[1] ئیتر سندوقی خودایان هێنایە ژوورەوە بۆ ناوەڕاستی ئەو چادرەی کە داود بۆی دامەزراندبوو، هەروەها قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان لەبەردەم خودا سەرخست.
[2] پاش ئەوەی داود لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشی بووەوە، بە ناوی یەزدانەوە داوای بەرەکەتی بۆ گەل کرد.
[3] بەسەر هەموو ئیسرائیلدا لە ژن و لە پیاو، کولێرەیەک و نانە خورمایەک و نانە کشمیشێکی دابەش کرد.
[4] چەند خزمەتکارێکیشی لە لێڤییەکان لەبەردەم سندوقی یەزدان بۆ یادکردنەوە و سوپاسکردن و ستایشکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دانا:
[5] ئاساف ڕابەرایەتی دەکرد و زەکەریاش لەدوای ئەو بە پلەی دووەم دەهات، پاشان یەعیێل، شەمیرامۆت، یەحیێل، مەتیسیا، ئەلیاب، بەنایا، عوبێد ئەدۆم و یەعیێل دەهاتن. ئەمانە ئامێرەکانی ساز و قیسارەیان دەژەند، ئاسافیش سەنجی لێدەدا،
[6] بەنایا و یەحەزیێلی کاهینیش بە بەردەوامی کەڕەنایان دەژەند لەبەردەم سندوقی پەیمانی خودا.
[7] ئینجا لەو ڕۆژەدا یەکەم جار داود ئەم زەبوورەی دایە دەست ئاساف و هاوکارەکانی، کە بۆ ستایشکردنی یەزدانە:
[8] ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن، کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
[9] گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن، هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
[10] شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن، با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
[11] پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن، بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.
[12] باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی، پەرجوو و حوکمەکانی دەمی.
[13] ئەی نەوەی ئیسرائیلی بەندەی ئەو، ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
[14] ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە، حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.
[15] بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە، ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،
[16] ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی، ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد،
[17] وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی، وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.
[18] فەرموویەتی: «خاکی کەنعان دەدەمە تۆ، بەشە میراتی خۆتانە.»
[19] ئەو کاتەی ژمارەیان کەم بوو، کەم و نامۆ بوون لەو خاکە،
[20] لە نەتەوەیەکەوە دەچوونە نەتەوەیەکی دیکە، لە پاشایەتییەکەوە بۆ گەلێکی دیکە.
[21] لێ نەگەڕا کەس ستەمیان لێ بکات، بەڵکو لەبەر ئەوان پاشایانی سەرزەنشت کرد:
[22] «دەست لە دەستنیشانکراوەکانم مەدەن، خراپە لەگەڵ پێغەمبەرەکانم مەکەن.»
[23] ئەی هەموو زەوی، گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن.
[24] لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن، لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی.
[25] چونکە یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە، سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
[26] چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن، بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە.
[27] شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان، هێز و شادمانی لە نشینگەکەیدان.
[28] ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن، ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن.
[29] ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن، دیاری بهێنن و وەرنە بەردەمی، کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
[30] ئەی هەموو خەڵکی زەوی لەبەردەمی بلەرزن، جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت.
[31] با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت، لەنێو نەتەوەکاندا بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات!»
[32] با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن، با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن.
[33] ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان لەبەردەم یەزدان گۆرانی دەڵێن، چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات.
[34] ستایشی یەزدان بکەن لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
[35] بڵێن: «ئەی خودای ڕزگارکەرمان، ڕزگارمان بکە، لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە و فریامان بکەوە، بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.»
[36] ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە. ئینجا هەموو گەل گوتیان «ئامین!» و «ستایشی یەزدان بکەن.»
[37] داود لەوێدا لەبەردەم سندوقی پەیمانی یەزدان، ئاساف و هاوکارەکانی بەجێهێشت هەتا بە بەردەوامی لەبەردەم سندوقەکە خزمەت بکەن، هەر خزمەتێک لە ڕۆژی خۆیدا.
[38] هەروەها عوبێد ئەدۆم و هاوکارەکانیشی کە شەست و هەشت کەس بوون، بۆ یارمەتیدانی ئەوان، بەجێی هێشتن. عوبێد ئەدۆمی کوڕی یەدوتون و حۆسا هەردووکیان دەرگاوان بوون.
[39] داود سادۆقی کاهین و برا کاهینەکانیشی لەبەردەم چادری پەرستنی یەزدان، ئەوەی لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوو، بەجێی هێشتن،
[40] هەتا بە بەردەوامی قوربانی سووتاندن لەسەر قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن، بەیانییان و ئێواران بەپێی هەموو ئەوەی لە تەوراتی یەزداندا نووسراوە، ئەوەی فەرمانی بە ئیسرائیل کرد.
[41] لەگەڵ ئەوانیش، هێیمان و یەدوتون و پاشماوەی هەڵبژێردراوەکان ئەوانەی ناویان هات هەتا سوپاسی یەزدان بکەن، چونکە «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
[42] لەگەڵ ئەوانیش هێیمان و یەدوتون بەرپرسی ژەنینی کەڕەنا و سەنج و ئامێرە مۆسیقییەکانی دیکە بوون لە کاتی گۆرانی و ستایشەکانیان بۆ خودا. کوڕەکانی یەدوتونیش دەرگاوان بوون.
[43] پاشان هەموو گەل هەرکەسە و بۆ ماڵی خۆی بەڕێکەوت و داودیش گەڕایەوە هەتا داوای بەرەکەت بۆ ماڵەکەی خۆی بکات.