Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 7:09

[1] «بۆ تەرخانکردنیان هەتا کاهینیێتیم بۆ بکەن ئەمەیان بۆ بکە: یەک جوانەگا و دوو بەرانی ساغ ببە.

[2] هەروەها لە ئاردی گەنمی باش نانی بێ هەویرترش و کولێرەی بە زەیت شێلراو و ناسکە نانی بە زەیت چەورکراو دروستبکە.

[3] بیانخە ناو سەبەتەیەک و بە سەبەتەکەوە لەگەڵ جوانەگاکە و دوو بەرانەکە پێشکەشیان بکە.

[4] هارون و کوڕەکانیشی بهێنە پێش دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و بە ئاو بیانشۆ.

[5] ئینجا جلەکان ببە و لەبەر هارونی بکە، کراسە دامێن درێژەکە، کەوای ئێفۆدەکە، ئێفۆد و بەرسینەکە، ئینجا بە پشتبەستی ئێفۆدەکە بۆی ببەستەوە.

[6] پاشان مێزەرەکە بخە سەری و تاجەگوڵینەی پیرۆزیش بخە سەر مێزەرەکە.

[7] زەیتی دەستنیشانکردن بهێنە و بەسەریدا بکە، بەوە دەستنیشانی بکە.

[8] کوڕەکانیشی بهێنە پێشەوە و کراسی دامێن درێژیان لەبەر بکە و

[9] کەمەربەندیان لە ناوقەد ببەستە. سەرپێچەکان بۆ هارون و کوڕەکانی توند بکە. کاهینیێتی دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆیان و ئەرک بە هارون و کوڕەکانی دەسپێریت.

[10] «جوانەگاکە بهێنە پێش چادری چاوپێکەوتن و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری جوانەگاکە دابنێن.

[11] تۆش لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن جوانەگاکە لەبەردەم یەزدان سەرببڕە.

[12] لە خوێنی جوانەگاکە هەڵبگرە و بە پەنجەت لەسەر قۆچەکانی قوربانگاکەی بدە، هەموو خوێنەکەی دیکەش بڕژێنە بنکەی قوربانگاکە.

[13] هەموو ئەو پیوەش کە هەناوی داپۆشیوە لەگەڵ ئەوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە و هەردوو گورچیلەکە بهێنە و لەسەر قوربانگاکە بیانسووتێنە،

[14] بەڵام کەلەشی جوانەگاکە و پێستەکەی و ڕیخەکەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بە ئاگر بسووتێنە، ئەوە قوربانی گوناهە .

[15] «یەکێکیش لە بەرانەکان بهێنە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دابنێن.

[16] بەرانەکە سەرببڕە و خوێنەکەی هەڵبگرە و بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا بیپرژێنە.

[17] بەرانەکەش پارچەپارچە بکە و هەناو و قاچەکانی بشۆ و بیخە سەر پارچەکانی و سەرەکەی.

[18] هەموو بەرانەکە لەسەر قوربانگاکە بسووتێنە، ئەمە قوربانی سووتاندنە بۆ یەزدان، بۆنی خۆشییە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.

[19] «بەرانەکەی دیکە بهێنە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دابنێن.

[20] بەرانەکە سەرببڕە و لە خوێنەکەی ببە و لە شلکەی گوێی ڕاستی هارون و کوڕەکانی بدە، هەروەها لە پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستیان بدە، پاشان خوێن بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا بپرژێنە.

[21] ئینجا لە خوێنی سەر قوربانگاکە و لە زەیتی دەستنیشانکردنەکە هەڵبگرە و بیپرژێنە بەسەر هارون و جلەکانی و بەسەر کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی. ئینجا خۆی و جلەکانی و کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی پیرۆز دەبن.

[22] «لە بەرانەکە ئەمانە ببە، پیو و دوگ و پیوەکەی هەناوی و سەر جگەر و گورچیلەکان و هەردوو گورچیلە و ڕانی ڕاستی، چونکە ئەمە بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەیە.

[23] هەروەها لە سەبەتەی فەتیرەکە، ئەوەی لەبەردەم یەزدانە، نانێک و کولێرەیەک لەوەی بە زەیتە و ناسکە نانێک ببە.

[24] هەمووی بخە سەر دەستی هارون و کوڕەکانی و لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرزی بکەنەوە.

[25] دواتر لە دەستیان وەریبگرەوە و لەگەڵ قوربانی سووتاندنەکە لەسەر قوربانگاکە بیسووتێنە، بۆنی خۆشییە لەبەردەم یەزدان، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.

[26] لەدوای ئەوەی سنگی بەرانەکەی دیکە بۆ ئەرک پێ سپاردنی کاهینیێتی هارون ببە، وەک قوربانی بەرزکردنەوە لەبەردەم یەزدان بەرزی بکەوە، ئەمەش دەبێتە بەش بۆ تۆ.

[27] «بەشەکانی بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکە کە هی هارون و کوڕەکانییەتی، سنگە بەرزکراوەکە و ڕانە پێشکەشکراوەکە، تەرخان بکە.

[28] ئەمەش دەبێتە بەشێکی چەسپاو بۆ هارون و کوڕەکانی لەلایەن نەوەی ئیسرائیلەوە، چونکە پێویستە نەوەی ئیسرائیل ئەم بەشە پیتاکە لە قوربانی هاوبەشییانەوە بدەنە یەزدان.

[29] «جلوبەرگە پیرۆزەکانی هارونیش لەدوای مردنی خۆی بۆ نەوەکانی دەبێت، تاکو بەو جلانەوە دەستنیشان بکرێن و ئەرکیان پێ بسپێردرێت.

[30] کوڕەکەی، ئەوەی وەک کاهین جێی دەگرێتەوە حەوت ڕۆژ لەبەری دەکات، کاتێک دێتە ناو چادری چاوپێکەوتن بۆ ئەوەی لە شوێنی پیرۆز خزمەت بکات.

[31] «بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەش ببە و گۆشتەکەی لە شوێنێکی پیرۆز لێبنێ.

[32] هارون و کوڕەکانی گۆشتی بەرانەکە و نانی ناو سەبەتەکە لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتن بخۆن.

[33] ئەوانە ئەم قوربانییانە دەخۆن کە بۆ کەفارەتیان کراون بۆ ئەرک پێ سپاردنیان و بۆ تەرخانکردنیان، بەڵام هیچ کەسێکی دیکە لێیان ناخوات، چونکە پیرۆزن.

[34] ئەگەر لە گۆشتی بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەش یان لە نانەکە هەتا بەیانی مایەوە، ئەوا ئەوەی ماوەتەوە بە ئاگر بیسووتێنە و ناخورێت، چونکە پیرۆزە.

[35] «ئاوا بۆ هارون و کوڕەکانی بکە، وەکو هەموو ئەوەی فەرمانم پێکردیت، حەوت ڕۆژ ئەرکیان پێ بسپێرە.

[36] هەموو ڕۆژێک جوانەگایەک پێشکەش بکە وەک قوربانی گوناه بۆ کەفارەت، هەروەها قوربانگاکەش پاک بکەرەوە بەوەی کەفارەتی بۆ دەکەیت، هەروەها بە زەیت تەرخانی بکە.

[37] حەوت ڕۆژ لەسەر قوربانگاکە کەفارەتی بۆ بکە و تەرخانی بکە، جا قوربانگاکە دەبێتە هەرەپیرۆز، هەموو ئەوەی بەر قوربانگاکە بکەوێت پیرۆز دەبێت.

[38] «ئەمەش ئەوەیە کە لەسەر قوربانگاکە پێشکەشی دەکەیت، هەموو ڕۆژێک بە بەردەوامی دوو بەرخی نێری یەک ساڵە.

[39] یەکێک لە بەرخەکان لە بەیانی پێشکەش بکە و بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابوون.

[40] لەگەڵ دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئارد بە چارەکە هەینێک زەیتی زەیتوونی گوشراو شێلرابێت و لە شەرابی پێشکەشکراویش چارەکە هەینێک شەراب، ئەمە بۆ بەرخی یەکەم.

[41] هەروەها بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابوون پێشکەشی بکە، لەگەڵ پێشکەشەکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی، وەک ئەوەی لە بەیانی کردووتە، بۆنی خۆشییە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.

[42] «قوربانی سووتاندنی بەردەوامە بۆ نەوەکانتان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم یەزدان، کە لەوێ لەگەڵتان ژووان دەبەستم بۆ ئەوەی لەوێ لەگەڵت بدوێم.

[43] لەوێ ژووان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل دەبەستم، جا بە شکۆمەندیم پیرۆز دەبێت.

[44] «هەروەها چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە تەرخان دەکەم، هارون و کوڕەکانیشی تەرخان دەکەم بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن.

[45] لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا نیشتەجێ دەبم و بۆیان دەبمە خودا.

[46] جا دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاری خۆیانم، کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان هەتا لەنێویان نیشتەجێ بم. من یەزدانی پەروەردگاری خۆیانم.

دەرچوون — Chapters