[1] ئەیوب سەرلەنوێ دەستی بە قسە کردەوە و گوتی:
[2] «خۆزگەم بە مانگەکانی ڕابردوو، بەو ڕۆژانەی کە خودا منی پاراست،
[3] کاتێک چراکەی خۆی لە سەرم هەڵکرد و بە ڕووناکی ئەو بەناو تاریکیدا دەڕۆیشتم!
[4] خۆزگە بەو ڕۆژانەی کە لە هەڕەتی هێز و توانادا بووم، هاوڕێیەتییە گیانی بەگیانییەکەم لەگەڵ خودا چادرەکەی منی بەرەکەتدار کردبوو،
[5] خودای هەرە بە توانا هێشتا لەگەڵم بوو و منداڵەکانیشم لە چواردەورم بوون،
[6] کاتێک پێیەکانم بە شیر دەشوشت، تاشەبەردیش جۆگەکانی زەیتی بۆ هەڵدەقوڵاندم.
[7] «کاتێک بۆ لای دەروازەی شارەکە دەچووم و لە گۆڕەپانەکەدا دیوەخانی خۆم ئامادە دەکرد،
[8] گەنجەکان کە منیان بینی خۆیان دەشاردەوە، پیرانیش لەبەرم هەڵدەستان و ڕادەوەستان؛
[9] پیاوە گەورەکان نەیاندەویست قسە بکەن، دەستیان دەخستە سەر دەمی خۆیان؛
[10] پیاوماقوڵان دەنگیان لێ دەبڕا و زمانیان بە مەڵاشوویانەوە دەنووسا.
[11] ئەوەی گوێی لێم دەبوو ستایشی دەکردم، ئەو چاوەی کە دەیبینی شایەتی بۆ دەدام،
[12] چونکە ئەو هەژارانەی کە هاواریان بۆ دەهێنام و ئەو هەتیوانەی کە بێکەس بوون ڕزگارم دەکردن.
[13] ئەوانەی لە سەرەمەرگدا بوون بەرەکەتیان دەدامێ و دڵی بێوەژنم دەهێنایە قریوە.
[14] ڕاستودروستیم لەبەرکرد و پۆشیم؛ دادپەروەری وەک کەوا و مێزەرەکەم بوو.
[15] بووم بە چاو بۆ نابینایان و بە قاچ بۆ شەلان.
[16] من بۆ نەداران باوکێک دەبووم و بەرگریم لە کەسێک دەکرد کە پێی ئاشنا نەبووم.
[17] کەڵبەی ستەمکارم وردوخاش دەکرد و لەنێو ددانەکانی نێچیرم دەڕفاند.
[18] «جا گوتم: ”لەناو لانەکەی خۆم ڕۆح بەدەستەوە دەدەم و وەک لم ڕۆژگارم زۆر دەبێت.
[19] ڕەگم بەرەو ئاوەکان درێژ دەبێتەوە، بە درێژایی شەو شەونم بەسەر چڵەکانمەوە دەبێت.
[20] شکۆمەندیم بە هەمیشەیی لەگەڵم دەبێت، کەوانەکەم لە دەستم نوێ دەبێتەوە.“
[21] «گوێیان لە من دەگرت و چاوەڕێیان دەکرد لە کاتی ڕاوێژکردنم گوێیان بۆم شل دەکرد.
[22] لەدوای قسەکانم هیچیان لە دەم نەدەهاتە دەرەوە؛ قسەکانم دڵۆپەی بەسەریاندا کرد.
[23] چاوەڕێیان دەکردم وەک چاوەڕێی نمە باران بکەن و دەمیان دەکردەوە وەک بۆ بارانی بەهار.
[24] کاتێک لەگەڵیان ڕووخۆش دەبووم، باوەڕیان نەدەکرد؛ کاتێک ڕازامەندیم پیشان دەدا، چاوەڕێ ئەوەیان نەدەکرد.
[25] ڕێگام بۆیان هەڵدەبژارد و وەک سەرۆک دادەنیشتم؛ وەک پاشایەک لەناو سوپا نیشتەجێ دەبووم، وەک ئەوەی دڵنەوایی شیوەنگێڕان دەداتەوە.