Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:26

[1] فەلەستییەکان هەموو لەشکرەکانیان لە ئەفێق کۆکردەوە، ئیسرائیلییەکانیش لەسەر ئەو کانییەی لە یەزرەعیل بوو خێوەتگایان دامەزران.

[2] ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان بە یەکەکانی سەدان و هەزاران تێپەڕ بوون، داود و پیاوەکانیش لە دوایانەوە لەگەڵ ئاخیش تێپەڕین.

[3] جا سەرلەشکرەکانی فەلەستییەکان گوتیان: «ئەو عیبرانیانە چین؟» ئاخیش بە سەرلەشکرە فەلەستییەکانی گوت: «ئەی ئەمە داودی پیاوی شاولی پاشای ئیسرائیل نەبوو؟ ئەوە زیاتر لە ساڵێکە لەگەڵمدایە، لەو کاتەوەی هاتووەتە پاڵمان هەتا ئەمڕۆ هیچم لێ نەبینیوە.»

[4] بەڵام سەرلەشکرە فەلەستییەکان لێی تووڕە بوون و پێیان گوت: «ئەم پیاوە بگەڕێنەوە و با بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی بۆت دیاری کردووە، لەگەڵمان دانەبەزێت بۆ جەنگ، لە کاتی شەڕ لە دژمان هەڵبگەڕێتەوە، چونکە بە چی گەورەکەی ڕازی دەکات، ئایا بە سەری ئەو پیاوانە نییە؟

[5] ئەی ئەمە ئەو داودە نییە کە ئافرەتان بەدەم سەماوە گۆرانییان بۆی دەگوت: «”شاول هەزارانی کوشت و داودیش دەیان هەزار.“»

[6] ئینجا ئاخیش داودی بانگکرد و پێی گوت: «بە یەزدانی زیندوو، تۆ سەرڕاستیت، ئەگەر بێت و لەگەڵ من خزمەتی سەربازی بکەی، لەلام پەسەندە، چونکە لەو ڕۆژەوەی هاتوویت بۆ لام هەتا ئەمڕۆ هیچ خراپەیەکم لە تۆدا نەبینیوە، بەڵام بەلای فەرماندە فەلەستییەکانەوە پەسەند نیت.

[7] ئێستا بگەڕێوە و بە سەلامەتی بڕۆ، هیچ خراپەیەک لەبەرچاوی فەرماندە فەلەستییەکاندا مەکە.»

[8] ئینجا داود بە ئاخیشی گوت: «من چیم کردووە، لەو ڕۆژەوەی بۆ لات هاتووم هەتا ئەمڕۆ چیت لە خزمەتکارەکەت بینیوە، هەتا نەیەم و جەنگ لە دژی دوژمنەکانی پاشای گەورەم نەکەم؟»

[9] ئاخیشیش وەڵامی دایەوە و بە داودی گوت: «من دەزانم تۆ لەلای من پەسەندیت، لەلای من وەک فریشتەی خودایت، بەڵام سەرلەشکرەکانی فەلەستییەکان گوتیان: ”نابێت لەگەڵماندا بۆ جەنگ دابەزێت.“

[10] ئێستاش بەیانی زوو هەستە و لەگەڵ خزمەتکارەکانی گەورەکەت ئەوانەی لەگەڵتدا هاتوون، لەگەڵ ڕۆشنایی بەرەبەیاندا بڕۆن.»

[11] ئینجا بەیانی زوو داود و پیاوەکانی هەستان بۆ ئەوەی لە بەرەبەیان بەڕێکەون و بگەڕێنەوە خاکی فەلەستییەکان، فەلەستییەکانیش بۆ یەزرەعیل سەرکەوتن.

یەکەم ساموئێل — Chapters