Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:44

[1] بەڵام لەبارەی کۆمەک بۆ گەلی پیرۆزی خودا، چۆن کڵێساکانی گەلاتیام ڕاسپاردووە، ئێوەش ئاوا بکەن.

[2] لە سەرەتای هەر هەفتەیەک با هەریەکەتان چەندی لە توانادایە بیخاتە لایەک، تاکو کۆمەکەکە ئەو کاتە نەبێت کە دەگەمە لاتان.

[3] کاتێک گەیشتمە لاتان، جا ئەوانەی پەسەندکراون بە نامەوە دەیاننێرم تاکو دیارییەکانتان بگەیەننە ئۆرشەلیم.

[4] ئەگەر بە باشم زانی کە منیش بچم، ئەوا لەگەڵ من دەچن.

[5] کاتێک لە مەکدۆنیا تێپەڕیم دێمە لاتان، چونکە بە مەکدۆنیادا تێدەپەڕم.

[6] لەوانەیە ماوەیەک لەلاتان بم، یاخود هەموو زستان، تاکو ڕێگای سەفەرم بۆ ئاسان بکەن بۆ هەر شوێنێک کە بۆی دەچم،

[7] چونکە ئەم جارە نامەوێت تەنها بە سەرپێیی بتانبینم، بەڵکو هیوادارم ئەگەر عیسای خاوەن شکۆ خواستی لەسەر بێت ماوەیەک لەلاتان بمێنمەوە.

[8] بەڵام هەتا ڕۆژی پەنجایەمین لە ئەفەسۆس دەمێنمەوە،

[9] چونکە دەرگایەکی فراوان و کاریگەرم بۆ کراوەتەوە، زۆر دوژمنیشم هەیە.

[10] ئەگەر تیمۆساوس هات، ئاگاداربن با لەلاتان بەبێ ترس بێت ، چونکە کاری یەزدان دەکات، وەک منیش دەیکەم.

[11] با کەس بە سووکی سەیری نەکات، بەڵکو بە ئاشتی بینێرنەوە لام، چونکە من و برایان چاوەڕێی دەکەین.

[12] هەروەها سەبارەت بە ئەپۆلۆسی برامان، زۆر پاڕامەوە کە لەگەڵ برایان بێتە لاتان، ئەو هەرگیز نەیویست ئێستا بێتە لاتان، بەڵام کە بۆی ڕێککەوت، دێت.

[13] ئێشک بگرن، لە باوەڕ بچەسپێن، پیاوی ئازابن، بەهێزبن.

[14] هەرچییەک دەکەن لە خۆشەویستییەوە بیکەن.

[15] ئێوە دەزانن ماڵی ستیفاناس لە ئەخایا پێشەبەرە بوون، خۆیان بۆ خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خودا تەرخان کردبوو، خوشکان، برایان، لێتان دەپاڕێمەوە،

[16] تاکو ئێوەش ملکەچی وەک ئەوانە بن، هەموو ئەوانەی لەگەڵیان ئیش دەکەن و ماندوو دەبن.

[17] بە هاتنی ستیفاناس و فەرتوناتۆس و ئەخایکۆس دڵشاد بووم، چونکە شوێنی ئێوەیان گرتەوە،

[18] چونکە ئەوان ڕۆحی من و ئێوەیان گەشاندەوە، جا ئەو جۆرە کەسانە بناسن.

[19] کڵێساکانی ئاسیا سڵاوتان لێدەکەن. ئەکیلا و پریسکیلا، لەگەڵ ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەیانن بە ناوی عیسای خاوەن شکۆ بە گەرمی سڵاوتان لێدەکەن.

[20] هەموو خوشک و برایان سڵاوتان لێدەکەن. بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن.

[21] من پۆڵسم، ئەم سڵاوە بە دەستی خۆم دەنووسم.

[22] بەڵێ ئەو کەسەی عیسای خاوەن شکۆی خۆشناوێت با نەفرەتی لێ بێت! ئەی خاوەن شکۆ، وەرە!

[23] نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆتان لەگەڵ بێت.

[24] خۆشەویستی من لەگەڵ هەمووتان بێت کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن. ئامین.

یەکەم نامەی پۆڵس بۆ کڵێسای کۆرنسۆس — Chapters