[1] لەو ڕۆژەدا لە خاکی یەهودا ئەم گۆرانییە دەڵێن: شاری بەهێزمان هەیە، خودا ڕزگاری دەکاتە شوورا و سەنگەری.
[2] دەروازەکان بکەنەوە با نەتەوەی ڕاستودروست پارێزەری باوەڕ بێتە ژوورەوە.
[3] تۆ کەسی بیروڕا چەسپاو بە ئاشتی تەواو دەپارێزیت، چونکە پشتی بە تۆ بەستووە.
[4] هەتاهەتایە پشت بە یەزدان ببەستن، چونکە یەزدان، هەر یەزدان، تاشەبەردەکەی هەتاهەتاییە.
[5] ئەوانەی لە بەرزاییدا نیشتەجێن نزم دەکاتەوە، شاری بەرزیش نەوی دەکات، دەیدات بە زەویدا، تەختی دەکات لەگەڵ خۆڵ.
[6] پێی هەژار، هەنگاوی نەدار، پێشێلی دەکات.
[7] ڕێڕەوی کەسی ڕاستودروست ڕێکە، ئەی ڕاست، ڕێگای ڕاستودروست خۆش دەکەیت.
[8] ئەی یەزدان، لە ڕێی حوکمەکانت چاوەڕێی تۆ دەکەین، بۆ ناوەکەت و بۆ یادکردنەوەتە ئارەزووی گیان.
[9] گیانەکەم بە شەو ئارەزووت دەکەم، هەروەها لە بەیانیدا ڕۆحم لە ناخمدا پەرۆشە بۆت، چونکە کاتێک حوکمەکانت لە زەوین، دانیشتووانی جیهان فێری ڕاستودروستی دەبن.
[10] بەدکار بەر میهرەبانی بکەوێت، فێری ڕاستودروستی نابێت، لە خاکی ڕاستییەکاندا ناڕەوایی دەکات، شکۆی یەزدان نابینێت.
[11] ئەی یەزدان بەرزی دەستت نابینن، با دڵگەرمیت بۆ گەلەکەت ببینن و شەرمەزار بن، با ئەو ئاگرەی کە ئامادەت کردووە دوژمنەکانت بخوات.
[12] ئەی یەزدان ئاشتیمان دەدەیتێ، چونکە لە ڕاستیدا هەموو کارەکانمان تۆ کردووتە.
[13] ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، گەورەکانی دیکە، جیا لە تۆ بوون بە گەورەمان، بەڵام تەنها تۆ، یادی ناوی تۆ دەکەین.
[14] مردوون، زیندوو نابنەوە! تارمایین، هەڵناستنەوە، لەبەر ئەوە سزات دان و تێکت شکاندن، هەموو یادگاریێکی ئەوانت لەناوبرد.
[15] بۆ نەتەوەت زیاد کرد ئەی یەزدان، بۆ نەتەوەت زیاد کرد و شکۆمەند بوویت، هەموو سنوورەکانی خاکەکەت فراوان کرد.
[16] ئەی یەزدان، لە تەنگانەدا هانایان بۆ هێنایت، کاتێک تەمبێت کردن، بە چرپەوە نوێژیان هەڵڕشت.
[17] وەک ژنی سکپڕ کە لە منداڵبوون نزیک دەبێتەوە لە ژاندا دەتلێتەوە و دەقیژێنێت، ئاوامان لێ هات لەبەردەمت، ئەی یەزدان.
[18] سکپڕ بووین تلاینەوە وەک ئەوەی بامان بووبێت. لە زەویدا ڕزگاریمان بەرپا نەکرد و کەسێکی جیهانمان لێ نەبوو.
[19] مردووەکانت زیندوو دەبنەوە، لاشەکان هەڵدەستنەوە. هەستن و گۆرانی بڵێن ئەی دانیشتووانی خۆڵ، چونکە شەونمت شەونمی بەیانییە، زەوی تارماییەکانی لێ لەدایک دەبێت.
[20] گەلەکەم بڕۆ، بڕۆ ناو ژوورەکانت و دەرگاکەت لەدوای خۆت کلیل بدە، بۆ ساتێک خۆت بشارەوە هەتا تووڕەیی تێدەپەڕێت.
[21] چونکە ئەوەتا یەزدان لە شوێنی خۆیەوە دێتە دەرەوە هەتا سزای تاوانی دانیشتووانی زەوی بدات لەسەری. زەوی خوێنەکانی ناو خۆی دەردەخات، لەمەودوا کوژراوەکانی ناشارێتەوە.