[1] پیاوێک لە بنەماڵەی لێڤی کچێکی لێڤی هێنا.
[2] ژنەکە سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو، کە بینی منداڵەکە جوانە، سێ مانگ شاردییەوە.
[3] بەڵام کاتێک نەیتوانی لەوە زیاتر بیشارێتەوە، سەبەتەیەکی لە زەل دروستکراوی هێنا و بە قیڕ و زفت سواخی دا و کوڕەکەی لەناو دانا، ئینجا لە کەناری نیل لەناو قامیشەڵان داینا.
[4] خوشکی منداڵەکەش لە دوورەوە وەستا بۆ ئەوەی بزانێت چی لێدێت.
[5] کچی فیرعەونیش بۆ خۆشوشتن هاتە خوارەوە بۆ سەر ڕووباری نیل و کەنیزەکانیشی لەسەر کەناری نیل هاتوچۆیان دەکرد، سەبەتەکەی لەناو قامیشەڵانەکە بینی و کچە خزمەتکارەکەی نارد هەتا بیهێنێت.
[6] ئەویش کردییەوە و تەماشای منداڵەکەی کرد، بینی کوڕێکە و دەگریێ، بەزەیی پێدا هاتەوە و گوتی: «ئەمە یەکێکە لە منداڵی عیبرانییەکان.»
[7] خوشکی منداڵەکەش لە کچی فیرعەونی پرسی: «ئایا بچم ژنێکی شیردەرت بۆ بانگ بکەم لە عیبرانییەکان بۆ ئەوەی شیر بدات بە منداڵەکە؟»
[8] کچی فیرعەونیش وەڵامی دایەوە: «بڕۆ.» کچە عازەبەکەش چوو دایکی منداڵەکەی بانگکرد.
[9] کچی فیرعەونیش پێی گوت: «ئەم منداڵە ببە و شیری بدە بۆم، منیش کرێیەکەت دەدەمێ.» ژنەش منداڵەکەی برد و شیری دایێ.
[10] کاتێک منداڵەکە گەورە بوو، بۆ کچی فیرعەونی هێنایەوە، ئیتر بوو بە کوڕی ئەو و ناوی لێنا «موسا »، گوتی: «چونکە لەناو ئاو هەڵمگرتووەتەوە.»
[11] کاتێک موسا گەورە بوو، ڕۆژێک لە ڕۆژان چووە دەرەوە بۆ لای براکانی و سەیری بارگرانییەکانی کرد، بینی پیاوێکی میسری لە پیاوێکی عیبرانی دەدات، کە لە براکانییەتی.
[12] ئەویش تەماشای ئەم لا و ئەو لای کرد و بینی کەسی لێ نییە، ئیتر میسرییەکەی کوشت و لەناو لم شاردییەوە.
[13] بۆ ڕۆژی دووەم چووە دەرەوە و بینی دوو پیاوی عیبرانی شەڕ دەکەن. لە خەتابارەکەی پرسی: «بۆچی لە هاوەڵەکەت دەدەیت؟»
[14] ئەویش گوتی: «کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟ ئایا دەتەوێ بمکوژیت هەروەک میسرییەکەت کوشت؟» جا موسا ترسا و گوتی: «بێگومان ئەم کارە زانراوە!»
[15] کاتێک فیرعەون گوێی لەمە بوو، هەوڵی دا موسا بکوژێت، بەڵام موسا لە دەست فیرعەون هەڵات و لە خاکی میدیان جێگیر بوو، لەلای بیرێک دانیشت.
[16] کاهینی میدیانیش حەوت کچی هەبوو، هاتن و ئاویان هەڵکێشا، ئاخوڕەکانیان پڕکرد بۆ ئاودانی مەڕەکانی باوکیان.
[17] لەو کاتەدا شوان هاتن و دەریانکردن، بەڵام موسا هەستا و فریایان کەوت و مەڕەکانی ئاودان.
[18] کچەکانیش هاتنە لای ڕەعوئێلی باوکیان، ئەویش لێی پرسین: «بۆچی ئەمڕۆ زوو هاتنەوە؟»
[19] ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوێکی میسری فریامان کەوت لە دەست شوانەکان، هەروەها ئاوی بۆ کێشاین و مەڕەکانیشی ئاو دا.»
[20] ئەویش بە کچەکانی گوت: «ئەی لەکوێیە؟ بۆ پیاوەکەتان بەجێهێشت؟ بانگهێشتی بکەن با نان بخوات.»
[21] موسا ڕازی بوو لەگەڵ ئەو پیاوە بمێنێتەوە. ئەویش چیپۆرەی کچی دایە موسا.
[22] چیپۆرەش کوڕێکی بوو، موساش ناوی لێنا گێرشۆم، چونکە گوتی: «نامۆ بووم لە خاکی بێگانە.»
[23] ئەوە بوو لەو ماوە درێژە، پاشای میسر مرد. نەوەی ئیسرائیلیش ئاهیان هەڵکێشا لە دەست کۆیلایەتی و هاواریان کرد بۆ یارمەتی، گریانەکەیان بەهۆی کۆیلایەتییەوە بۆ خودا بەرزبووەوە.
[24] خوداش گوێی لە ناڵەیان بوو، خودا پەیمانەکەی خۆی لەیاد بوو لەگەڵ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب.
[25] ئیتر خودا ڕوانییە نەوەی ئیسرائیل و بایەخی پێدان.