[1] خودا لە ماوەی پاشایەتی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا، دەربارەی یەهودا و ئۆرشەلیم ئەم بینینانەی بۆ ئیشایای کوڕی ئامۆچ ئاشکرا کرد.
[2] ئەی ئاسمان گوێ بگرە و ئەی زەوی گوێ شل بکە، چونکە یەزدان دەفەرموێت: «چەند کوڕێکم گەورە کرد و پێم گەیاندن، بەڵام ئەوان لێم یاخی بوون.
[3] گا خاوەنەکەی خۆی دەناسێت و گوێدرێژیش ئاخوڕی خاوەنی خۆی، بەڵام ئیسرائیل من ناناسێت، گەلی من تێناگات.»
[4] قوڕبەسەر نەتەوەی گوناهبار، بەسەر ئەو گەلەی تاوانی قورسە، توخمی بەدکاران، کوڕانی گەندەڵین! وازیان لە یەزدان هێنا، بە سووکییەوە تەماشای خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان کرد، پشتیان لێی کرد.
[5] بۆچی دووبارە لێتان بدرێتەوە؟ بۆچی بەردەوامن لە یاخیبوونتان؟ تەواوی سەر نەخۆشە و هەموو دڵ بیمارە.
[6] لە بنی پێ هەتا تەوقی سەر کوا تەندروستی تێیدا؟ بەڵکو برین و شین و مۆر بوونەوەیە، لێدانی تەڕ و تازە کە نەگوشراوە و نەبەستراوە و بە ڕۆن نەرم نەکراوە.
[7] خاکەکەتان وێرانە، شارەکانتان سووتاوە، لەبەرچاوتان زەوییەکەتان بێگانەکان دەیخۆن، وێرانە وەک ئەوەی بێگانە هەڵاوگێڕی کردبێت.
[8] سییۆنی کچ ماوەتەوە، وەک کەپر لەناو ڕەزەمێودا، وەک خۆخ لەناو بێستانی خەیاردا، وەک شارێکی ئابڵوقەدراو.
[9] ئەگەر یەزدانی سوپاسالار کەمێک دەربازبووی بۆ نەهێشتباینایەوە، وەک سەدۆممان لێ دەهات، لە عەمۆرا دەچووین.
[10] گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی فەرمانڕەوایانی سەدۆم! گوێ شل بکەن بۆ فێرکردنەکانی خودامان، ئەی گەلی عەمۆرا!
[11] یەزدان دەفەرموێت: «بۆچیمە، زۆری قوربانییە سەربڕدراوەکانتان؟ تێربووم لە قوربانی سووتاندنی بەرانەکان و لە چەوری دابەستەکان، دڵخۆش نیم بە خوێنی جوانەگا و بەرخ و تەگەکان .
[12] کە دێن بۆ بینینی ڕووم، کێ داوای ئەمەی لێکردوون، کە پێ بنێنە ناو حەوشەکانم؟
[13] چیتر پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بێ کەڵک مەهێنن! بخوور قێزەونە بۆ من. سەرەمانگ و شەممە و بانگەوازی کۆبوونەوە، تاوان و ئاهەنگگێڕان پێکەوە، بەرگەی ئەمە ناگرم.
[14] سەرەمانگ و جەژنەکانتان گیانم ڕقی لێیانە. بوون بە بارگرانی بۆم، لێیان بێزار بووم.
[15] کاتێک دەستتان پان دەکەنەوە، چاوم لادەدەم لەسەرتان، تەنانەت ئەگەر نوێژیش زۆر بکەن، من گوێ ناگرم. «دەستتان بە خوێن سوور بووە!
[16] «خۆتان بشۆن، پاک ببنەوە. خراپەی کردەوەکانتان لەبەرچاوم لاببەن! وازبهێنن لە خراپەکاری،
[17] فێری چاکە بن! بەدوای دادپەروەریدا بگەڕێن، ستەملێکراوان هانبدەن. دادوەری هەتیو بکەن، پارێزەری بۆ بێوەژن بکەن.»
[18] یەزدان دەفەرموێت: «ئێستا وەرن یەکلایی بکەینەوە. ئەگەر گوناهەکانتان سووری ئاڵ بێت، وەک بەفر سپی دەبێتەوە؛ ئەگەر وەک قرمز سوور بێت، وەک خوری لێدێت.
[19] ئەگەر قایل بن و گوێ بگرن، خێروبێری خاکەکە دەخۆن.
[20] بەڵام ئەگەر قایل نەبن و یاخی بن، بە شمشێر دەخورێن،» q4 چونکە دەمی یەزدان فەرمووی.
[21] «چۆن شارە دڵسۆزەکە بوو بە لەشفرۆش! پڕ دادوەری بوو، ڕاستودروستی تێیدا دەمایەوە، بەڵام ئێستا پیاوکوژان!
[22] زیوت بوو بە خڵت و شەرابت ئاوی تێکراوە.
[23] میرەکانت یاخین و دۆستی دزانن، هەموو حەزیان لە بەرتیلە و دوای پاداشت کەوتوون. دادوەری بۆ هەتیو ناکەن، سکاڵای بێوەژن ناگاتە لایان.»
[24] لەبەر ئەوە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، توانادارەکەی ئیسرائیل، دەفەرموێت: «ئای، لە ناحەزانم دەحەسێمەوە و تۆڵە لە دوژمنانم دەکەمەوە.
[25] دژ بە تۆ دەستم درێژ دەکەم، بە تەواوەتی خڵتەکەت پاک دەکەمەوە، هەموو خڵت و پیسییەکەت لێ دەکەمەوە.
[26] ڕابەرانت دەگەڕێنمەوە وەک یەکەم جار و ڕاوێژکارانت وەک لە سەرەتا. پاش ئەمە پێت دەگوترێت ”شاری ڕاستودروستی“، ”شاری دڵسۆز“.»
[27] بە دادپەروەری سییۆن دەکڕدرێتەوە، تۆبەکارەکانیشی بە ڕاستودروستی.
[28] بەڵام تێکشکانی یاخیبووان و گوناهباران پێکەوە دەبێت، وازهێنەران لە یەزدانیش دەفەوتێن.
[29] «شەرمەزار دەبن بەو دار بەڕووانەی ئارەزووتان کرد، تەریق دەبنەوە بەو باخچانەی هەڵتانبژارد.
[30] چونکە وەک دار بەڕووێکتان لێدێت کە گەڵاکانی وەریبێت و وەک باخچەیەک ئاوی نەبێت.
[31] مرۆڤی بەهێز دەبێت بە پەڕۆ و ئیشوکارەکەشی بە پریشکی ئاگر، جا هەردووکیان پێکەوە دەسووتێن و کەس نابێت بیانکوژێنێتەوە.»