Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:44

[1] «ئەی نەزۆک، گۆرانی بڵێ، ئەی ئەوەی منداڵت نەبووە، ئەی ئەوەی ژانت نەگرتووە، لە خۆشیدا هاوار بکە و گۆرانی بڵێ، چونکە منداڵی ژنی بەجێهێڵراو زیاترن لەوەی مێردی لەگەڵیەتی،» q4 یەزدان دەفەرموێت.

[2] «شوێنی ڕەشماڵەکانت فراوان بکە، پەردەی نشینگەکانت لێک بکەرەوە، دەست مەگێڕەوە، گوریسەکانت درێژ بکە و سنگەکانت توند بچەقێنە.

[3] چونکە بەلای ڕاست و چەپدا پەل دەهاوێیت، نەوەی تۆ نەتەوەکان دەردەکەن و شارە وێرانەکان ئاوەدان دەکەنەوە.

[4] «مەترسە چونکە ڕیسوا نابیت، گاڵتەت پێ ناکرێت چونکە شەرمەزار نابیت. ڕیسوایی سەردەمی گەنجیێتیت لەبیر دەکەیت، ئیتر شورەیی بێوەژنیێتیت بەبیر نایەتەوە.

[5] چونکە مێردی تۆ دروستکەرەکەی تۆیە، ناوی یەزدانی سوپاسالارە. ئەوەی دەتکڕێتەوە پیرۆزەکەی ئیسرائیلە، پێی دەگوترێت خودای هەموو زەوی.

[6] چونکە وەک ژنێکی بەجێماو و ڕۆح پڕ لە ژان یەزدان بانگت دەکاتەوە، وەک ژنێک کە لە گەنجیدا شووی کردبێت و ڕەتکرابێتەوە،» خودات دەفەرموێت.

[7] «بۆ ساتێکی کەم بەجێم هێشتیت، بەڵام بە بەزەییەکی زۆرەوە کۆت دەکەمەوە.

[8] بە زریانی تووڕەییەوە بۆ ساتێک ڕووی خۆمم لێت داپۆشی، بەڵام بە خۆشەویستی نەگۆڕی هەتاهەتایی بەزەییم پێتدا هاتەوە،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی دەتکڕێتەوە.

[9] «چونکە ئەمە وەک لافاوی نوحە بۆ من ئەوەی سوێندم خوارد، کە لافاوەکەی نوح جارێکی دیکە بەسەر زەویدا تێنەپەڕێت. ئاوا سوێندم خوارد، کە لێت تووڕە نەبم و لێت ڕانەخوڕم.

[10] هەرچەندە چیاکان نامێنن و گردەکان دەهەژێن، بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی من بۆ تۆ دەمێنێت و پەیمانی ئاشتیم ناهەژێت،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی بەزەیی پێتدا دێتەوە.

[11] «ئەی شارە زەلیلەکە، زریان لێداوەکە، دڵنەوایی نەکراوەکە، ئەوەتا من بەردەکانت بە بەردە پیرۆزە لەسەر ڕیز دەکەم، بە یاقووتی شین داتدەمەزرێنم.

[12] قوللەکانت دەکەم بە یاقووت و دەروازەکانیشت بە بەردی پڕشنگدار، هەموو سنوورەکانیشت بە بەردی گرانبەها.

[13] هەموو کوڕەکانت لە یەزدانەوە فێر دەبن و ئاشتی منداڵەکانت زۆر دەبێت.

[14] بە ڕاستودروستی دەچەسپێیت دوور لە جەوروستەم، چونکە هیچ هۆیەک نییە بۆ ئەوەی بترسیت، هەروەها دووریت لە تۆقینیش، چونکە لێت نزیک ناکەوێتەوە.

[15] ئەگەر پەلامار درایت، ئەوە لەلایەن منەوە نابێت، ئەوەی هێرش دەکاتە سەرت، دەبێتە ژێر دەستت.

[16] «ئەوەتا من ئاسنگەرم بەدیهێنا کە کوورەی ئاگری خەڵووز دەم دەدات، چەکی گونجاو دروستدەکات، هەروەها من لەناوبەرم بەدیهێنا بۆ ئەوەی بفەوتێنێت.

[17] هەر چەکێک لە دژی تۆ شێوەی بکێشرێت سەرناکەوێت و هەر زمانێک لە دادگا لە دژی تۆ ڕادەوەستێت بەرپەرچی دەدەیتەوە. ئەمە میراتی خزمەتکارانی یەزدانە، بێتاوانیتان لەلایەن منەوەیە،» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ئیشایا — Chapters