Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:56

[1] پاش ئەوەی داود پیر بوو و بە ساڵا چوو، سلێمانی کوڕی کرد بە پاشای ئیسرائیل.

[2] هەموو سەرکردەکانی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکانی کۆکردەوە و

[3] ئەو لێڤییانەشی تەمەنیان سی ساڵ و بەرەو سەرەوە بوو سەرژمێری کران و کۆی ژمارەیان سی و هەشت هەزار پیاو بوو.

[4] داود گوتی: «بیست و چوار هەزار لەمانە بۆ سەرپەرشتیکردنی کاری پەرستگای یەزدان و شەش هەزاریان کوێخا و دادوەر و

[5] چوار هەزاریان دەرگاوان و چوار هەزاری دیکەشیان بۆ ستایشکردنی یەزدان بەو ئامێرە مۆسیقییانەی کە بۆ ستایشکردن دروستم کردن.»

[6] ئینجا داود لێڤییەکانی کردە چەند بەشێک، بەپێی کوڕەکانی لێڤی: گێرشۆن و قەهات و مەراری.

[7] لە گێرشۆنییەکان: لەعدان و شیمعی.

[8] کوڕەکانی لەعدان: یەحیێلی کوڕە گەورەی بنەماڵەکە، ئینجا زێتام و یۆئێل، سێ کوڕ بوون.

[9] کوڕەکانی شیمعی: شەلۆمۆت، حەزیێل و هاران، سێ کوڕ بوون. ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانی لەعدان بوون.

[10] کوڕەکانی شیمعیش: یەحەت و زیزا و یەعوش و بەریعە. ئەمانە چوار کوڕەکەی شیمعی بوون.

[11] یەحەت کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و زیزا دووەم بوو، بەڵام یەعوش و بەریعە کوڕی زۆریان نەبوو، لەبەر ئەوە وەک یەک بنەماڵە هەژمارد کران.

[12] کوڕەکانی قەهات: عەمرام، یەسهار، حەبرۆن و عوزیێل، چوار کەس بوون.

[13] کوڕەکانی عەمرام: هارون و موسا. هارون هەڵبژێردرا، خۆی و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە، بۆ تەرخانکردنی شتی هەرەپیرۆز، بۆ کردنی قوربان لەبەردەم یەزدان و بۆ داوای بەرەکەت کردن بە ناوی ئەوەوە بۆ هەتاهەتایە.

[14] هەروەها کوڕەکانی موسای پیاوی خودا وەک بەشێک لە هۆزی لێڤی دانران.

[15] کوڕەکانی موسا گێرشۆم و ئەلیعەزەر بوون.

[16] نەوەکانی گێرشۆم: شوڤائێل کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو.

[17] نەوەی ئەلیعەزەریش: ئەلیعەزەر تەنها یەک کوڕی هەبوو ناوی ڕەحەڤیا بوو، بەڵام ڕەحەڤیا کوڕی زۆر بوو.

[18] کوڕەکانی یەسهار: شەلۆمیت کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو.

[19] کوڕەکانی حەبرۆن: یەرییاهو کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو، ئەمەریا دووەم و یەحەزیێل سێیەم و یەقەمەعام چوارەمیان بوو.

[20] کوڕەکانی عوزیێل: میخا کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و ییشیا دووەمیان بوو.

[21] کوڕەکانی مەراری: مەحلی و موشی. کوڕەکانی مەحلی: ئەلعازار و قیش.

[22] ئەلعازار مرد و کوڕی نەبوو، تەنها کچی هەبوو، جا کوڕەکانی قیشی برای هێنایانن.

[23] کوڕەکانی موشی: مەحلی، عێدەر و یەریمۆت، سێ کوڕ بوون.

[24] ئەمانە نەوەی لێڤی بوون بەگوێرەی بنەماڵەکانیان. گەورەی بنەماڵەکان کە بەپێی ناوەکانیان تۆمار کران و یەک بە یەک سەرژمێر کران، لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە کە لە پەرستگای یەزدان خزمەتیان دەکرد،

[25] چونکە داود گوتبووی: «لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل گەلەکەی حەساندووەتەوە و بۆ هەتاهەتایە یەزدان لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بووە،

[26] ئیتر پێویست ناکات لێڤییەکان چادرەکەی پەرستن یان هیچ یەکێک لەو قاپوقاچاغانەی کە لە خزمەتی چادرەکەی پەرستن بەکاردەهێنرێت هەڵبگرن و بگوازنەوە.»

[27] بەپێی دوایین فەرمانی داود، لێڤییەکان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە سەرژمێری کران.

[28] لێڤییەکان بەردەستی نەوەی هارونیان دەکرد لە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان: بەرپرس بوون بۆ حەوشە و ژوورە لاتەنیشتەکان، بۆ پاککردنەوەی شتە پیرۆزەکان، بۆ خزمەتکردنی دیکەش لە ماڵی خودا؛

[29] بەرپرسیاریێتیشیان هەبوو بۆ نانی تەرخانکراو و باشترین ئارد بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و ناسکە نانی فەتیرەی و خۆراکی سەر ساج و تێکەڵکردنی هەرچی کە تێکەڵ دەکرێت و بۆ هەموو ئەندازە و پێوانەکردنێک؛

[30] هەروەها بۆ ڕاوەستان هەموو بەیانییەک بۆ سوپاسکردن و ستایشکردنی یەزدان ئێوارانیش بە هەمان شێوە؛

[31] هەروەها بۆ هەموو سەرخستنێکی قوربانی سووتاندن لە شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکان. پێویست بوو لێڤییەکان بەو ژمارەیە و بەو چەشنەی کە ڕێسایە لەسەریان، بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان خزمەت بکەن.

[32] ئیتر لێڤییەکان لە چادری چاوپێکەوتن و شوێنی پیرۆز پارێزگاریان دەکرد، هەروەها بەردەستی نەوەی هارونیان دەکرد لە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان.

یەکەم پوختەی مێژوو — Chapters