[1] ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
[2] «خۆزگە دەتوانرا خەم و پەژارەکەم بکێشن و هەموو دەرد و بەڵاکەم بخەنە تای تەرازووەوە!
[3] بێگومان لە لمی دەریا قورستر دەبوو، لەبەر ئەوەی بە هەڵەشەیی قسەم کرد.
[4] تیرەکانی خودای هەرە بە توانا لە مندان و ڕۆحم لە ژەهراوەکەیان دەخواتەوە؛ بەڵا تۆقێنەرەکانی خودا لە دژی من ڕیزیان بەستووە.
[5] ئایا کەرەکێوی کە گیای هەبێت دەزەڕێنێت، یان گا لەسەر ئالیکەکەی دەقۆڕێنێت؟
[6] ئایا خواردنێکی بێ تام بەبێ خوێ دەخورێت، یان لینجاوی پاڵپینە تامی هەیە؟
[7] من قێز لەو خواردنانە دەکەمەوە، نەفسم ڕەتیان دەکاتەوە دەستیان لێ بدەم.
[8] «خۆزگە داواکارییەکەم دەهاتە دی و ئەوەی چاوەڕێم دەکرد خودا پێی دەدام،
[9] کە خودا ڕازی بێت وردوخاشم بکات و دەستی لێم بکاتەوە تاوەکو ژیانم ببڕێتەوە!
[10] هەرچەندە ئازارەکانم دەستم لێ ناپارێزن، بەڵام هەتا ئێستاش دڵنەواییەکەم ئەمەیە، کە نکۆڵیم لە وشەکانی خودا پیرۆزەکە نەکردووە.
[11] «هێزی من چییە هەتا چاوەڕوان بم و کۆتاییم چییە هەتا دانبەخۆمدا بگرم؟
[12] ئایا هێزم هێزی بەردە؟ یان گۆشتم بڕۆنزە؟
[13] سەرکەوتن لە من دوورکەوتووەتەوە، ئایا هیچ لە دەسەڵاتی مندا هەیە؟
[14] «ئەگەر کەسێک خۆشەویستی بۆ هاوڕێکەی دەرنەبڕێت، ئەوا ڕێزی خودای هەرە بە تواناشی نەگرتووە.
[15] بەڵام براکانم وەک جۆگەی ئاو پشتیان لێکردم، وەک جۆگەی ناو دۆڵەکان پڕن و بەسەر کەنارەکانیاندا دەڕژێن.
[16] کاتێک لێڵن لەبەر شەختە بەفر تێیاندا دەتوێتەوە،
[17] بەڵام کە دەڕۆن کۆتاییان پێ دێت، کە گەرما داهات لە شوێنی خۆیان وشک دەبن.
[18] کاروانەکان لە ڕێگای خۆیان لا دەدەن، دەچنە ناو چۆڵەوانی و لەناودەچن.
[19] کاروانەکانی تێما بۆی دەگەڕێن، بازرگانەکانی شەبا هیوادارن کە بیدۆزنەوە،
[20] کە هاتنە لای بێ ئومێد بوون، بێزار بوون چونکە متمانەیان پێی کردبوو.
[21] ئێستا ئێوەش وەک ئەوتان لێهاتووە، سوودتان نییە، بینیتان کە چیم بەسەرهاتووە ئێوە تۆقین.
[22] ئایا هیچ کاتێک پێم گوتن: ”شتێکم لە پێناوی من بدەن، بە سامانی خۆتان بمکڕنەوە،
[23] لە دەستی دوژمن دەربازم بکەن، لە دەستی ستەمکار بمکڕنەوە؟“
[24] «فێرم بکەن، من بێدەنگ دەبم، تێمبگەیەنن لە چ شتێک گومڕا بووم!
[25] ئای، قسەی ڕاست چەند بریندارکەرە! بەڵام ئەو بەڵگانەی کە دەیانهێننەوە چی دەسەلمێنن؟
[26] ئایا لەسەر قسەکانم سەرزەنشتم دەکەن، ئەوەی دەیڵێم بە با دەڕوات؟
[27] بەڵکو ئێوە هەتیو دەفرۆشن و چاڵ بۆ هاوڕێی خۆتان هەڵدەکەنن.
[28] «ئێستا باش تێم بڕوانن، چونکە من لە ڕووی ئێوەدا درۆ ناکەم.
[29] تکایە پاشگەز بنەوە! ستەمم لێ مەکەن، ئەگینا ڕاستودروستییەکەم دەخەنە گومانەوە.
[30] ئایا بەدکاری لەسەر زاری منە، یان زمانم تامی خراپەکاری جیا ناکاتەوە؟»