[1] زیو کانی هەیە و بۆ زێڕیش شوێنێک هەیە بۆ پاڵاوتنی.
[2] ئاسن لە خۆڵ دەردەهێنرێت، مسیش لە توانەوەی بەرد.
[3] مرۆڤ کۆتایی بە تاریکی دەهێنێت؛ لەناو تاریکی سێبەری مەرگ بۆ بەردی کانزایی دوورترین کون و کەلەبەرەکان دەپشکنن.
[4] کانێکی لێدا دوور لە خەڵکی، لە شوێنێکی لەبیرکراو لەلایەن ڕێبوارانەوە؛ شۆڕ کرانەوە و دوور لە خەڵکی جۆلانەیان پێکرا.
[5] زەوی ئەوەی کە نانی لێوە دەردەهێنرێت، لە ژێرەوە دەگۆڕدرێت بە چەشنی ئاگر؛
[6] بەردەکانی یاقووتی شینی تێدایە و لە خۆڵەکەیدا زێڕ هەیە.
[7] ڕێگایەک کە مەلە گۆشتخۆرەکان پێی نازانن و چاوی هەڵۆ نایبینێت.
[8] ئاژەڵە دڕندەکان پێیدا نەڕۆیشتوون، شێر پێیدا تێنەپەڕیوە.
[9] مرۆڤ دەستدرێژی دەکاتە سەر بەرد، بنکەی چیاکان دەردەخات.
[10] لە تاشەبەردەکان تونێل دەکات؛ چاوەکانی هەموو شتێکی گرانبەها دەبینێت.
[11] ئاودزی ڕووبارەکان دەپشکنێت و ئەوەی شاراوەیە دەیخاتە بەر ڕووناکی.
[12] بەڵام دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
[13] مرۆڤ نرخەکەی نازانێت و لە خاکی زیندوواندا نادۆزرێتەوە.
[14] قووڵایی ژێر زەوی دەڵێت: «لەناو مندا نییە،» دەریا دەڵێت: «لەلای من نییە.»
[15] دانایی نە زێڕی بێگەرد لە جیاتی دەدرێت و نە بە زیویش نرخەکەی دەکێشرێت.
[16] نە بە زێڕی ئۆفیر و نە بە بەردی عاشقبەندی گرانبەها و نە بە یاقووتی شین دەکێشرێت.
[17] نە زێڕ و نە بلور هاوتایەتی، نە بە دەفرێکی زێڕی بێگەرد دەگۆڕدرێتەوە.
[18] لە پاڵ ئەودا نە مەرجان و نە یەشب باسیان ناکرێت و نرخی دانایی لە یاقووت بەهادارترە.
[19] یاقووتی زەردی کوش هاوتای نابێت و بە زێڕی بێگەرد ناکێشرێت.
[20] ئیتر دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
[21] لەبەرچاوی هەموو زیندووێک شاراوەیە و لەبەرچاوی باڵندەکانی ئاسمان داپۆشراوە.
[22] لەناوچوون و مردن دەڵێن: «بە گوێی خۆمان هەواڵی ئەومان بیست.»
[23] خودا ڕێگاکەی تێدەگات و ئەو شوێنەکەی پێ دەزانێت.
[24] چونکە ئەو تەماشای ئەوپەڕی زەوی دەکات و هەموو ژێر ئاسمان دەبینێت.
[25] کاتێک کێشی بۆ با دروستکرد و ئاوەکانی بە پێوانە پێوا،
[26] کاتێک بۆ باران یاسای دانا و بۆ دەنگی هەورەتریشقەش ڕێگا،
[27] ئەو کاتە دانایی بینی و باسی کرد، ئامادەی کرد و هەروەها تاقی کرد.
[28] بە مرۆڤی فەرموو: «بێگومان دانایی لە لەخواترسییەوەیە و لە خراپە لادانیش لە تێگەیشتنەوەیە.»