[1] «ئێستا بانگ بکە، بزانە کێ وەڵامت دەداتەوە؟ ڕوو لە کام لە پیرۆزان دەکەیت؟
[2] چونکە قین گێل دەکوژێت و بەغیلیش ساویلکە دەمرێنێت.
[3] من گێلێکم بینی ڕەگی داکوتا، بەڵام لەناکاو ماڵەکەی بە نەفرەت کرا:
[4] با کوڕەکانی لە ئاسوودەیی بەدوور بن، لە دادگا تێکبشکێنرێن و کەس فریایان نەکەوێت.
[5] دروێنەکەیان کەسانی برسی دەیخۆن، ئەگەر لەناو دڕکیش بێت هەر دەیبەن، تینووش سامانەکەی هەڵدەقورتێنێت.
[6] چونکە بەڵا لەناو خۆڵەوە دەرناچێت و چەرمەسەریش لە زەوییەوە ناڕووێت.
[7] بەڵام مرۆڤ بۆ چەرمەسەری لەدایک دەبێت، وەک چۆن پریشکی ئاگر هەڵدەستێت.
[8] «بەڵام ئەگەر من لە جێی تۆ بوومایە داوام لە خودا دەکرد و کێشەی خۆمم دەدایە دەست ئەو.
[9] ئەوەی کارە مەزنەکانی کردووە کە ناپشکێنرێن و کارە سەرسوڕهێنەرەکان کە لە ژماردن نایەن.
[10] ئەوەی باران بەسەر ڕووی زەویدا دەبارێنێت و ئاو بۆ سەر ڕووی دەشتودەر دەنێرێت.
[11] ئەوەی بێفیزەکان بەرزدەکاتەوە، هەروەها خەمبارەکان بەرەو دڵنیایی دەبات.
[12] ئەو تەگبیری تەڵەکەبازان پووچ دەکاتەوە بۆ ئەوەی هیچ کارێک لەسەر دەستی ئەوان سەرکەوتوو نەبێت.
[13] ئەوەی داناکان بە فێڵبازی خۆیانەوە دەگرێت، ڕاوێژی تەڵەکەبازان ڕادەماڵێت.
[14] لە ڕۆژدا تاریکی بەسەریاندا دێت، لە نیوەڕۆشدا بە پەلکوتان دەڕۆن وەک بە شەو.
[15] ئەو نەدار لە دەمی خراپەکار و لە دەستی ستەمکار ڕزگار دەکات.
[16] جا زەلیل بە هیوا دەبێت و ناڕەوا دەمی دادەخات.
[17] «سەرزەنشتکردن لەلایەن خوداوە بەرەکەتە، لەبەر ئەوە تەمبێکردنی خودای هەرە بە توانا ڕەت مەکەرەوە.
[18] چونکە ئەو بریندار دەکات و برینیش ساڕێژ دەکات، وردوخاش دەکات و بە دەستەکانی خۆی دەیگرێتەوە.
[19] لە شەش بەڵا ڕزگارت دەکات و لە حەوتەمیش خراپەت لێ ناکەوێت.
[20] لە قاتوقڕیدا لە مردن دەتکڕێتەوە و لە جەنگیشدا لە دەمی شمشێر.
[21] لە خەنجەری زمان پارێزراو دەبیت، کە وێرانە ڕووت تێ دەکات ناترسیت.
[22] بە وێرانی و قاتوقڕی پێدەکەنیت و لە ئاژەڵە دڕندەکان ناترسیت.
[23] چونکە لەگەڵ بەردەکانی دەشتودەر پەیمانت دەبێت و ئاژەڵە کێوییەکان ئاشتیت لەگەڵ دەبەستن.
[24] جا دەزانیت کە ڕەشماڵەکەت سەلامەتە و سەرژمێری ماڵەکەت دەکەیت و هیچت ون نەبووە.
[25] ئەو کاتە دەزانیت کە منداڵت چەند زۆر دەبن و نەوەکانت وەک گیای زەوی دەبن.
[26] لەوپەڕی تەندروستیدا دەچیتە ناو گۆڕەوە وەک هەڵگرتنی کۆڵێک لە کاتی خۆیدا.
[27] «ئێمە لەمە وردبووینەوە و بینیمان کە ڕاستە، جا تۆش گوێ بگرە و لە ژیانی خۆتدا پەیڕەوی بکە.»