[1] ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بە سروش لە دژی خاکی حەدراخ و لە دیمەشق دەمێنێتەوە، چونکە هەموو خەڵک و هۆزەکانی ئیسرائیل چاویان لە یەزدانە.
[2] هەروەها لە دژی حەماتی هاوسنووری، لە دژی سور و سەیدایە، کە ئەوانە زۆر دانان.
[3] سور قەڵای بۆ خۆی بنیاد نا، زیوی وەک خۆڵ خڕکردەوە، زێڕیش وەک قوڕی کۆڵانەکان.
[4] بەڵام پەروەردگار دەستی بەسەردا دەگرێت و لە دەریا هێزەکەی لەناودەبات، هەروەها بە ئاگر دەسووتێنرێت.
[5] ئەسقەلان دەیبینێت و دەترسێت، غەزەش زۆر بە ئازار دەبێت، عەقرۆنیش، چونکە هیواکانی مایەی شەرمەزارین. غەزە پاشاکەی لەدەست دەدات، ئەسقەلانیش ئاوەدانی تێدا نامێنێت.
[6] خەڵکی زۆڵ ئەشدۆد داگیر دەکەن، لووتبەرزی فەلەستییەکان لەناودەبەم.
[7] گۆشتی بە خوێنەوە لەبەردەمیان لادەبەم و خواردنی قەدەغەکراو لەبەر ددانەکانیان. ئەو فەلەستییانەش کە دەمێننەوە دێنە پاڵ خوداکەمان و وەک هۆزێک دەبن لە یەهودا و عەقرۆنیش وەک یەبوسییەکان.
[8] بەڵام لە چواردەوری پەرستگاکەم هەڵدەدەم، بۆ پارێزگاریکردن لە چەتە. ئیتر هەرگیز سەرکاری بێگاری نایەتە سەریان، چونکە ئێستا چاوم لەسەریانە.
[9] ئەی شاری سییۆن، زۆر دڵخۆش بە! ئەی شاری ئۆرشەلیم، هاواری خۆشی بکە! ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات، دادپەروەرە و ڕزگارکەرە، بێفیزە و سواری ماکەرێک و جاشی ماکەرێک بووە.
[10] گالیسکەی جەنگ لە ئەفرایم لەناودەبەم و ئەسپیش لە ئۆرشەلیم، کەوانی جەنگ دەشکێنرێت. ئەو پاشایە ئاشتی بۆ گەلان ڕادەگەیەنێت، فەرمانڕەوایەتییەکەی لە دەریاوە بۆ دەریایە و لە ڕووباری فوراتیشەوە هەتا ئەوپەڕی زەوییە.
[11] هەروەها بۆ تۆش، لەبەر خوێنی پەیمانەکەم لەگەڵ تۆ، دیلەکانت لە بیری بێ ئاو بەڕەڵا دەکەم.
[12] ئەی ئەو دیلانەی هیواتان هەیە، بگەڕێنەوە قەڵاکانتان، ئەمڕۆ من ڕایدەگەیەنم کە دوو هێندە قەرەبووتان دەکەمەوە.
[13] من یەهودام وەک کەوانەکەی خۆم چەماندووەتەوە، ئەفرایمم کردووەتە تیرەکانم، ئەی سییۆن، کوڕەکانی تۆم ڕاپەڕندووە، لە دژی کوڕەکانی تۆ، ئەی یۆنان، تۆم کردووە بە شمشێری پاڵەوان.
[14] ئینجا یەزدان لەسەر سەریانەوە دەردەکەوێت، تیرەکەی وەک بروسک دەبریسکێتەوە. یەزدانی باڵادەست فوو بە کەڕەنادا دەکات، بەناو گەردەلوولەکانی باشووردا دەڕوات،
[15] یەزدانی سوپاسالار گەلەکەی دەپارێزێت. بە بەردی قۆچەقانی دوژمن تێکدەشکێنن، دەخۆنەوە و دەنەڕێنن هەروەک شەرابیان نۆشی بێت، وەک تاسی خوێنپرژێن پڕ دەبن، کە بۆ پرژاندنی گۆشەکانی قوربانگا بەکاردێت.
[16] لەو ڕۆژەدا یەزدانی پەروەردگاریان ڕزگاریان دەکات، هەروەک شوان مێگەلەکەی دەپارێزێت. لە خاکەکەی خۆی دەیانڕازێنێتەوە وەک بەردی گرانبەهای تاج.
[17] چەند سەرنجڕاکێش و جوان دەبێت! دانەوێڵە گەشە بە لاوەکان دەکات و شەرابی نوێش بە پاکیزەکان.