[1] ئینجا بە موسای فەرموو: «سەربکەوە بۆ لای یەزدان، خۆت و هارون و ناداب و ئەبیهو و حەفتا لە پیرانی ئیسرائیل، لە دوورەوە کڕنۆشی بۆ ببەن.
[2] بەڵام تەنها موسا لە یەزدان نزیک دەبێتەوە و ئەوانی دیکە نزیک ناکەونەوە، خەڵکەکەش لەگەڵی سەر ناکەون.»
[3] موساش هات و هەموو وشەکانی یەزدان و هەموو یاساکانی بۆ خەڵکەکە گێڕایەوە، هەموو گەلیش بە یەک دەنگ وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «هەموو ئەو وشانەی یەزدان فەرموویەتی دەیکەین.»
[4] موساش هەموو وشەکانی یەزدانی نووسی. بەیانی زوو هەستا و قوربانگایەکی لەبن کێوەکە بنیاد نا لەگەڵ دوازدە ستوون بۆ دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل.
[5] لاوانی نەوەی ئیسرائیلیشی نارد و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان لە جوانەگاکان بۆ یەزدان پێشکەش کرد.
[6] موسا نیوەی خوێنەکەی لەناو جامێک کرد و نیوەکەی دیکەشی بەسەر قوربانگاکەدا پرژاند.
[7] ئینجا پەڕتووکی پەیمانەکەی هەڵگرت و بۆ گەلی خوێندەوە، ئەوانیش گوتیان: «هەموو ئەوەی یەزدان فەرموویەتی دەیکەین و گوێی لێ دەگرین.»
[8] ئینجا موسا خوێنەکەی هەڵگرت و بەسەر گەلدا پرژاندی و گوتی: «ئەمە خوێنی ئەو پەیمانەیە کە یەزدان لەگەڵتانی بەستووە بەگوێرەی ئەم وشانە.»
[9] دواتر موسا و هارون و ناداب و ئەبیهو و حەفتا لە پیرانی ئیسرائیل سەرکەوتن و
[10] خودای ئیسرائیلیان بینی، لەژێر پێیەکانی شتێکی وەک بەردڕێژکراویان بینی بە بەردی یاقووتی شین و وەک ئاسمانی ساماڵ لە بێگەردی.
[11] بەڵام دەستی بۆ پیاوماقوڵانی نەوەی ئیسرائیل درێژ نەکرد. خودایان بینی، ئینجا خواردیان و خواردیانەوە.
[12] یەزدان بە موسای فەرموو: «سەربکەوە بۆ لام بۆ کێوەکە و لەوێ بە، دوو تەختە بەردت دەدەمێ، فێکردنەکان و فەرمانەکانی تێدایە کە بۆ فێرکردنیان نووسیومە.»
[13] ئینجا موسا و یەشوعی یاریدەدەری هەستان، موسا بۆ کێوی خودا سەرکەوت.
[14] بە پیرانیشی گوت: «لێرە چاوەڕێمان بکەن هەتا دەگەڕێینەوە لاتان، ئەوەتا هارون و حووریش لەگەڵتانن، ئەگەر یەکێک داواکاری یاخود ناکۆکی هەبوو با بچێتە لایان.»
[15] ئیتر موسا بەسەر کێوەکە کەوت و هەور کێوەکەی داپۆشی.
[16] شکۆمەندی یەزدانیش لەسەر شاخی سینا نیشتەوە. بۆ ماوەی شەش ڕۆژ هەور کێوەکەی داپۆشی، لە ڕۆژی حەوتەم لەنێو هەورەوە موسای بانگکرد.
[17] دیمەنی شکۆمەندی یەزدانیش وەک ئاگرێکی بێ ئامان بوو لەسەر کێو، لەبەرچاوی نەوەی ئیسرائیل.
[18] ئینجا موسا هاتە ناو هەورەکەوە و بۆ سەر کێوەکە سەرکەوت. موسا چل شەو و چل ڕۆژی پێچوو لە کێوەکە.