Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:17

[1] «ئایا دەتوانیت لیڤیاتان بە قولاپ ڕاو بکەیت، یان زمانی بە گوریس ببەستیتەوە؟

[2] ئایا دەتوانیت ئەڵقە بخەیتە لووتی یان شەویلاکی بە لووتەوانە بسمیت؟

[3] ئایا زۆر لێت دەپاڕێتەوە یان بە نەرمی قسەت لەگەڵ دەکات؟

[4] ئایا پەیمانت لەگەڵ دەبەستێت کە بە درێژایی ژیانی بیکەیت بە کۆیلەی خۆت؟

[5] ئایا وەک چۆلەکە یاری لەگەڵ دەکەیت یان بۆ کچە منداڵەکانت دەیبەستیتەوە؟

[6] ئایا ڕاوچییەکان کڕین و فرۆشتنی لەسەر دەکەن یان لەنێو بازرگانەکان دابەشی دەکەن؟

[7] ئایا پێستی پڕ دەکەیت لە ڕم و سەریشی پڕ لە تیر؟

[8] دەستت لەسەری دانێ و بیر لە جەنگ بکەرەوە، جارێکی دیکە دووبارەی ناکەیتەوە!

[9] هیوابوون بە گرتنی خەون بینینە، هەر بە بینینی دەتۆقیت.

[10] کەسێک نییە ئەوەندە ئازا بێت بەخەبەری بهێنێت، ئیتر کێ هەیە لە ڕووی مندا بوەستێت؟

[11] کێ شتێکی پێم بەخشیوە تاکو من بیدەمەوە؟ ئەوەی لەژێر هەموو ئاسمانە هی منە.

[12] «بێدەنگ نابم لە باسکردنی ئەندامەکانی جەستەی لیڤیاتان و لە ڕاگەیاندنی هێزی و لە جوانی ئاکاری جەستەی.

[13] کێ دەتوانێت پێستەکەی دابماڵێت؟ کێ دەتوانێت هەردوو لای سپەرەکەی ببڕێت؟

[14] کێ دوو شەویلاکی دەمی دەکاتەوە؟ ڕیزی ددانەکانی ترسێنەرە.

[15] پشتی بە ڕیزێک قەڵغان داپۆشراوە، بە پتەوی بەیەکەوە بەستراوە؛

[16] بە شێوەیەک پێکەوە نووساون کە تەنانەت با بە نێوانیاندا ناڕوات.

[17] هەریەکەیان بەوی تەنیشتیەوە نووساوە؛ پێکەوە بەستراون لێک نابنەوە.

[18] کە دەحیلێنێت بروسکەی ڕووناکی دەدات؛ چاوەکانی وەک گزنگی بەیانن.

[19] لە دەمیەوە بڵێسەی ئاگر دێتە دەرەوە، پریشکی ئاگری لێ دەبێتەوە.

[20] لە کونە لووتییەوە دووکەڵ هەڵدەستێت، هەروەک سووتانی قامیش لەبن مەنجەڵێکی لە کوڵ.

[21] هەناسەی خەڵووز دادەگیرسێنێت، گڕیش لە دەمیەوە دەڕژێت.

[22] هێزەکەی لە ملیدایە، لەبەردەمی هەڵوەستەی لێ دەکەن.

[23] گۆشتەکەی قەدقەد پێکەوە نووساوە، بەسەر لەشیدا داڕێژراوە و ناجوڵێتەوە.

[24] سەرسەختە، بە جەرگ و چاونەوترسە.

[25] کە هەڵدەستێت بەهێزان دەتۆقن، لە ترسی خۆڕاتەکاندنەکەی پەنا دەگرن.

[26] شمشێری بەر دەکەوێت بەڵام نایپێکێت، نە ڕم و نە تیر.

[27] ئاسن لەلای وەک کا وایە، بڕۆنزیش وەک داری کلۆر.

[28] تیری کەوانەکان نایبەزێنن؛ بەردی بەردەقانییەکان بەلایەوە وەک پووشن.

[29] گورز لەلای وەک کایە؛ بە ڕاوەشاندنی ڕم پێدەکەنێت.

[30] ژێری پارچە گۆزەی تیژە، جەنجەڕ بەسەر قوڕدا ڕادەکێشێت.

[31] وا دەکات قووڵایی وەک مەنجەڵ بکوڵێت، دەریا وەک هیزەی زەیت لێ دەکات.

[32] لەدوای خۆی هێڵێکی سپی درەوشاوە بەجێدەهێڵێت، شەپۆلەکان وەک پرچی سپی لێ دەکات.

[33] لەسەر زەوی هاوشێوەی نییە، بۆ نەترسان دروستکراوە.

[34] بە سووکییەوە تەماشای لووتبەرزەکان دەکات؛ پاشای هەموو لەخۆباییەکانە.»

ئەیوب — Chapters