[1] کاتێک داود و پیاوەکانی لە ڕۆژی سێیەم گەیشتنە چیقلەگ، عەمالێقییەکان پەلاماری نەقەب و چیقلەگیان دابوو. لە چیقلەگیان دابوو و ئاگریان تێبەردابوو،
[2] بچووک و گەورە و ئافرەتەکانیشیان ڕاپێچ کرد، هەموو ئەوانەی لەوێ بوون، کەسیان نەکوشتبوو، بەڵکو دابوویانە پێش خۆیان و بە ڕێگای خۆیاندا چووبوون.
[3] داود و پیاوەکانی چوونە ناو چیقلەگ، بینییان سووتێنراوە و ژن و کوڕ و کچەکانیان ڕاپێچ کراون.
[4] لەبەر ئەوە داود و ئەو پیاوانەی لەگەڵی بوون دەنگیان بەرزکردەوە و گریان، هەتا ئەوەی هێزی گریانیان نەما.
[5] هەردوو ژنەکەی داود ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی و ئەبیگایلی بێوەژنەکەی نابالی کەرمەلیش ڕاپێچ کرابوون.
[6] داود زۆر پەرێشان بوو، لەبەر ئەوەی پیاوەکانی گوتیان، «با بەردبارانی بکەین،» چونکە هەریەکیان بۆ کوڕ و کچەکانیان داخ لە دڵ بوون. بەڵام داود بۆ هێز پشتی بە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بەست.
[7] ئینجا داود بە ئەبیاتاری کاهینی کوڕی ئەحیمەلەخی گوت: «تکایە ئێفۆدەکەم بۆ بهێنە پێشەوە.» ئەبیاتاریش ئێفۆدەکەی بۆ داود هێنا.
[8] داود پرسیاری لە یەزدان کرد و گوتی: «ئایا بەدوای ئەو چەتانە بکەوم؟ ئەگەر بەدوایان بکەوم پێیان دەگەم؟» ئەویش فەرمووی: «بەدوایان بکەوە، پێیان دەگەیت و ڕاپێچکراوەکانیش دەرباز دەکەیت.»
[9] جا داود و ئەو شەش سەد پیاوەی لەگەڵی بوون بەڕێکەوتن و چوونە شیوی «بەسۆر». لەوێ چەند پیاوێک بەجێمان،
[10] لەبەر ماندووبوونیان نەیانتوانی لە شیوی بەسۆر بپەڕنەوە، کە دوو سەد پیاو بوون. بەڵام داود لەگەڵ چوار سەد پیاو بەردەوام بوون لە ڕاونان.
[11] لە دەشتەکە تووشی پیاوێکی میسری بوون، بردیان بۆ لای داود، نانیان پێدا و خواردی و ئاویان دەرخواردی دا.
[12] ئینجا نانە هەنجیرێک و دوو هێشووە کشمیشیان پێدا، خواردی و ڕۆحی بەبەردا هاتەوە، چونکە سێ ڕۆژ و سێ شەو نانی نەخواردبوو و ئاوی نەخواردبووەوە.
[13] داود لێی پرسی: «تۆ سەر بە کێیت و لەکوێوە هاتوویت؟» ئەویش گوتی: «من گەنجێکی میسریم و کۆیلەی پیاوێکی عەمالێقیم، گەورەکەم سێ ڕۆژ لەمەوپێش وازی لێ هێنام، چونکە نەخۆش کەوتم.
[14] ئێمە پەلاماری نەقەبی کریتییەکان و خاکی یەهودا و نەقەبی کالێبمان دا، چیقلەگیشمان سووتاند.»
[15] داودیش پێی گوت: «بۆ لای ئەو چەتانە دەمبەیتە خوارەوە؟» ئەویش گوتی: «بە خودا سوێندم بۆ بخۆ کە نامکوژیت و نامدەیتەوە دەست گەورەکەم، منیش دەتبەمە خوارەوە بۆ لای ئەو چەتانە.»
[16] ئینجا داودی بردە خوارەوە و بینی بەسەر ڕووی هەموو زەوییەکەدا بڵاو بوونەتەوە، دەخۆن و دەخۆنەوە و سەما دەکەن، لەبەر هەموو ئەو دەستکەوتە گەورەیەی لە خاکی فەلەستییەکان و یەهوداوە بردبوویان.
[17] جا داود لە زەردەپەڕدا هەتا ئێوارەی ڕۆژی دواتر لێیدان و پیاوێکیان لێ دەرباز نەبوو، جگە لە چوار سەد گەنج کە سواری وشتر بوون و هەڵاتن.
[18] داودیش هەموو ئەوەی عەمالێقییەکان بردبوویان بە دەستی هێنایەوە، داود دوو ژنەکەی خۆی دەرباز کرد،
[19] هیچ شتێکیان لە دەست نەدا، نە بچووک و نە گەورە و نە کوڕ و نە کچ، نە دەستکەوت و نە هیچ شتێک لە هەموو ئەوەی لێیان بردرابوو، بەڵکو داود هەمووی گەڕاندەوە.
[20] هەروەها داود هەموو گاوگۆتاڵەکانی برد و لەپێش ئاژەڵە ماڵییەکانی دیکەوە لێیانخوڕین و گوتیان: «ئەمە دەستکەوتی داودە.»
[21] ئینجا داود هات بۆ لای ئەو دوو سەد پیاوەی کە لە ڕۆیشتن بەدوای داودەوە ماندوو بوون و لە شیوی بەسۆردا بەجێهێڵران، ئەوانیش بۆ پێشوازیکردن لە داود و ئەو خەڵکەی لەگەڵیدا بوون هاتنە دەرەوە، داود لە خەڵکەکە چووە پێشەوە و سڵاوی لێکردن.
[22] بەڵام پیاوە خراپ و بەدکارەکان لەنێو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵ داود چووبوون وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «لەبەر ئەوەی ئەوان لەگەڵمان نەهاتن، لەو دەستکەوتە بەشیان نادەین کە بەدەستمان هێناوە، با هەر پیاوە ژن و منداڵی خۆی ببات و بڕوات.»
[23] داود گوتی: «براکانم ئەمە مەکەن، چونکە یەزدان پێیداین و ئێمەی پاراست، ئەو چەتانەی دایە دەستمان کە هاتنە سەرمان.
[24] لەم شتەدا کێ گوێتان پێدەدات؟ بەشی ئەوەی لەلای کەلوپەلەکان ماوەتەوە دەبێت وەک بەشی ئەوە بێت کە دابەزیوە بۆ جەنگ، وەک یەک بەشیان بەردەکەوێت.»
[25] ئەوە بوو لەو ڕۆژە بەدواوە و هەتا ئەمڕۆ داود ئەمەی کرد بە فەرز و حوکم بۆ ئیسرائیل.
[26] کاتێک داود هاتە چیقلەگ، هەندێک لە دەستکەوتەکەی نارد بۆ پیرانی یەهودا بۆ هاوڕێیەکانی، گوتی: «ئەمە دیارییە بۆ ئێوە لە دەستکەوتی دوژمنەکانی یەزدان.»
[27] ناردی بۆ ئەوانەی لە بێتئێل و ڕامۆتی نەقەب و یەتیر،
[28] بۆ ئەوانەی لە عەرۆعێر و سیفمۆت و ئەشتەمۆع،
[29] بۆ ئەوانەی لە ڕاخال و شارۆچکەکانی یەرەحمێلییەکان و شارۆچکەکانی قێنییەکان، هەروەها
[30] بۆ ئەوانەی لە حۆرما و بۆر عاشان و عەتاک،
[31] بۆ ئەوانەی لە حەبرۆن و هەموو ئەو شوێنانەی لەوێدا داود خۆی و پیاوەکانی هاتوچۆیان کردووە.