[1] ئەلیفازی تێمانیش وەڵامی دایەوە:
[2] «ئایا کەسی دانا بە نەزانی وەڵام دەداتەوە و مێشکی بە شتی هیچوپووچ پڕ دەکات؟
[3] ئایا بە قسەی بێ سوود بەڵگە دێنێتەوە و بەو لێدوانانەی قازانجی لێ ناکات؟
[4] بەڵام تۆ لەخواترسی پێشێل دەکەیت و خەڵک لە خواپەرستی دوور دەخەیتەوە.
[5] بێگومان گوناهەکانت دەمت فێر دەکەن و زمانی تەڵەکەبازی هەڵدەبژێریت.
[6] زمانی خۆت تاوانبارت دەکات، نەک من، لێوەکانت لە دژت شایەتی دەدەن.
[7] «ئایا تۆ یەکەم مرۆڤ بوویت لەدایک بوویت؟ یان لەپێش گردەکانەوە دروستبوویت؟
[8] ئایا لە ئەنجومەنی خودا گوێت گرتبوو؟ ئایا داناییت بە باڵای خۆتدا بڕاندووەتەوە؟
[9] چی دەزانیت کە ئێمە نایزانین، چی تێدەگەیت کە لەلای ئێمە نەبێت؟
[10] پیر و ڕیش سپی وامان لەناودایە، تەمەنی لە باوکت زیاترە.
[11] ئایا دڵنەواییەکانی خودا و بە نەرمی قسەکردن لەگەڵت کەمە؟
[12] بۆچی دڵت دەتبات و بۆچی چاوەکانت دەبریسکێنەوە،
[13] بۆ ئەوەی ڕۆحت لە دژی خودا وەربگێڕیت و قسەی وا لە دەمت بهێنیتە دەرەوە؟
[14] «مرۆڤ کێیە هەتا بێگەرد بێت و لەدایکبوو لە ژن کێیە هەتا ڕاستودروست بێت؟
[15] ئەگەر خودا متمانە بە پیرۆزەکانی خۆی ناکات، کەواتە ئاسمان لەبەرچاوی بێگەرد نییە،
[16] ئیتر مرۆڤ کە ناڕەوایی وەک ئاو دەخواتەوە دەبێت چەند قێزەون و گەندەڵ بێت؟
[17] «من پێت دەڵێم گوێم لێ بگرە، باسی ئەوە دەکەم کە بینیم،
[18] ئەوەی دانایان لە باوباپیرانیانەوە پێیان ڕاگەیەنراوە و ئەوانیش نەیانشاردووەتەوە،
[19] ئەوانەی خاکەکە تەنها بەوان دراوە و هیچ نامۆیەک بەناویاندا تێنەپەڕیوە.
[20] بەدکار ڕۆژانە دەتلێتەوە، ژمارەی ساڵانی ستەمکاریش دیاریکراوە.
[21] دەنگێکی ترسناک لە گوێیەکانیەتی و لە ساتی ئاشتیدا تێکدەر بۆی دێت.
[22] لەو باوەڕەدا نییە لە تاریکی دەگەڕێتەوە؛ چاوەڕوانی شمشێرە.
[23] ئەو وێڵە و دەبێتە نێچیری سیسارکە کەچەڵ، دەزانێت کە ڕۆژی تاریکی نزیکە.
[24] تەنگانە و ئازار دەیتۆقێنن و بەسەریدا زاڵن وەک پاشایەکی ئامادە بۆ پەلاماردان،
[25] چونکە بە تووڕەییەوە دەستی لە خودا ڕادەوەشێنێت، لە دژی خودای هەرە بە توانا پاڵەوانیێتی نواند،
[26] بە کەللەڕەقییەوە بەرەو ئەو ڕایکرد بە قەڵغانە ئەستوور و بەهێزەکەیەوە.
[27] «هەرچەندە دەموچاوی بە چەوری داپۆشی و ناوقەدی خۆی بە پیو ئەستوور کرد،
[28] بەڵام لە شارۆچکەی کاولبوو نیشتەجێ دەبێت، لەو ماڵانەی کەسی تێدا ناژیێت و خەریکن دەبنە کەلاوە.
[29] لەمەودوا دەوڵەمەند نابێت و سامانەکەی جێگیر نابێت، دەستکەوتی لەناو زەویدا بەرفراوان نابێت.
[30] لە تاریکی دەرباز نابێت، کڵپەی گڕێک پۆپکەکانی وشک دەکات و بە فووێکی دەمی نامێنێت.
[31] جێی باوەڕ نابێت بە شتی پووچ وێڵ دەبێت، چونکە شتی پووچ دەبێت بە کرێیەکەی.
[32] پێش ئەوەی ڕۆژی خۆی تەواو بێت، دەفەوتێت و گەڵاکەی سەوز نابێت.
[33] وەک ترێ پەسیرەکانی دەکەوێت و وەک زەیتوون گوڵەکەی هەڵدەوەرێت.
[34] چونکە کۆمەڵی خوانەناسان چۆڵوهۆڵ دەبێت، ئاگریش ڕەشماڵی بەرتیلخۆران دەسووتێنێت.
[35] بە ئاژاوە دووگیان بوون و خراپەیان بۆ لەدایک دەبێت، سکیان پیلانی فێڵ و درۆ پێکدەهێنێت.»