[1] «چادری پەرستنیش لە پڵاسی کەتانی ڕستراو دروستبکە، هەروەها بە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزا وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر بکە.
[2] درێژایی هەر پڵاسێک بیست و هەشت باڵ و پانییەکەی چوار باڵ بێت، یەک ئەندازەش بۆ هەموو پڵاسەکان.
[3] پێنج پڵاس پێکەوە ببەستە و پێنجەکەی دیکەش پێکەوە.
[4] ئەڵقە لە ڕیسی مۆر لەسەر لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی یەکەم دروستبکە، هەمان شت بۆ لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی دووەم بکە.
[5] پەنجا ئەڵقە بۆ پڵاسی یەکەم دروستدەکەیت و پەنجا ئەڵقەی دیکەش بۆ لای ئەو پڵاسەی کە لە پارچەکەی دووەمە، ئەڵقەکانیش بەرامبەر یەکتری بن.
[6] پەنجا فاقی زێڕیش دروستبکە. بە فاقەکان پڵاسەکان هەریەکە و لەوەی تەنیشتی ببەستەوە. ئیتر چادری پەرستن دەبێتە یەک پارچە.
[7] «ڕەشماڵێک لە یازدە پڵاس لە مووی بزن دروستبکە و سەری چادری پەرستنی پێ بگرە،
[8] درێژایی هەر پڵاسێک سی باڵ و پانی چوار باڵ بێت، یەک ئەندازەش بۆ هەر یازدە پڵاسەکە.
[9] پێنج لە پڵاسەکان پێکەوە ببەستەوە و شەشەکەی دیکەش پێکەوە، پڵاسی شەشەمیش بەڕووی چادرەکەدا بنووشتێنەوە.
[10] پەنجا ئەڵقە لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی یەکەم دروستبکە، پەنجا ئەڵقەش لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی دووەم.
[11] پەنجا فاقی بڕۆنزیش دروستبکە و فاقەکان بخە ناو ئەڵقەکان، چادرەکە پێکەوە ببەستەوە و دەبێتە یەک پارچە.
[12] ئەوەش کە شۆڕدەبێتەوە و لە پڵاسەکانی چادرەکە دەمێنێتەوە، نیوەی ئەو پڵاسەی دەمێنێتەوە بەسەر کۆتایی چادرەکەی پەرستندا شۆڕی بکەوە.
[13] باڵێک لەم لا، باڵێک لەو لا لەوەی دەمێنێتەوە لە درێژایی پڵاسی چادرەکە شۆڕ بکرێنەوە بەسەر دوو لای چادرەکەی پەرستندا، لەم لاو لەو لاوە بۆ داپۆشینی.
[14] پۆشەرێکیش لە پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور بۆ چادرەکە دروستبکە، پۆشەرێکیش لە پێستی مانگای دەریا لە سەرەوە.
[15] «چوارچێوەش لە داری ئەکاسیا بە ستوونی بۆ چادرەکەی پەرستن دروستبکە.
[16] درێژایی هەر چوارچێوەیەک دە باڵ و پانی باڵ و نیوێک بێت.
[17] دوو زمانەش بۆ هەر چوارچێوەیەک دروستبکە بۆ جووتکردنی لەگەڵ چوارچێوەکەی تەنیشتی، بۆ هەریەک لە چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن ئاوا بکە.
[18] چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستنیش، بیستیان لەلای باشوور دروستبکە،
[19] چل بنکەی زیویش لەژێر بیست چوارچێوەکە دروستبکە، دوو بنکە لەژێر هەر چوارچێوەیەک بۆ دوو پێچکەکەی.
[20] بیست چوارچێوەی بۆ لای باکووری چادرەکەی پەرستن دروستبکە.
[21] چل بنکەی زیویشی هەبێت، دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک و دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەکی دیکە.
[22] بۆ پشتی چادرەکەی پەرستنیش بەرەو ڕۆژئاوا شەش چوارچێوە،
[23] دوو چوارچێوەش بۆ گۆشەکانی دواوەی چادرەکەی پەرستن دروستبکە.
[24] دەبێت لە خوارەوە جووت بن و هەتا سەرەوە یەک بن، هەتا بازنەکەی سەرەوە، بۆ هەردوو گۆشەکە ئاوا بن.
[25] ئینجا دەبێتە هەشت چوارچێوە و بنکە زیوەکانیشیان شازدە دەبێت، هەردوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک و دوو بنکەی دیکەش لەژێر چوارچێوەیەکی دیکە.
[26] «هەروەها پێنج کاریتە لە داری ئەکاسیا بۆ چوارچێوەکانی لایەکی چادرەکەی پەرستن دروستبکە،
[27] پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لایەکەی دیکەی چادرەکەی پەرستن، پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لای دواوەی چادرەکەی پەرستن لەلای ڕۆژئاوا.
[28] کاریتەکەی ناوەڕاستیش بەنێو چوارچێوەکاندا تێبپەڕێت لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر.
[29] چوارچێوەکانیش بە زێڕ ڕووکەش بکە و بازنەکانیشی کە کاریتەکانی دەچنە ناو لە زێڕ دروستبکە، کاریتەکانیش بە زێڕ ڕووکەش بکە.
[30] «چادرەکەی پەرستنیش لەسەر ئەو نەخشەیە هەڵبدە کە لە کێوەکە پیشانت دراوە.
[31] «پەردەیەکیش لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستبکە، بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزاش وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر دروستبکە.
[32] بیخە سەر چوار کۆڵەکەی لە داری ئەکاسیا دروستکراو و بە زێڕ ڕووکەشکراو، قولاپەکانیشیان لە زێڕ بێت، لەسەر چوار بنکەی زیو بن.
[33] چەند فاقێکیش بەلای سەرەوەی پەردەکەوە بکە و سندوقی پەیمانیش بهێنە ئەوێ بۆ دیوی ژوورەوەی پەردەکە. پەردەکە شوێنی پیرۆز و شوێنی هەرەپیرۆز لە یەکتری جیا دەکاتەوە بۆتان.
[34] قەپاغی کەفارەتیش لەسەر سندوقی پەیمان لە شوێنی هەرەپیرۆز دابنێ.
[35] مێزەکەش لە دەرەوەی پەردەکە دابنێ و چرادانەکەش بەرامبەر مێزەکە لەلایەکی چادرەکەی پەرستن لەلای باشوور دابنێ و مێزەکەش لەلای باکوور.
[36] «پەردەی دەروازەش بۆ دەرگای چادرەکە لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستبکە، چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک.
[37] بۆ پەردەی دەروازەکەش پێنج ستوونی لە داری ئەکاسیا و بە زێڕ ڕووکەشکراو دروستبکە، قولاپەکانیشیان لە زێڕ بن و پێنج بنکەی بڕۆنزیشیان بۆ دابڕێژە.