[1] ئەلیفازی تێمانیش وەڵامی دایەوە:
[2] «ئایا مرۆڤ سوودی بۆ خودا هەیە؟ تەنانەت کەسێکی دانا، ئایا سوودی بۆ خودا هەیە؟
[3] ئایا خۆشی تێدایە بۆ توانادارەکە کە تۆ ڕاستودروست بیت؟ ئەگەر ڕەفتارەکەشت بێ کەموکوڕی بێت، ئایا قازانجی بۆ خودا تێدایە؟
[4] «ئایا لەسەر لەخواترسییەکەت سەرزەنشتت دەکات و تۆ دەداتە دادگا؟
[5] ئایا خراپەکانت زۆر نین و تاوانەکانیشت بێ کۆتایی نین؟
[6] چونکە بەبێ هۆ بارمتەت لە برای خۆت وەرگرت و جلت لەبەر داکەند ڕووتت کردەوە.
[7] ئاوت نەدا بە تینوو و ئامادە نەبووی نان بدەیتە برسی،
[8] هەرچەندە تۆ خاوەن زەوی و پیاوێکی بە توانا بووی، کە وەک کەسێکی ناودار تێدا نیشتەجێ بوو.
[9] بێوەژنانت بە دەستبەتاڵی بەڕێکرد و دەستی هەتیوانت شکاند.
[10] لەبەر ئەوە چواردەورت تەڵەیە و ترسی لەناکاو دەتتۆقێنێت،
[11] لەبەر ئەوەش ئەوەندە تاریک بووە کە نابینیت و لافاوێک داتدەپۆشێت.
[12] «ئایا خودا لە بەرزی ئاسمان نییە؟ سەیری لووتکەی ئەستێرەکان بکە چەند خۆیان بڵند گرتووە!
[13] بەڵام تۆ دەڵێیت: ”خودا چی دەزانێت؟ ئایا لە پشت هەوری ڕەشەوە دادوەری دەکات؟
[14] هەورەکان پەردەن بۆ ئەو ئیتر نامانبینێت کە بەسەر بازنەی ئاسمان هاتوچۆ دەکات.“
[15] ئایا تۆش بەو ڕێگا کۆنەدا دەڕۆیت کە خراپەکاران پێیدا ڕۆیشتوون؟
[16] ئەوانەی پێش وەخت دەستیان بەسەردا گیرا، ڕووبار بەسەر بناغەکەیاندا ڕژا.
[17] ئەوانەی بە خودایان گوت: ”لێمان دوور بکەوە! خودای هەرە بە توانا چیمان لەگەڵ دەکات؟“
[18] بەڵام ئەو بوو کە ماڵەکانی ئەوانی پڕکردووە لە خێروخۆشی، با ڕاوێژی خراپەکاران لێم دوور بێت.
[19] ڕاستودروستان کە وێرانییان دەبینن، دڵخۆش دەبن، بێگەردیش گاڵتەیان پێ دەکات:
[20] ”بێگومان بەرهەڵستکارانمان لەناودەچن و سامانەکەشیان ئاگر دەیخوات.“
[21] «تکایە لەگەڵ خودا ڕێک بکەوە و لە ئاشتی بە، بەمە خێرۆخۆشیت بۆ دێت.
[22] تکایە فێرکردنەکان لە دەمیەوە وەربگرە و قسەکانی بخە دڵتەوە.
[23] ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ لای خودای هەرە بە توانا بنیاد دەنرێیتەوە، ئەگەر ستەم لە چادرەکەت دووربخەیتەوە،
[24] ئەگەر زێڕ فڕێبدەیتە سەر خۆڵ و زێڕی ئۆفیر بۆ ناو بەردی شیوەکان،
[25] ئەو کاتە توانادارەکە دەبێت بە زێڕەکەت و بە زیوی گرانبەها بۆ تۆ.
[26] بێگومان ئیتر خۆشی لە توانادارەکە دەبینیت، ڕووت لە خودا دەکەیت.
[27] نوێژی بۆ دەکەیت و گوێت لێ دەگرێت، نەزرەکانت بەجێدەهێنیت.
[28] بڕیار دەدەیت و بۆت جێبەجێ دەبێت، بەسەر ڕێگاکانت ڕووناکی دەدرەوشێتەوە.
[29] کاتێک خەڵک دەکەون تۆ دەڵێیت: ”هەڵیانبستێنەوە!“ ئەوا خودا ماتومەلوولەکان ڕزگار دەکات.
[30] تەنانەت ئەو کەسەی کە بێگەرد نییە دەربازی دەکات، بەهۆی دەستپاکییەکەت دەرباز دەبێت.»