Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:12

[1] ئینجا موسا و نەوەی ئیسرائیل ئەم سروودەیان بۆ یەزدان گوت: «سروود بۆ یەزدان دەڵێم، چونکە شکۆمەندانە سەرکەوت، ئەسپ و سوارەکەی فڕێدایە ناو دەریا.

[2] «هێز و سروودم یەزدانە، بووە بە ڕزگاری بۆم. ئەمە خودامە و شکۆداری دەکەم، خودای باوکمە و بە گەورەی دەزانم.

[3] یەزدان پیاوی جەنگە، ناوی یەزدانە.

[4] گالیسکەکانی فیرعەون و سوپاکەی فڕێدایە ناو دەریا، هەڵبژاردەی ئەفسەرەکانی لە دەریای سوور نوقوم بوون،

[5] قووڵایی دایپۆشین، کەوتنە بنەوە وەک بەرد.

[6] دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان، بەتوانایە بۆ شکۆمەندیت. دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان، دوژمن تێکدەشکێنێت.

[7] «بە مەزنی و پایەبەرزیت بەرهەڵستەکانت پێشێل دەکەیت، جۆشی تووڕەییت دەبارێنیت وەک پووش دەیانخوات.

[8] بە بای لووتت ئاوەکان گرد بوونەوە، ئاوەڕۆکان وەک گرد وەستان، قووڵاییەکان لەناو دەریا بەستیان.

[9] دوژمن گوتی: ”دوایان دەکەوم، پێیان دەگەم، تاڵان دابەش دەکەم، گیانم لێیان تێر دەبێت، شمشێرەکەم ڕادەکێشم، دەستم لەناویان دەبات.“

[10] بەڵام بە بای خۆت فووت کرد، دەریا دایپۆشین، ڕۆچوون وەک قورقوشم، لە ئاوێکی مەزن.

[11] ئەی یەزدان، کێ لەنێو خوداوەندەکان وەک تۆیە؟ کێ وەک تۆ پایەبەرزە لە پیرۆزی، سامناک لە شکۆمەندی، دروستکەری کاری سەرسوڕهێنەر؟

[12] «دەستی ڕاستت درێژکرد، زەوی قووتی دان.

[13] ئەو گەلەی کڕیتەوە، بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ڕابەرایەتی دەکەیت، بە هێزی خۆت ڕێنمایی دەکەیت، بۆ نشینگەی پیرۆزت.

[14] گەلان گوێیان لێ دەبێت و دەلەرزن، دانیشتووانی فەلەستیە ژان دەیانگرێت.

[15] سەرکردەکانی ئەدۆم سەرسام دەبن، ڕابەرەکانی مۆئاب لەرز دەیانگرێت، هەموو دانیشتووانی کەنعان دەتوێنەوە.

[16] سامناکی و تۆقین دێتە سەریان. ئەی یەزدان، بە هێزی بازووت وەک بەرد لە شوێنی خۆیان دەچەقن، هەتا ئەوەی گەلەکەت دەپەڕێتەوە، هەتا ئەو گەلەی کڕیوتە دەپەڕێتەوە.

[17] دەیانهێنیت و دەیانچێنیت لە کێوی میراتت، ئەو شوێنەی بۆ نیشتەجێی خۆت دروستت کرد ئەی یەزدان، ئەی پەروەردگار، ئەو پیرۆزگایەی کە دەستەکانت دایمەزراند.

[18] «یەزدان پاشایەتی دەکات بۆ هەتاهەتایە.»

[19] کاتێک ئەسپی فیرعەون بە گالیسکە و سوارەکانیەوە بۆ ناو دەریا هات، یەزدانیش ئاوی دەریای هێنایەوە سەریان، بەڵام نەوەی ئیسرائیل بەسەر وشکانیدا بە ناوەندی دەریادا ڕۆیشتن.

[20] ئینجا مریەمی پێغەمبەر کە خوشکی هارون بوو، دەستی دایە دەف و هەموو ئافرەتەکانیش بە دەف و سەماوە بەدوایەوە ڕۆیشتن.

[21] مریەمیش سروودی بۆ گوتن: «سروود بۆ یەزدان بڵێ، چونکە شکۆمەندانە سەرکەوت، ئەسپ و سوارەکانی فڕێدایە ناو دەریا.»

[22] ئینجا موسا کۆچی بە نەوەی ئیسرائیل کرد و لە دەریای سوورەوە پەڕینەوە بۆ چۆڵەوانی شوور، سێ ڕۆژ بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتن و ئاویان نەدۆزییەوە.

[23] کاتێک هاتنە مارا، نەیانتوانی ئاوەکەی ئەوێ بخۆنەوە، چونکە تاڵ بوو، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە ناونراوە مارا.

[24] جا گەل بۆڵەبۆڵیان لەسەر موسا کرد و گوتیان: «چی بخۆینەوە؟»

[25] موساش هاواری بۆ یەزدان کرد، یەزدانیش دارێکی پیشان دا و ئەویش فڕێیدایە ناو ئاوەکە، ئیتر ئاوەکە سازگار بوو. لەوێ یەزدان فەرز و یاسای بۆ دانان و لەوێش تاقی کردنەوە.

[26] فەرمووی: «ئەگەر بە باشی گوێ لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارت بگریت و ئەوەی ڕاستە لەبەرچاوی بیکەیت و گوێ بۆ فەرمانەکانی شل بکەیت و هەموو فەرزەکانی بەجێبهێنیت، هیچ نەخۆشییەک لەوانەی خستمە سەر میسرییەکان نایخەمە سەر تۆ، چونکە من یەزدانم، ئەوەی چاکت دەکاتەوە.»

[27] ئینجا هاتنە ئێلیم، لەوێ دوازدە کانیاو و حەفتا دار خورمای لێبوو، ئیتر لەوێ لەلای ئاوەکان لایاندا.

دەرچوون — Chapters