[6] با زمانم بە مەڵاشوومەوە بنووسێت، ئەگەر یادت نەکەم، ئەگەر ئۆرشەلیم لە سەرووی هەموو خۆشییەکم دانەنێم.
[7] ئەی یەزدان، ئەو ڕۆژەی ئۆرشەلیم کەوت نەوەی ئەدۆمت لەبیر بێت، کاتێک گوتیان: «تەختی بکەن، هەتا بناغە تەختی بکەن!»
[8] ئەی دانیشتووانی بابل کە چارەنووستان لەناوچوونە، دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی تۆڵەتان لێ دەستێنێتەوە، وەک ئەو خراپەی هی ئێمەتان دایەوە!
[9] دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی منداڵەکانتان دەگرێت و بە تاشەبەردیاندا دەدات!