[1] لاسایی من بکەنەوە هەروەک چۆن منیش لاسایی مەسیح دەکەمەوە.
[2] جا ستایشتان دەکەم کە لە هەموو شتێکدا یادم دەکەن، ئەو دابونەریتانە دەپارێزن هەروەک پێمداون.
[3] بەڵام دەمەوێت بزانن کە سەری هەموو پیاوێک مەسیحە و سەری ژنیش پیاوە و سەری مەسیحیش خودایە.
[4] هەر پیاوێک بە سەری داپۆشراو نوێژ بکات یان پەیامی خودا ڕابگەیەنێت، ئەوا سەری خۆی شۆڕ دەکات.
[5] هەر ژنێکیش بە سەر دانەپۆشراوی نوێژ بکات یان پەیامی خودا ڕابگەیەنێت، ئەوا سەری خۆی شۆڕ دەکات، چونکە ئەو و ژنێکی سەرتاشراو هەمان شتن و یەکن.
[6] ئەگەر ژن سەری دانەپۆشێت، با قژی ببڕێت، بەڵام ئەگەر بۆ ژن شورەیی بوو قژی ببڕێت یاخود بیتاشێت، با سەری داپۆشێت.
[7] کەواتە پیاو نابێت سەری داپۆشێت، کە وێنە و شکۆی خودایە. بەڵام ژن شکۆی پیاوە،
[8] چونکە پیاو لە ژن نەهاتووە، بەڵکو ژن لە پیاوە.
[9] پیاویش لە پێناوی ژن بەدی نەهێنراوە، بەڵکو ژن لە پێناوی پیاو.
[10] لەبەر ئەمە و لەبەر فریشتەکان، پێویستە ژن نیشانەی دەسەڵاتی بەسەر سەرییەوە هەبێت.
[11] لەگەڵ ئەوەشدا، لە پاشایەتی مەسیحی گەورەماندا ژن سەبارەت بە پیاو سەربەخۆ نییە و پیاویش سەبارەت بە ژن سەربەخۆ نییە،
[12] چونکە وەک ژن لە پیاوە، ئاواش پیاو بەهۆی ژن لەدایک دەبێت، بەڵام هەموو شتێک لە خوداوەیە.
[13] ئێوە حوکم بۆ خۆتان بدەن: ئایا دەشێت ژن بە سەر دانەپۆشراوی نوێژ بۆ خودا بکات؟
[14] باشە سروشت خۆی فێرتان ناکات کە شەرمەزارییە بۆ پیاو قژی درێژ بکات،
[15] بەڵام بۆ ژن شکۆمەندییە ئەگەر قژی درێژ بکات؟ چونکە لە جیاتی پۆشەر قژی دراوەتێ.
[16] بەڵام ئەگەر یەکێک حەزی لە ناکۆکییە، ئێمە و کڵێساکانی خوداش جگە لەمە نەریتێکی دیکەمان نییە.
[17] بەم ئامۆژگارییە ستایشتان ناکەم، چونکە کۆبوونەوەکانتان زیانی لە سوود زیاترە.
[18] پێش هەموو شتێک، دەبیستم کاتێک وەک کڵێسا کۆدەبنەوە دووبەرەکی لەنێوانتاندا هەیە و هەتا ڕادەیەکیش باوەڕ دەکەم.
[19] بێگومان دەبێت لەنێوانتاندا ناکۆکی و دووبەرەکی هەبێت، تاکو ئەو باوەڕدارانەی کە جێی ڕەزامەندی خودان دەربکەون.
[20] بۆیە کاتێک کۆدەبنەوە، بۆ خواردنی شێوی مەسیحی خاوەن شکۆ نییە،
[21] چونکە هەریەکە زوو شێوی خۆی لە خواردندا دەبات، جا یەکێک برسی دەبێت، ئەوی دیکە سەرخۆش دەبێت.
[22] ئایا ماڵتان نییە تێیدا بخۆن و بخۆنەوە؟ یاخود کڵێسای خودا سووک دەکەن و ئەوانە تەریق دەکەنەوە کە هەژار و نەدارن؟ چیتان پێ بڵێم؟ ئایا لەسەر ئەمە ستایشتان بکەم؟ بێگومان نەخێر!
[23] ئەوەی بە ئێوەم دا لە مەسیحی خاوەن شکۆم وەرگرتووە : ئەوە بوو عیسای خاوەن شکۆ لەو شەوەی تێیدا بە گرتن درا، نانێکی هەڵگرت،
[24] سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، فەرمووی: «ئەمە جەستەی منە کە لە پێناوی ئێوەیە. ئەمە بۆ یادکردنەوەی من بکەن.»
[25] بە هەمان شێوە پاش نانخواردن، جامەکەی هەڵگرت و فەرمووی: «ئەم جامە پەیمانی نوێیە بە خوێنی من. هەر جارێک دەیخۆنەوە، ئەمە بۆ یادکردنەوەی من بکەن.»
[26] جا هەر کاتێک لەم نانەتان خوارد و لەم جامەتان خواردەوە، ئەوا مردنی عیسای خاوەن شکۆ ڕادەگەیەنن، هەتا دێتەوە.
[27] کەواتە ئەوەی بە شێوازێکی ناشایستە نانەکە بخوات یان لە جامەکەی مەسیحی خاوەن شکۆ بخواتەوە، ئەوا بەرامبەر بە جەستە و خوێنی مەسیحی خاوەن شکۆ تاوانبارە.
[28] با هەرکەسێک خۆی تاقی بکاتەوە، ئینجا لە نانەکە بخوات و لە جامەکە بخواتەوە،
[29] چونکە ئەوەی بخوات و بخواتەوە و بێ ئەوەی ڕێز لە جەستەی مەسیح بگرێت، ئەوا بۆ خۆی حوکم دەخوات و دەخواتەوە.
[30] لەبەر ئەمەیە زۆر نەخۆش و لاوازتان تێدایە، هەندێکیش نوستوون .
[31] بەڵام ئەگەر خۆمان حوکمی خۆمان بدایە، ئەوا حوکم نەدەدراین.
[32] بەڵام کاتێک مەسیحی خاوەن شکۆ حوکممان بدات، ئەوا تەمبێ دەکرێین، تاکو لەگەڵ جیهاندا تاوانبار نەکرێین.
[33] کەواتە ئەی خوشک و برایانم، کاتێک بۆ خواردن کۆدەبنەوە، چاوەڕێی یەکتری بکەن.
[34] ئەگەر یەکێک برسی بوو با لە ماڵەوە بخوات، نەوەک بۆ حوکمدان کۆببنەوە. کاتێک هاتم بۆ لاتان، ڕێنمایی زیاتریشتان دەدەمێ.