Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:37

[1] ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

[2] «ڕاستە، دەزانم کە وایە. جا چۆن مرۆڤ لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست دەبێت؟

[3] ئەگەر بیەوێت مشتومڕی لەگەڵ بکات، ناتوانێت وەڵامی یەک لە هەزار بداتەوە.

[4] خودا گەورەیە بە دانایی و لە توانادا زۆر بەهێزە. کێ هەیە دژایەتی کردبێت و بە سەلامەتی دەرچووبێت؟

[5] هەژێنەری چیاکانە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، ئەوەی لە کاتی تووڕەییدا سەرەوژێریان دەکات.

[6] زەوی لە جێی خۆی لەق دەکات، جا کۆڵەکەکانی دەخاتە بوومەلەرزە.

[7] فەرمان بە خۆر دەدات، کە هەڵنەیەت، بە ئەستێرەکانیش کە نەدرەوشێنەوە.

[8] خۆی بە تەنها ئاسمانی لێک کردووەتەوە، بەسەر شەپۆلەکانی دەریادا ڕۆیشتووە.

[9] دروستکەری کەلووەکانی ورچ و ڕاوچی و حەوتەوانە و ئەو کەلووانەی کە لە باشووری زەوی دەبینرێن.

[10] کاری مەزنی بەم جۆرەی کردووە کە لە سەرووی بیرکردنەوەن، هێندە پەرجوو کە لە ژماردن نایەن.

[11] کاتێک بەسەرمدا دەڕوات نایبینم، کاتێک تێدەپەڕێت هەستی پێ ناکەم!

[12] ئەگەر شتێکمان لێ بستێنێت کێ دەتوانێت بەرەنگاری بێتەوە؟ کێ پێی دەڵێت: ”ئەوە چی دەکەیت؟“

[13] خودا تووڕەیی خۆی ناگێڕێتەوە، یارمەتیدەرانی ڕەهەڤ لە ژێریدا دەچەمێنەوە.

[14] «ئیتر من چۆن وەڵامی بدەمەوە و چۆن وشە هەڵبژێرم بۆ وەڵامدانەوەی؟

[15] چونکە ئەگەر ڕاستودروستیش بم، ناتوانم وەڵامی بدەمەوە، بەڵکو داوای بەزەیی لە دادوەرم دەکەم.

[16] ئەگەر بانگی بکەم، ئەویش وەڵامم بداتەوە، باوەڕ ناکەم کە گوێی بۆ دەنگم شل بکات،

[17] بەڵکو ئەو بە زریان تێکمدەشکێنێت و بەبێ هۆ برینەکانم زۆر دەکات.

[18] ناهێڵێت هەناسە بدەم، بەڵام لە تاڵی تێرم دەکات.

[19] ئەگەر تاقیکردنەوەی هێز بێت، ئەو بەهێزترینە! ئەگەر کێشەی دادگا بێت، کێ دەتوانێت بانگی بکات؟

[20] ئەگەر بێتاوان بم دەمم تاوانبارم دەکات، ئەگەر بێ کەموکوڕیش بم، دەیسەلمێنێت تاوانبارم.

[21] «هەرچەندە من بێ کەموکوڕیم، بەڵام بایەخ بە ژیانی خۆم نادەم؛ ڕقم لە ژیانم دەبێتەوە.

[22] ”خودا کۆتایی بە چاک و بە خراپ دەهێنێت.“ لەبەر ئەوە گوتم: بەلامەوە هەردووکیان وەک یەکن،

[23] ئەگەر کارەساتی لەناکاو مردن بهێنێت، بە نائومێدی بێتاوان پێدەکەنێت.

[24] کە خاکێک درابێت بە دەست بەدکارەوە، ئەوا پەردە بەسەر ڕووی دادوەرەکانی دادەت، ئەگەر ئەو نەبێت، ئەی کێیە؟

[25] «ڕۆژگارم خێراترە لە کەسێک کە ڕادەکات، گوزەر دەکات و چێژی لێ نابینم.

[26] وەک چۆن کەشتی زەل ڕووبار دەبڕێت هەروەک هەڵۆیەک کە دەنیشێتە سەر نێچیرەکەی.

[27] ئەگەر بڵێم: ”سکاڵاکەی خۆم فەرامۆش دەکەم و واز لە ڕووگرژی دەهێنم و زەردەخەنە دەخەمە سەر لێوەکانم،“

[28] لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو ئازارەکانم دەترسم، چونکە دەزانم بێتاوانم ناکەیت.

[29] من تاوانبار دەکرێم، ئیتر بۆچی بەخۆڕایی خۆم ماندوو بکەم؟

[30] ئەگەر بە بەفراو خۆم بشۆم و دەستەکانم بە ئەسپۆن پاک بکەمەوە،

[31] لەناو چاڵێک ڕیخ نوقومم دەکەیت، تەنانەت جلوبەرگەکەم قێزم لێ دەکەنەوە.

[32] «چونکە ئەو وەک من مرۆڤ نییە هەتا وەڵامی بدەمەوە و لە دادگا ڕووبەڕووی یەک ببینەوە.

[33] خۆزگە ناوبژیوانێک لەنێوانمان دەبوو، دەستی لەسەر هەردووکمان دادەنا،

[34] تاوەکو کوتەکەکەی خودام لەسەر هەڵبگرێت و ترسەکەی نەمتۆقێنێت.

[35] ئەو کاتە قسەم دەکرد و لێی نەدەترسام، چونکە من بەو شێوەیە نیم کە ئەو لێم تێگەیشتووە.»

ئەیوب — Chapters