[1] دوای ئەمە ئەیوب دەمی کردەوە و نەفرەتی لەو ڕۆژە کرد کە تێیدا لەدایک بووە.
[2] ئەیوب دەستی بە قسە کرد و گوتی:
[3] «با لەناوبچێت ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم، ئەو شەوەش کە گوترا: ”کوڕێک لەدایک بوو!“
[4] با ئەو ڕۆژە تاریک بێت، نە خودا لە سەرەوە بایەخی پێ بدات و نە ڕۆژی بەسەردا هەڵبێت.
[5] با تاریکی و سێبەری مەرگ لەسەری بێت، با هەور دایبگرێت، با ڕۆژ تاریک دابێت و بیتۆقێنێت.
[6] ئەو شەوە، با شەوەزەنگ بیگرێت، لەناو ڕۆژانی ساڵ دڵخۆش نەبێت نەیەتە ناو ژمارەی مانگەکان.
[7] با ئەو شەوە نەزۆک بێت، هاواری خۆشی تێدا نەبێت.
[8] بەر نەفرەتی ئەوانە بکەوێت کە نەفرەت لە ڕۆژگار دەکەن، ئەوانەی ئامادەن لیڤیاتان بەئاگا بهێنن.
[9] با ئەستێرەکانی بەرەبەیان تاریک دابێن، چاوەڕوانی ڕووناکی بێت و نەیەت، با گزنگی بەیان نەبینێت.
[10] چونکە دەرگاکانی سکی لەسەر من دانەخست و چەرمەسەری لە چاوەکانم نەشاردەوە.
[11] «بۆ لە بار دایکم نەچووم، کە لەدایک بووم، بۆ ڕۆحم بەدەستەوە نەدا؟
[12] بۆچی ئەژنۆکان هەڵیانگرتم، بۆ مەمک هەبوو تاکو شیر بدرێم.
[13] چونکە ئێستا ڕاکشابووم و بێدەنگ ببووم، ئەو کاتە بە ئاسوودەیی دەخەوتم،
[14] لەگەڵ پاشایان و ڕاوێژکارانی زەوی، ئەوانەی ئەو کۆشکانەیان بۆ خۆیان بنیاد نا کە ئێستا بوونەتە کەلاوە،
[15] یان لەگەڵ میران کە زێڕیان هەیە، ئەوانەی ماڵەکانیان لە زیو پڕکردووە،
[16] یان وەک لەبارچووێکی لەخاکنراو، ئینجا نەدەبووم، وەک کۆرپەیەک ڕووناکی نەبینیوە.
[17] لەوێ خراپەکاران لە ئاژاوەنانەوە دەوەستن لەوێ ماندووان پشوو دەدەن،
[18] دیلەکان تێکڕا ئاسوودە دەبن، گوێیان لە دەنگی سەرکار نابێت،
[19] لەوێ بچووک وەک گەورە وایە، کۆیلەش ئازادە لە دەستی گەورەکەی.
[20] «بۆ ڕووناکی دەدرێتە ڕەنجدەران و ژیانیش بۆ ئەوەی تاڵاوی تێدایە،
[21] ئەوانەی چاوەڕوانی مردن دەکەن و نییە، لە گەنجینە زیاتر بەدوایدا دەگەڕێن،
[22] هەتا ئەوپەڕی شادمانی دڵخۆشن، دڵشادن کە گۆڕێک دەبیننەوە؟
[23] بۆ ژیان دەدرێتە پیاوێک کە ڕێگای شاردراوەتەوە، خوداش بە چواردەوریدا پەرژینی لێ داوە؟
[24] چونکە ئاخ هەڵکێشانم بووەتە نانی ڕۆژانەم، هەنسکیشم وەک ئاو دەڕژێت.
[25] چونکە ئەوەی دەمتۆقێنێت هاتە سەر ڕێگام، ئەوەی لێی دەترسام بەسەرم هات.
[26] ئاسوودە نەبووم و بێدەنگ نەبووم، پشووم نەدا و ئاژاوە هات.»