[1] «چاوەکانم هەموو ئەمانەی بینیوە، گوێیەکانم بیستوویانە و تێیان گەیشتووم.
[2] وەک زانینی ئێوە منیش زانیومە؛ من لە ئێوە کەمتر نیم.
[3] بەڵام من لەگەڵ توانادارەکە قسە دەکەم، دەمەوێت لەلای خودا دادگایی بکرێم.
[4] بەڵام ئێوە درۆم بۆ هەڵدەبەستن، هەمووتان پزیشکی بێ کەڵکن.
[5] خۆزگە بە تەواوی بێدەنگ دەبوون! ئەوە بۆتان دەبوو بە دانایی.
[6] ئێستا گوێ لە بەهانەم بگرن و بۆ سکاڵای لێوەکانم گوێ شل بکەن.
[7] ئایا بە دەم خوداوە بەدی دەکەن؟ ئایا بە دەم خوداوە درۆ دەکەن؟
[8] ئایا لایەنگری دەکەن، یان بۆ خودا مشتومڕ دەکەن؟
[9] ئەگەر تاقیتان بکاتەوە، ئایا دەردەچن یان دەتانەوێت وەک مرۆڤ هەڵیبخەڵەتێنن؟
[10] بێگومان سەرزەنشتتان دەکات ئەگەر بە نهێنی لایەنگری بکەن.
[11] ئایا شکۆمەندییەکەی ناتانترسێنێت و ترسی ئەو دەستتان بەسەردا ناکێشێت؟
[12] یادەوەری و پەندەکانتان تەنها خۆڵەمێشە و بەرگرییەکانتان بەرگرییە لە قوڕ.
[13] «لێم بێدەنگ بن، من قسە دەکەم و ئەوەی بەسەرم دێت با بێت!
[14] بۆچی من کێشە بۆ خۆم دروستبکەم، ژیانی خۆم بخەمە مەترسییەوە؟
[15] ئەگەر بشمکوژێت هەر پشتی پێی دەبەستم، لەبەردەمیدا تەنها مشتومڕ لەسەر هەڵسوکەوتم دەکەم.
[16] هەروەها ئەمە بۆ ڕزگاریمە، کە خوانەناس نایەتە بەردەمی.
[17] بە تەواوی گوێ لە قسەکانم بگرن و ئەوەی ڕایدەگەیەنم با گوێتان لێی بێت.
[18] ئەوەتا من بە باشی سکاڵای خۆمم خستووەتە ڕوو، دەزانم ئەستۆپاک دەردەچم.
[19] کێیە ئەوەی مشتومڕم لەگەڵ دەکات، تاکو هەر ئێستا بێدەنگ بم و ڕۆح بەدەستەوە بدەم؟
[20] «ئەی خودا، تەنها بەم دوو کارە پشتگیریم بکە، ئیتر لەبەردەمت ون نابم.
[21] دەستت لێم دووربخەوە و با سامی تۆ نەمترسێنێت.
[22] ئینجا بانگم بکە و من وەڵام دەدەمەوە، یان من قسە دەکەم و تۆ وەڵامم بدەوە.
[23] چەند تاوان و گوناهم هەیە؟ یاخیبوون و گوناهەکەی خۆمم پێ بناسێنە.
[24] بۆچی ڕووی خۆت دەشاریتەوە و بە دوژمنی خۆت دامدەنێیت؟
[25] ئایا گەڵایەکی هەڵوەریو پان دەکەیتەوە؟ ئایا بەدوای پووشی وشکدا ڕادەکەیت؟
[26] چونکە تۆ بە تاڵی لە دژم دەنووسیت و لەسەر تاوانەکانی لاویێتیم سزام دەدەیت.
[27] جا پێیەکانی منت خستووەتە ناو کۆتەوە و چاوت بڕیوەتە هەموو ڕێڕەوەکانم و شوێن پێیەکانم دەپشکنیت.
[28] «وەک دارێکی کلۆر لەناو دەچم، وەک جلێک کە مۆرانە لێی دابێت.