Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:49

[1] پاش ئەوەی شاول لە ڕاونانی فەلەستییەکان گەڕایەوە پێی ڕاگەیەنرا و گوترا: «داود لە چۆڵەوانی کانی گەدییە.»

[2] ئینجا شاول لە هەموو ئیسرائیلدا سێ هەزار پیاوی هەڵبژاردەی برد و چوو بۆ گەڕان بەدوای داود و پیاوەکانی، لەسەر هەڵدێرەکانی بزنە کێوییەکان.

[3] شاول هاتە لای پەرژینە مەڕەکانی سەر ڕێگاکە، لەوێدا ئەشکەوتێکی لێبوو، چووە ژوورەوە هەتا دەست بەئاوبگەیەنێت. داود و پیاوەکانیشی لە قووڵایی ئەشکەوتەکەدا دانیشتبوون.

[4] پیاوەکانی داود پێیان گوت: «ئەوە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان پێی فەرمووی: ”من دوژمنەکانت دەدەمە دەستت، تۆش ئەوەی پێت باشە پێیانی دەکەیت.“» داودیش هەستا و بەدزییەوە لایەکی کەواکەی شاولی بڕی.

[5] پاش ئەمە، دڵی داود ئازاری دا، لەبەر ئەوەی لایەکی کەواکەی شاولی بڕی.

[6] جا بە پیاوەکانی گوت: «لەلایەن یەزدانەوە بە دوور بێت کە کاری وا بە گەورەکەم بکەم، دەستنیشانکراوی یەزدان، ئەگەر دەستی بۆ درێژ بکەم، چونکە ئەو دەستنیشانکراوی یەزدانە.»

[7] داود بەم قسانە پیاوەکانی سەرزەنشت کرد و ڕێگای پێنەدان بۆ هێرشکردنە سەر شاول، شاولیش لە ئەشکەوتەکە هەستا و ڕێگای خۆی گرتەبەر.

[8] پاش ئەمە داود هەستا و لە ئەشکەوتەکە چووە دەرەوە، بەدوای شاولدا هاواری کرد و گوتی: «پاشای گەورەم!» کاتێک شاول بەرەو دواوە ئاوڕی دایەوە، داود سەری دانەواند و کڕنۆشی برد.

[9] ئینجا داود بە شاولی گوت: «بۆچی گوێ لە قسەی خەڵک دەگریت، ئەوانەی دەڵێن: ”ئەوەتا داود خراپەی تۆی دەوێت“؟

[10] ئەوەتا ئەمڕۆ بە چاوەکانی خۆت بینیت کە چۆن یەزدان ئەمڕۆ تۆی لەو ئەشکەوتەدا دایە دەستم. پێم گوترا کە بتکوژم، بەڵام من بەزەییم پێتدا هاتەوە و گوتم: ”دەستم بۆ گەورەم درێژ ناکەم، چونکە ئەو دەستنیشانکراوی یەزدانە.“

[11] باوکە تەماشا بکە، تەماشا دامێنی کەواکەت بەدەستمەوەیە! من دامێنی کەواکەی تۆم بڕی بەڵام نەمکوشتیت، بزانە و ببینە کە من هیچ خراپە و ناپاکییەکم نییە، دەرهەق بە تۆ تاوانبار نیم. کەچی تۆ ڕاوم دەنێی هەتا بمکوژیت.

[12] با یەزدان دادوەری لەنێوان من و تۆدا بکات، یەزدان تۆڵەی منت لێ بکاتەوە، بەڵام من دەستت لێ بەرز ناکەمەوە،

[13] هەروەک پەندی پێشینان دەڵێت: ”خراپە لە خراپەکاران دەوەشێتەوە،“ لەبەر ئەوە من دەستت لێ بەرز ناکەمەوە.

[14] «پاشای ئیسرائیل بەدوای کێ کەوتووە؟ تۆ کێ ڕاو دەنێیت؟ بەدوای سەگێکی تۆپیو؟ بەدوای کێچێک؟

[15] با یەزدان ببێت بە دادوەر و حوکم لەنێوان من و تۆدا بکات، تەماشا بکات و ئەستۆپاکیم بسەلمێنێت، لە دەستی تۆ دەربازم بکات.»

[16] ئەوە بوو کە داود لەم قسانە بووەوە بۆ شاول، شاول گوتی: «داود، کوڕم، ئەمە دەنگی تۆیە؟» جا شاول دەنگی بەرزکردەوە و گریا،

[17] بە داودی گوت: «تۆ لە من ڕاستودروستتریت، چونکە تۆ بە چاکە پاداشتت دامەوە، بەڵام من بە خراپە.

[18] هەروەها ئەمڕۆ تۆ دەرتخست کە چاکەت لەگەڵدا کردووم، چونکە یەزدان منی دا بە دەستتەوە، بەڵام تۆ نەتکوشتم.

[19] ئەگەر پیاو دوژمنەکەی دەست بکەوێت، ئایا بەرەو ڕێگای باش بەڕەڵای دەکات؟ با یەزدان پاداشتی چاکەت بداتەوە لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ مندا کردت.

[20] ئێستاش بە دڵنیاییەوە من دەزانم تۆ دەبیت بە پاشا، بە دەستی تۆ پاشایەتی ئیسرائیل دەچەسپێت.

[21] ئێستا بە یەزدان سوێندم بۆ بخۆ کە دوای خۆم نەوەکەم نابڕیتەوە و ناویشم لە ماڵی باوکمدا ناسڕیتەوە.»

[22] ئیتر داود سوێندی بۆ شاول خوارد، شاولیش گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی، داود و پیاوەکانیشی بۆ قەڵاکە سەرکەوتن.

یەکەم ساموئێل — Chapters