[1] «ئەمانەش ئەو یاسایانەیە کە لەبەردەمیان دایدەنێیت:
[2] «ئەگەر کۆیلەیەکی عیبرانیتان کڕی ئەوا شەش ساڵ خزمەت دەکات و ساڵی حەوتەم بەخۆڕایی ئازاد دەبێت.
[3] ئەگەر بە تەنها هاتبوو ئەوا بە تەنها ئازاد دەبێت، بەڵام ئەگەر مێردی ژنێک بوو ئەوا ژنەکەشی لەگەڵی ئازاد دەبێت.
[4] ئەگەر گەورەکەی ژنێکی پێدابێت و ژنەکە کوڕ یان کچی بۆی بووبێت، ئەوا ژن و منداڵەکان بۆ گەورەکەی دەبن و ئەو بە تەنها ئازاد دەبێت.
[5] «بەڵام ئەگەر کۆیلەکە بە ڕاستی بڵێت: ”گەورەکەم و ژنەکەم و منداڵەکانم خۆشدەوێت و ئازاد نابم،“
[6] ئەوا گەورەکەی پێویستە بیباتە پێش خودا. ئینجا نزیکی دەکاتەوە لە دەرگاکە یان لەلایەکی چوارچێوەی دەرگاکە، گەورەکەی بە درێشە گوێی کون دەکات، ئەویش هەتاهەتایە خزمەتی دەکات.
[7] «ئەگەر پیاوێک کچەکەی خۆی فرۆشت وەک کۆیلە، ئەوا وەک پیاوێکی کۆیلە ئازاد نابێت.
[8] ئەگەر کچەکە نەبێتە جێی ڕەزامەندی گەورەکەی، کە نیشانی کردووە بۆ خۆی، ئەوا دەبێت ڕێ بە کچەکە بدات بکڕدرێتەوە. ئیتر مافی فرۆشتنی نییە بە خەڵکێکی بێگانە، چونکە لەگەڵ کچەکە بێوەفا بووە.
[9] ئەگەر کچەکەی نیشان کرد بۆ کوڕەکەی ئەوا پێویستە وەک کچی خۆی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکات.
[10] ئەگەر ژنێکی دیکەی هێنا، ئەوا پێویستە خواردن و بەرگ و جووتبوونی لەگەڵ ئەو کەم نەکاتەوە.
[11] ئەگەر یەکێک لەو سێیانەی بۆ نەکرد، ئەوا کەنیزەکە بەخۆڕایی ئازاد دەبێت.
[12] «ئەوەی لە کەسێک بدات و بیمرێنێت ئەوا دەبێت بکوژرێت.
[13] بەڵام ئەوەی مەبەستی نەبوو، بەڵکو خودا هێشتی ڕوو بدات، ئەوا من شوێنێکت بۆ دیاری دەکەم هەتا هەڵبێت بۆ ئەوێ.
[14] بەڵام ئەگەر یەکێک فێڵ لە برادەرەکەی بکات و بیکوژێت، ئەوا لەلای قوربانگاکەمەوە دەیبەیت بۆ کوشتن.
[15] «ئەوەی لە دایک و باوکی بدات، ئەوا دەبێت بکوژرێت.
[16] «ئەوەی کەسێک بڕفێنێت و بیفرۆشێت یان لەلای بیبیننەوە، ئەوا دەبێت بکوژرێت.
[17] «ئەوەی نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت.
[18] «کاتێک دوو پیاو ناکۆکییان دەبێت و یەکێکیان بە بەرد یان بە مست لە برادەرەکەی بدات و نەمرد بەڵکو لە جێگا کەوت،
[19] ئەگەر هەستایەوە و لە دەرەوە بە گۆچانەکەی ڕۆیشت، ئەوا ئەوەی لێیداوە بێتاوان دەبێت، تەنها قەرەبووی ئەو کاتەی بۆ بکاتەوە و خەرجی چارەسەرییەکەی بدات، هەتا بە تەواوی چاک دەبێتەوە.
[20] «کاتێک یەکێک لە کۆیلەکەی یان لە کارەکەرەکەی بدات بە دار و لەژێر دەستی مرد، ئەوا سزا دەدرێت،
[21] بەڵام ئەگەر لەدوای ڕۆژێک یان دووان چاک بووەوە ئەوا سزا نادرێت، چونکە ماڵی خۆیەتی.
[22] «ئەگەر چەند پیاوێک شەڕیان کرد و بە ڕێککەوت لە ژنێکی سکپڕیان دا و بەهۆیەوە منداڵەکەی پێش کاتی خۆی لەدایک بوو، بەڵام زیانی کوشندەی نەبوو، ئەوا بێگومان بەگوێرەی دادگا سزای ماددی دەدرێت، بەپێی ئەوەی مێردی ژنەکە لەسەری دادەنێت.
[23] بەڵام ئەگەر زیانی کوشندەی هەبێت، ئەوا گیان لە جێی گیان دەبێت،
[24] چاو بە چاو، ددان بە ددان، دەست بە دەست، پێ بە پێ،
[25] سووتان لە جێی سووتان، برین لە جێی برین و لێدان لە جێی لێدان.
[26] «کاتێک یەکێک لە چاوی کۆیلەکەی یان چاوی کارەکەرەکەی دا و کوێری کرد، ئەوا ئازادی دەکات لە جیاتی چاوی.
[27] ئەگەر ددانی کۆیلەکەی یان کارەکەرەکەی کەوت، ئەوا ئازادی دەکات لە جیاتی ددانی.
[28] «ئەگەر گایەک قۆچی لە پیاوێک یان لە ژنێک دا و مرد، ئەوا گایەکە بەردباران دەکرێت و گۆشتەکەشی ناخورێت. بەڵام خاوەنی گایەکە بێتاوان دەبێت.
[29] بەڵام ئەگەر گایەکە پێشتر قۆچوەشێن بێت، خاوەنەکەی ئاگادار کرابێتەوە بەڵام لە پشتیرەکە بەندی نەکردبێت، پیاوێک یان ژنێکی کوشت، ئەوا گایەکە بەردباران دەکرێت و خاوەنەکەشی دەکوژرێت.
[30] ئەگەر نرخ بخرێتە سەری، ئەوا بۆ کڕینەوەی ژیانی خۆی هەرچی بکەوێتە سەر دەبێت بیدات.
[31] یان قۆچ لە کوڕێک یان لە کچێک بدات، ئەوا ئەم حوکمەی لەسەر جێبەجێ دەکرێت.
[32] ئەگەر گایەکە قۆچ لە کۆیلەیەک یان کارەکەرێک بدات، ئەوا گەورەکەی سی شاقل زیو دەدات و گایەکەش بەردباران دەکرێت.
[33] «کاتێک کەسێک سەری بیرێک دەکاتەوە یان بیرێک لێدەدات و سەرەکەی دانەپۆشێت، گایەک یان گوێدرێژێک بکەوێتە ناوی،
[34] ئەوا خاوەن بیرەکە قەرەبوو دەداتەوە و زیو دەداتە خاوەنەکەی، ئاژەڵە مردارەوەبووەکەش یان تۆپیوەکە بۆ ئەو دەبێت.
[35] «ئەگەر گای کەسێک لە گای برادەرەکەی دا و کوشتی، ئەوا گایە زیندووەکە دەفرۆشن و نرخەکەی بەش دەکەن، هەروەها گایە مردارەوەبووەکەش دابەش دەکەن.
[36] ئەگەر زانراش کە گایەکە پێشتر قۆچوەشێن بووە و خاوەنەکەی لە پشتیرەکە بەندی نەکردووە، ئەوا خاوەن گا قۆچوەشێنەکە دەبێت گایەک لە جێی گایەک بدات و تەنها گایە مردارەوەبووەکەش وەربگرێت.