Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:37

[1] لە پێناوی سییۆن بێدەنگ نابم و لە پێناوی ئۆرشەلیم هێمن نابم هەتا بێتاوانییەکەی وەک گزنگی خۆر دەدرەوشێتەوە و ڕزگاریشی وەک مەشخەڵ داگیرسێت.

[2] ئەو کاتە هەموو نەتەوەکان بێتاوانییەکەت و هەموو پاشاکان شکۆمەندییەکەت دەبینن. ناوێکی نوێت لێ دەنرێت کە دەمی یەزدان دیاری دەکات.

[3] دەبیت بە تاجی جوانی لە دەست یەزدان و تاجەگوڵینە لەناو لەپی خودات.

[4] چیتر ناوت نانرێت «بەجێماو» و چیتر بە خاکەکەت ناگوترێت «وێرانە»، بەڵکو پێت دەگوترێت «حەفچیڤا »، خاکەکەشت، «بەعولە »، چونکە یەزدان بە تۆ دڵخۆش دەبێت، خاکەکەشت مێردی دەبێت.

[5] چونکە چۆن گەنج دەبێت بە مێردی کچێکی پاکیزە، ئاواش کوڕەکانت دەبن بە مێردت. وەک دڵخۆشی زاوا بە بووک، ئاواش خودات بە تۆ دڵخۆش دەبێت.

[6] ئەی ئۆرشەلیم، ئێشکگرم لەسەر شووراکانت داناوە، بەردەوام شەو و ڕۆژ بێدەنگ نابن. ئەی ئەوانەی یەزدانتان لە یادە، ئۆقرە مەگرن،

[7] لێ مەگەڕێن یەزدان ئۆقرە بگرێت هەتا ئۆرشەلیم دەچەسپێنێت و ناوداری دەکات لە زەویدا.

[8] یەزدان بە دەستی ڕاستی خۆی و بە هێزی بازووی سوێندی خوارد: «چیتر دانەوێڵەکەت ناکەم بە خۆراک بۆ دوژمنەکانت و شەرابە نوێیەکەشت کە پێوەی ماندوو بوویت، نامۆکان نایخۆنەوە،

[9] بەڵکو ئەوانە دەیخۆن کە گەنمیان بەرهەم هێناوە و ستایشی یەزدان دەکەن، ئەوانەی ترێیان ڕنیوەتەوە لە حەوشەی پیرۆزگاکەم دەیخۆنەوە.»

[10] تێپەڕ بن! تێپەڕ بن لە دەروازەکانەوە! ڕێگای گەل خۆش بکەن. ئامادەی بکەن! ڕێڕەو ئامادە بکەن! لە بەرد پاکی بکەنەوە. ئاڵا بۆ گەل بەرز بکەنەوە.

[11] ئەوەتا یەزدان بە هەر چوار لای زەویدا ڕایگەیاندووە: «بە شاری سییۆن بڵێن، ”وا ڕزگارکەرەکەت دێت! وا پاداشتەکەی لەگەڵیەتی و خەڵاتەکەی لەبەردەمییەتی.“»

[12] ناویان لێ دەنێن، «گەلە پیرۆزەکە»، «ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە»، تۆش ناوت لێ دەنرێت، «داواکراوەکە»، «شارە بەجێنەماوەکە».

ئیشایا — Chapters