[1] ئەلیهوش بەردەوام بوو و گوتی:
[2] «ئایا ئەمە بە ڕاست دادەنێیت؟ گوتت: ”ڕاستییەکەی لای منە، نەک لای خودا.“
[3] لەگەڵ ئەوەشدا لێی دەپرسیت: ”چ سوودێکی بۆم هەیە، قازانجی چیم کرد لە نەکردنی گوناه؟“
[4] «من حەز دەکەم وەڵامی تۆ بدەمەوە، وەڵامی تۆ و هاوڕێیەکانیشت دەدەمەوە.
[5] تەماشای ئاسمان بکە و ببینە، تێبینی هەورەکان بکە لە تۆ بەرزترن.
[6] ئەگەر گوناهە بکەیت چیت لێکردووە و ئەگەر یاخیبوونەکانت زۆر بکەیت چیت پێکردووە؟
[7] ئەگەر ڕاستودروست بیت چیت پێیداوە، یان چی لە دەستت وەردەگرێت؟
[8] خراپەکەت بۆ مرۆڤێک دەبێت کە وەک خۆتە و ڕاستودروستیشت بۆ ئادەمیزادە.
[9] «خەڵک لەتاوی زۆرداری هاوار دەکەن، لەبەر ستەمکاران هاواری فریاکەوتن دەکەن.
[10] ناڵێن: ”کوا خودای بەدیهێنەرم، ئەوەی لە شەودا زەبوور دەدات،
[11] ئەوەی فێرمان دەکات زیاتر لە ئاژەڵەکانی زەوی و لە باڵندەکانی ئاسمان داناترمان دەکات؟“
[12] کاتێک خەڵک لە دەست لووتبەرزی خراپەکاران هاوار دەکەن، وەڵام ناداتەوە.
[13] خودا گوێ لە داواکاری پووچیان ناگرێت، توانادارەکە تەماشای ناکات.
[14] ئیتر چۆن گوێ لە تۆ بگرێت ئەگەر بڵێیت کە نایبینیت، داواکارییەکەت لەبەردەمیەتی و دەبێت چاوەڕێی ئەو بکەیت،
[15] هەروەها تووڕەییەکەی هەرگیز سزا نادات و گوێ نادات بە زۆری خراپەکاری.
[16] بەم جۆرە ئەیوب لە هیچ دەمی کردووەتەوە و بەبێ زانین قسەی زل دەکات.»