Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:55

[1] قوڕبەسەر ئەریێل، ئەریێل ئەو شارەی داود تێیدا مایەوە! ساڵ لەدوای ساڵ زیاد بکەن، با جەژنەکان بسوڕێنەوە.

[2] منیش تەنگ بە ئەریێل هەڵدەچنم، جا دەبێت بە گریان و شیوەن و بۆ من وەک ئاگردانی قوربانگای لێدێت،

[3] وەک بازنە دەورت دەدەم، بە قەڵا تەنگت پێهەڵدەچنم و سەنگەر بە چواردەورتدا لێ دەدەم.

[4] جا نزم دەبیتەوە و لە زەوییەوە دەدوێیت، قسەکەت لەناو خۆڵ دەچەمێتەوە، دەنگت وەک تارمایی دەبێت لە زەوییەوە، قسەکەت لەناو خۆڵ چرپەی دێت.

[5] ئاپۆرەی دوژمنانت وەک تۆزی کوتراو دەبن و ئاپۆرەی زۆرداران وەک پووشی با بردوو دەبێت. لە ساتێکدا لەپڕ ئەوە دەبێت،

[6] لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە سزا دەدرێت بە هەورەتریشقە و بوومەلەرزە و دەنگێکی گەورەوە، بە زریان و ڕەشەبا و گڕی ئاگری سووتێنەرەوە.

[7] وەک خەون و زیندەخەوی شەوانی لێدێت، ئاپۆرەی هەموو نەتەوەیە لەشکرکێشەکانی سەر ئەریێل، هەموو لەشکرکێشەکانی سەری و سەر قەڵاکانی لەگەڵ تەنگ پێ هەڵچنانی.

[8] وەک ئەوەی برسی خەون ببینێت و ئەوەتا دەخوات بەڵام کە هەڵدەستێت ورگی بەتاڵە، وەک ئەوەی تینوو خەون ببینێت و ئەوەتا دەخواتەوە بەڵام کە هەڵدەستێت شەکەتە و گیانی ئارەزوو دەکات، ئاوایان لێدێت ئاپۆرەی هەموو ئەو نەتەوانەی لەشکرکێشییان کردووە بۆ سەر کێوی سییۆن.

[9] بحەپەسێن و سەرسام بن! خۆتان کوێر بکەن و کوێربن! بەبێ شەراب ئێوە مەستن، بەبێ مەی ئێوە بە لارەلار دەڕۆن.

[10] چونکە یەزدان ڕۆحی خەوی قووڵی بەسەر ئێوەدا ڕشتووە، بەم شێوەیە یەزدان چاوەکانی ئێوەی نوقاندووە کە پێغەمبەرەکانن، هەروەها یەزدان سەری ئێوەی پێشبینیکەری داپۆشیوە.

[11] جا تەواوی ئەم پەیامەی کە بە بینینێک ئاشکرا کراوە تەنها بۆ ئێوە وەک وشەکانی تۆمارێکی مۆرکراوی لێهاتووە، ئەوەی دەیدەنە کەسێکی خوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «ناتوانم، چونکە مۆر کراوە.»

[12] یان ئەگەر تۆمارەکە دەدەنە کەسێکی نەخوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «خوێندەواریم نییە.»

[13] جا پەروەردگار دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە بە دەم نزیک بووەوە و بە لێوەکانی ڕێزی لێ گرتم، بەڵام دڵی لێم دوورە، پەرستنیان بۆ من تەنها فێرکردن و ڕاسپاردەی خەڵکە.

[14] لەبەر ئەوە ئەوەتا من جارێکی دیکە کاری سەیر و سەمەرە بەم گەلە دەکەم، دانایی داناکانی لەناودەبەم و تێگەیشتنی تێگەیشتووانی ون دەبێت.»

[15] قوڕبەسەر ئەوانەی دەچنە قووڵاییەوە بۆ ئەوەی پیلانەکانیان لە یەزدان بشارنەوە، کارەکانیان لە تاریکی دەبێت و دەڵێن: «کێ دەمانبینێ؟ کێ دەمانناسێت؟»

[16] ئای لە هاڵاوگێڕیتان، ئایا گۆزەکەر و قوڕ دەکرێن بە یەک تاکو دروستکراو بە دروستکەرەکەی بڵێت: «ئەو دروستی نەکردم»؟ یان گۆزەکە بە گۆزەکەر بڵێت: «تێناگات»؟

[17] ئایا لە ساتێکی کەمدا لوبنان ناگۆڕێت بۆ باخ و باخیش بە دارستان دانانرێت؟

[18] جا لەو ڕۆژەدا کەڕەکان گوێیان لە وشەکانی تۆمارەکە دەبێت و لە ئەنگوستەچاو و لە تاریکیدا چاوی نابیناکان دەبینن.

[19] زەلیلەکان دڵخۆشییان بە یەزدان زیاتر دەبێت، نەدارانی خەڵکیش بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دڵشاد دەبن.

[20] چونکە زۆردار لەناوچوو و گاڵتەجاڕ نەما و هەموو ئێشکگرانی خراپەکاری بڕانەوە.

[21] ئەوانەی بە وشەیەک مرۆڤ گوناهبار دەکەن و لە دادگا داو بۆ دادوەر دەنێنەوە و بە شتی پووچ دادپەروەری خوار دەکەن.

[22] لەبەر ئەوە یەزدان ئەوەی ئیبراهیمی کڕییەوە، ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب دەفەرموێت: «ئێستا یاقوب شەرمەزار نابێت و ئێستا ڕوو زەرد نابێت.

[23] کاتێک منداڵەکانی دەستکردەکانی دەستم لەنێویاندا دەبینن، وەک ناوێکی پیرۆز ڕێز لە ناوەکەم دەگرن، دان بە پیرۆزی پیرۆزەکەی یاقوبدا دەنێن، لە خودای ئیسرائیل دەترسن.

[24] ئەوانەی لە ناوەڕۆکەوە گومڕا بوون تێگەیشتن بەدەستدەهێنن و بۆڵەبۆڵکەران فێربوون وەردەگرن.»

ئیشایا — Chapters