Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:37

[1] بەشی دەرگاوانەکان بریتی بوون لە بنەماڵەی قۆرەح: لە قۆرەحییەکان: مەشەلەمیای کوڕی قۆرێ لە نەوەی ئاساف.

[2] مەشەلەمیا چەند کوڕێکی هەبوو: زەکەریا نۆبەرە و یەدیعێل دووەم و زەڤەدیا سێیەم و یەسنیێل چوارەم و

[3] ئیلام پێنجەم و یەهۆحانان شەشەم و ئەلیهۆعێینەی حەوتەم.

[4] عوبێد ئەدۆمیش چەند کوڕێکی هەبوو، شەمەعیا نۆبەرە و یەهۆزاڤاد دووەم و یۆئاح سێیەم و ساکار چوارەم و نەتەنێل پێنجەم و

[5] عەمیێل شەشەم و یەساخار حەوتەم و پەعولەتەی هەشتەم، چونکە خودا عوبێد ئەدۆمی بەرەکەتدار کردبوو.

[6] شەمەعیای کوڕی عوبێد ئەدۆمیش چەند کوڕی بوون، کە ڕابەری بنەماڵەکەیان بوون، چونکە ئەوان پیاوی زۆر بە توانا بوون.

[7] کوڕەکانی شەمەعیا: عۆسنی، ڕفائێل، عوبێد و ئەلزاڤاد؛ هەروەها ئەلیهو و سەمەکیاهوی خزمانی شەمەعیا لە پیاوانی بەهێز بوون.

[8] هەموو ئەمانە نەوەی عوبێد ئەدۆم بوون؛ خۆیان و کوڕەکانیان و کەسەکانیان پیاوانی بەهێز و بە توانا بوون لە خزمەتەکەیان، شەست و دوو کەس لە نەوەی عوبێد ئەدۆم بوون.

[9] مەشەلەمیا و کوڕ و کەسەکانی کە لە پیاوە بەهێزەکان بوون، هەژدە کەس بوون.

[10] حۆسا کە لە نەوەی مەراری بوو، چەند کوڕێکی هەبوو: شیمری لەگەڵ ئەوەی نۆبەرەش نەبوو، بەڵام باوکی کردی بە پێشەنگی کوڕەکانی؛

[11] حیلقیا دووەم بوو و تەڤەلیاهو سێیەم و زەکەریا چوارەم. هەموو کوڕ و کەسەکانی حۆسا سێزدە کەس بوون.

[12] ئەم بەشی دەرگاوانانەش لەژێر سەرپەرشتی ڕابەرەکانیان ئەرکی خزمەتکردنیان لە پەرستگای یەزدان پێ سپێردرا، هەروەک کەسەکانیان.

[13] جا تیروپشک بۆ هەموو دەروازەکان کرا، بۆ پیران وەک گەنجان بەگوێرەی بنەماڵەکانیان بەبێ جیاوازی.

[14] تیروپشکی دەروازەی ڕۆژهەڵات بۆ شەلەمیاهو دەرچوو، بۆ زەکەریای کوڕیشی کە ڕاوێژکارێکی وریا بوو، تیروپشک کرا و دەروازەی باکووری بۆ دەرچوو.

[15] تیروپشکی دەروازەی باشوور بۆ عوبێد ئەدۆم دەرچوو، تیروپشکی کۆگاکەش بۆ کوڕەکانی.

[16] بۆ تیروپشکی دەروازەی ڕۆژئاوا و دەروازەی شەلەخەت لەسەر ئەو ڕێگایەی کە بەرەو ژوور دەبووەوە، بۆ شوپیم و حۆسا دەرچوو. پاسەوان بەرامبەر بە پاسەوان بوو:

[17] ڕۆژانە شەش لە لێڤییەکان لەلای ڕۆژهەڵات و چوار لەلای باکوور و چوار لەلای باشوور بوون، لەلای کۆگاکەش دوو دوو پاسەوانیێتییان دەکرد.

[18] بۆ ڕێڕەوە سەر داپۆشراوکەی لای ڕۆژئاوا کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو، چوار لێڤی لەسەر ڕێگاکە و دووانیش لەناو ڕێڕەوەکە بوون.

[19] ئەمانە بەشی دەرگاوانەکان بوون، لە نەوەی قۆرەحییەکان و لە نەوەی مەراری.

[20] لێڤییەکانیش لێپرسراوانی گەنجینەکانی ماڵی خودا و گەنجینەکانی شتە تەرخانکراوەکان بوون.

[21] یەحیێلی و کوڕەکانی گەورەی بنەماڵەکانی لەعدانی گێرشۆنی بوون.

[22] هەروەها یەحیێلی و کوڕەکانی، زێتام و یۆئێلی برای، لێپرسراوی گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان بوون.

[23] لەگەڵ ئەمانیش هەریەک لە بنەماڵەی عەمرامی، یەسهاری، حەبرۆنی و عوزیێلییەکان ئەرک و بەرپرسیاریێتی پێ سپێردرا:

[24] شوڤائێلی نەوەی گێرشۆمی کوڕی موسا لێپرسراوی گەنجینەکان بوو.

[25] کەسەکانی لە نەوەی ئەلیعەزەر: ڕەحەڤیا کوڕی ئەلیعەزەر، یەشەعیا کوڕی ڕەحەڤیا، یۆرامی کوڕی یەشەعیا، زکری کوڕی یۆرام و شەلۆمیتی کوڕی زکری.

[26] شەلۆمیت لەگەڵ کەسەکانی لێپرسراوی هەموو گەنجینەکانی شتە تەرخانکراوەکان بوون کە داودی پاشا و گەورەی بنەماڵەکان، فەرماندەی هەزاران و سەدان و سەرکردەکانی سوپا تەرخانیان کردبوون.

[27] ئەوان بەشێک لە دەستکەوتەکانی جەنگیان بۆ چاککردنەوەی پەرستگای یەزدان، تەرخان کرد.

[28] هەروەها هەموو ئەو شتانەی ساموئێلی پێشبینیکەر و شاولی کوڕی قیش و ئەبنێری کوڕی نێر و یۆئابی کوڕی چەرویا تەرخانیان کردبوون، لەگەڵ هەموو شتە تەرخانکراوەکانی دیکە، شەلۆمیت و کەسەکانی لێی بەرپرس بوون.

[29] لە یەسهارییەکانیش: کەنەنیاهو و کوڕەکانی بۆ کارەکانی دەرەوەی پەرستگاکە، کوێخا و دادوەر بوون بەسەر ئیسرائیلەوە.

[30] لە حەبرۆنییەکان: حەشەڤیا و کەسەکانی کە لە بەتواناکان بوون، هەزار و حەوت سەد کەس سەرپەرشتیاری ئیسرائیل بوون لەوبەری ڕووباری ئوردون بەلای ڕۆژئاوادا لە هەموو کارەکانی یەزدان و خزمەتەکانی پاشادا.

[31] لە حەبرۆنییەکانیش، یەرییاهو گەورەی بنەماڵەی حەبرۆنییەکان بوو بەپێی ڕەچەڵەکنامەیان. لە چلەمین ساڵی پاشایەتی داود لێکۆڵینەوەیەک لە تۆمارەکانی کرا و بینییان پیاوانی بە توانا لەنێو حەبرۆنییەکانی دانیشتووانی یەعزێر لە ناوچەی گلعاد هەبوون.

[32] داودی پاشا دوو هەزار و حەوت سەد کەس لە برا و کەسەکانی یەرییاهو کە لە پیاوە بەهێزەکان و گەورەی بنەماڵەکان بوون، کردنی بە لێپرسراوی ڕەئوبێنییەکان و گادییەکان و نیوەی هۆزی مەنەشە لە هەموو کاروبارەکانی خودا و پاشا.

یەکەم پوختەی مێژوو — Chapters