[1] بەسەلئێلیش لە داری ئەکاسیا سندوقەکەی دروستکرد، درێژییەکەی دوو باڵ و نیو و پانییەکەی باڵ و نیوێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک.
[2] ڕووی ناوەوە و دەرەوەی بە تەواوی بە زێڕی بێگەرد ڕووکەش کرد و بە چواردەوریشیدا چوارچێوەی زێڕینی بۆ دروستکرد.
[3] چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ داڕشت و لەسەر چوار پایەکەی دانا، دوو بازنە لەلایەک و دوو بازنەش لەلایەکەی دیکەی.
[4] دوو داریشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن.
[5] دوو دارەکەشی خستە ناو بازنەکانی سەر هەردوو لای سندوقەکە، بۆ هەڵگرتنی سندوقەکە.
[6] قەپاغی کەفارەتیشی لە زێڕی بێگەرد دروستکرد کە دوو باڵ و نیو درێژییەکەی و باڵ و نیوێک پانییەکەی بوو.
[7] دوو کەڕوبی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، بە هەردوو لای قەپاغی کەفارەتی وەکرد.
[8] کەڕوبێکی لەلایەک دروستکرد و کەڕوبەکەی دیکەش لەلایەکەی دیکە، لەگەڵ قەپاغەکەی کەفارەت یەک پارچە دەبن.
[9] کەڕوبەکانیش باڵیان بۆ سەرەوە لێک کردبووەوە، بە باڵەکانیان سێبەریان بەسەر قەپاغی کەفارەتەکەوە کردبوو. کەڕوبەکان ڕووبەڕوو بوون و ڕوویان لە قەپاغی کەفارەتەکە بوو.
[10] مێزەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی دوو باڵ و پانییەکەی باڵێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک بوو.
[11] بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی کرد و چوارچێوەیەکی زێڕینیشی لە چواردەوری دروستکرد.
[12] لێوارێکیشی بە پانی چوار پەنجە لە چواردەوری دروستکرد و چوارچێوەیەکی زێڕینیشی بۆ لێوارەکە لە دەوری دانا.
[13] چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ داڕشت، بازنەکانی لەسەر هەر چوار گۆشەکەی چوار پایەکەی دانا.
[14] بازنەکان لەلای لێوارەکە بوونە گیرە بۆ دوو دار بۆ هەڵگرتنی مێزەکە.
[15] دوو دارەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن بۆ هەڵگرتنی مێزەکە.
[16] قاپوقاچاغەکانی سەر مێزەکەش، لەگەن و قاپەکانی، هەروەها تاس و دۆلکەکانی کە پێیان دەڕژێنرێت بۆ شەرابی پێشکەشکراو لە زێڕی بێگەرد دروستی کردن.
[17] چرادانەکەشی لە زێڕی بێگەرد دروستکرد، ژێر چرادانەکە و قەدەکەی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، کاسەکانی و گرێیەکانی و خونچەکانی لە خۆی بوون.
[18] شەش لقیش لە هەردوو لایەوە دەرچووبوو، سێ لق چرادان لەلایەک و سێ لق چرادان لەلایەکەی دیکە.
[19] سێ کاسەی بادەمی لە لقێک بە گرێ و خونچەوە و سێ کاسەی بادەمی لە لقێکی دیکە بە گرێ و خونچەوە، ئاوا هەتا لقی شەشەم کە لە چرادانەکەوە دەرچووبوون.
[20] هەروەها لە چرادانەکە چوار کاسەی بادەمی بە گرێ و خونچەکانیانەوە هەبوو.
[21] هەر جووتێک لق لە شەش لقەکە گرێیەکیان لەژێر بوو، هەتا شەشەم لق کە لە چرادانەکە دەرچووبوو.
[22] گرێ و لقەکان لە خۆی بوون، هەمووشیان لە زێڕی بێگەردی کوتراو بوون.
[23] حەوت چراشی بۆ دروستکرد، مەقاش و مەقەڵییەکانیشی لە زێڕی بێگەرد بوون.
[24] چرادانەکە و هەموو کەلوپەلەکانی لە تالنتێک زێڕی بێگەرد دروستکرد.
[25] قوربانگاکەی بخووریشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی باڵێک و پانییەکەی باڵێک، چوار گۆشە بوو، بەرزاییەکەشی دوو باڵ بوو، قۆچەکانیش لە خۆی بوون.
[26] بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی کرد، سەرەوەی و دیوارەکانی بە چواردەوریدا لەگەڵ قۆچەکانی، هەروەها چوارچێوەیەکی زێڕینیشی بە چواردەوردا بۆ دروستکرد.
[27] دوو ئەڵقەی زێڕینیشی بۆ دروستکرد، لەژێر چوارچێوەکەیەوە، لەسەر هەردوو لایەکەی، بوونە گیرە بۆ دوو دار بۆ ئەوەی پێیان هەڵبگیرێت.
[28] دوو دارەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن.
[29] زەیتی پیرۆزیان بۆ دەستنیشانکردن دروستکرد، بخوورەکەشیان بۆنخۆش و بێگەرد دروستکرد، کە دەستکردی عەتار بوون.