Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:52

[1] خوشکان، برایان، کاتێک من قسەم لەگەڵ کردن، نەمتوانی ئێوە وەک ئەوانە دابنێم کە بە ڕێنمایی ڕۆحی پیرۆز دەژین، بەڵکو وەک ئەوانەی کە هێشتا دنیایین ، هەروەک منداڵی ساوا بن لە ‏خانەوادەی مەسیحدا.

[2] شیرم پێداون نەک خواردن، چونکە هێشتا تواناتان نەبوو، ئێستاش تواناتان نییە.

[3] ئێوە هێشتا دنیایین. کە ئیرەیی و ناکۆکی لەنێوانتاندا هەبێت، ئایا دنیایی نین و تەنها وەک مرۆڤ ناژین؟

[4] چونکە کاتێک یەکێک دەڵێت: «من هی پۆڵسم»، ئەوی دیکە: «من هی ئەپۆلۆسم»، ئایا وەک خەڵکی دیکە نین؟

[5] ئەپۆلۆس چییە؟ پۆڵس چییە؟ تەنها خزمەتکارن کە لە ڕێگەی ئەوانەوە باوەڕتان هێناوە، هەروەک چۆن مەسیحی خاوەن شکۆ بە هەر یەکێکی داوە.

[6] من چاندم و ئەپۆلۆس ئاوی دا، بەڵام خودا بوو گەشەی پێکرد.

[7] ئیتر نە تۆوچێن گرنگە و نە ئاودێر، بەڵکو تەنها خودا گرنگە کە گەشەی پێ دەکات.

[8] تۆوچێن و ئاودێر یەکن، هەریەکە بەگوێرەی ماندووبوونی خۆی کرێی خۆی وەردەگرێت.

[9] جا ئێمە هاوکاری خوداین، ئێوەش کێڵگەی خودا و خانووی خودان.

[10] بەگوێرەی ئەو نیعمەتەی خودا پێیداوم، وەک ئەندازیارێکی دانا بناغەم داڕشت و یەکێکی دیکە لەسەری بنیاد دەنێت. بەڵام با هەریەکە ئاگاداربێت چۆن لەسەری بنیاد دەنێت.

[11] کەس ناتوانێت بناغەیەکی دیکە دابنێت لە پاڵ ئەوەی دانراوە، کە عیسای مەسیحە.

[12] بەڵام ئەگەر یەکێک لەسەر ئەو بناغەیە زێڕ، زیو، بەردی گرانبەها، دار، پووش یان کا، بنیاد بنێت،

[13] کاری هەر یەکێک دەردەکەوێت، چونکە ڕۆژی لێپرسینەوە ئاشکرای دەکات، لەبەر ئەوەی بە ئاگر ئاشکرا دەکرێت و ئاگر چۆنیەتی کاری هەرکەسێک دەردەخات.

[14] ئەگەر کاری یەکێک بمێنێتەوە کە لەسەری بنیادی ناوە، ئەوا پاداشت وەردەگرێت.

[15] ئەگەر کاری یەکێک سووتا ئەوا زیانی پێ دەگات، خۆی ڕزگاری دەبێت، بەڵام وەک یەکێک لەناو ئاگر هەڵات.

[16] ئایا نازانن ئێوە پەرستگای خودان و ڕۆحی خوداتان تێدا نیشتەجێیە؟

[17] ئەگەر یەکێک پەرستگای خودا وێران بکات، خودا وێرانی دەکات، چونکە پەرستگای خودا پیرۆزە، ئێوە ئەو پەرستگایەن.

[18] با کەس خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت. ئەگەر یەکێک لەنێوتان خۆی بە دانای ئەم دنیایە دەزانێت، با ببێتە گێل تاکو بەڕاستی ببێتە دانا.

[19] دانایی ئەم جیهانە لەلای خودا گێلایەتییە، لەبەر ئەوەی نووسراوە: [ئەوەی داناکان بە فێڵبازی خۆیانەوە دەگرێت.]

[20] هەروەها: [یەزدان بیرکردنەوەی داناکان دەزانێت کە پووچە.]

[21] کەواتە، با کەس شانازی بە مرۆڤ نەکات! چونکە هەموو شتێک هی ئێوەیە،

[22] پۆڵس یان ئەپۆلۆس یاخود پەترۆس ، جیهان یان ژیان یانیش مردن، شتەکانی ئێستا یاخود داهاتوو، هەموو شتێک هی ئێوەیە،

[23] ئێوەش هی مەسیحن، مەسیحیش هی خودایە.

یەکەم نامەی پۆڵس بۆ کڵێسای کۆرنسۆس — Chapters