[1] شاول تەمەنی سی ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، چل و دوو ساڵ وەک پاشا پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
[2] شاول سێ هەزار کەسی لە ئیسرائیل بۆ خۆی هەڵبژارد، دوو هەزار لەگەڵ شاول بوون لە میخماس و ناوچە شاخاوییەکانی بێتئێل و هەزاریش لەگەڵ یۆناتان بوون لە گیڤعای بنیامین و پاشماوەی گەلەکەشی ناردەوە، هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی.
[3] یۆناتان لە سەربازگەی فەلەستییەکانی دا ئەوەی لە گەڤەعە، فەلەستییەکان ئەمەیان بیستەوە و شاولیش لە هەموو زەوییەکەدا فووی بە کەڕەنادا کرد و گوتی: «با هەموو عیبرانییەکان گوێیان لێ بێت!»
[4] جا هەموو ئیسرائیل بیستیان کە شاول لە سەربازگەی فەلەستییەکانی داوە و ئیسرائیلیش لای فەلەستییەکان قێزەون بووە، جا گەل بۆ لای شاول بانگ کران و لە گلگال کۆبوونەوە.
[5] ئینجا فەلەستییەکان بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل کۆبوونەوە، سێ هەزار گالیسکە و شەش هەزار گالیسکەسوار و سەربازەکانیش لە زۆریدا وەک لمی سەر کەناری دەریا بوون، جا سەرکەوتن و لە میخماس لە ڕۆژهەڵاتی بێتئاڤن چادریان هەڵدا.
[6] کاتێک پیاوانی ئیسرائیل بینییان لە مەترسیدان لەبەر ئەوەی سوپاکەیان تەنگەتاو بووە، ئیتر خۆیان لەناو ئەشکەوت و دڕکوداڵەکان و لەنێو تاشەبەردەکان و لەناو چاڵ و ئەمباراوەکاندا شاردەوە،
[7] تەنانەت هەندێک لە عیبرانییەکان لە ڕووباری ئوردونەوە بۆ خاکی گاد و گلعاد پەڕینەوە. شاولیش هێشتا لە گلگالدا بوو و هەموو سەربازەکان کە بەدوایەوە بوون ترسان.
[8] ئینجا حەوت ڕۆژ مایەوە هەتا ئەو کاتەی ساموئێل دیاری کردبوو، بەڵام ساموئێل نەهات بۆ گلگال و سەربازەکان وازیان لە شاول دەهێنا و پەرتوبڵاو دەبوونەوە.
[9] بۆیە شاول گوتی: «قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشیم بۆ بهێننە پێش.» جا قوربانی سووتاندنەکانی پێشکەش کرد و
[10] ئەوە بوو کە لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان بووەوە، ساموئێل هات، شاولیش بەرەو ڕووی چوو تاوەکو پێشوازی لێ بکات.
[11] ساموئێلیش لێی پرسی: «ئەوە چیت کرد؟» شاولیش وەڵامی دایەوە: «لەبەر ئەوەی بینیم کە گەل لێم پەرتوبڵاو بوونەوە و تۆش لە ڕۆژانی دیاریکراودا نەهاتیت و فەلەستییەکانیش لە میخماسدا کۆببوونەوە،
[12] گوتم: ”ئێستا فەلەستییەکان بۆم دێنە خوارەوە بۆ گلگال، بەر لەوەی داوای ڕەزامەندی یەزدان بکەم.“ ئیتر زۆرم بۆ خۆم هێنا و قوربانییەکەی سووتاندنم پێشکەش کرد.»
[13] ساموئێلیش بە شاولی گوت: «گێلایەتیت کرد و فەرمانی یەزدانی پەروەردگارت نەپاراست، کە فەرمانی پێ کردبوویت. ئەگەر فەرمانەکانی خودات ئەنجام بدابایە، ئەوا یەزدان بۆ هەتاهەتایە پاشایەتییەکەی تۆی بەسەر ئیسرائیلدا دەچەسپاند.
[14] بەڵام ئێستا پاشایەتییەکەت بەردەوام نابێت، یەزدان بەدوای پیاوێکی دیکەدا گەڕا بە دڵی خۆی بێت، تاوەکو فەرمانڕەوایەتی گەلەکەی بکات، چونکە گوێڕایەڵ نەبوویت بۆ ئەوەی کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوویت.»
[15] ئینجا ساموئێل هەستا و لە گلگالەوە چووە گیڤعای بنیامین، شاولیش ئەو پیاوانەی ژمارد کە لەگەڵیدا بوون، نزیکەی شەش سەد پیاو بوون.
[16] شاول و یۆناتانی کوڕی و ئەو پیاوانەی لەگەڵیاندا بوون لە گیڤعای بنیامیندا نیشتەجێ بوون، فەلەستییەکانیش لە میخماسدا چادریان هەڵدا.
[17] ئینجا تێکدەرەکان لە ئۆردوگای فەلەستییەکانەوە بە سێ دەستە چوونە دەرەوە. دەستەیەکیان بەرەو ڕێگای عۆفرا لە خاکی شوعال،
[18] دەستەیەکی دیکە بەرەو ڕێگای بێتحۆرۆن، دەستەکەی دیکەش بەرەو ڕێگای ئەو سنوورەی دەڕوانێتە سەر دۆڵی چەڤۆعیم ڕووەو چۆڵەوانی چوون.
[19] لەناو هەموو خاکی ئیسرائیلیش ئاسنگەرێک بەدی نەدەکرا، چونکە فەلەستییەکان گوتبوویان: «نەوەک عیبرانییەکان شمشێر و ڕم دروستبکەن!»
[20] لەبەر ئەوە هەموو ئیسرائیل دادەبەزین بۆ لای فەلەستییەکان تاکو هەریەکە گاسن و تەور و پاچ و داسەکەی خۆی تیژ بکاتەوە،
[21] جا کرێی تیژکردنەوەی گاسن و پاچ دوو سێیەکی شاقل بوو، بۆ تیژکردنەوەی شەنە سێ چوکڵەکان و تەور یان بۆ دانانی نەقیزە سێیەکی شاقل بوو.
[22] ئیتر لە ڕۆژی جەنگەکە هەموو ئەو گەلەی لەگەڵ شاول و یۆناتان بوون هیچ شمشێر و ڕمێکیان بەدەستەوە نەبوو، تەنها شاول و یۆناتانی کوڕی بەدەستیانەوە بوو.
[23] ئەوە بوو هێزی فەلەستییەکان چووبوونە دەربەندی میخماس.