Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:46

[1] فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات.

[2] یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «خۆشەویستییەکی بێ پایانم بۆ سییۆن هەیە، بە دڵگەرمییەوە ئیرەدار بووم بۆی.»

[3] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دەگەڕێمەوە سییۆن و لەناوەڕاستی ئۆرشەلیم نیشتەجێ دەبم. ئینجا ئۆرشەلیم بە شاری ڕاستی ناودەبردرێت و کێوی یەزدانی سوپاسالاریش بە ”کێوی پیرۆز“.»

[4] یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «جارێکی دیکە پیرەمێرد و پیرێژن لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم دادەنیشن، هەریەکە لەبەر تەمەنی گۆچانەکەی بە دەستیەوەیە.

[5] شەقامەکانی شار پڕ دەبنەوە لە کوڕ و کچ یاری تێدا دەکەن.»

[6] یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەو سەردەمە لەوانەیە لەبەرچاوی پاشماوەی ئەم گەلە سەرسوڕهێنەر بێت، بەڵام ئایا لەبەرچاوی منیش سەرسوڕهێنەرە؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

[7] یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «من گەلەکەم لە خاکی ڕۆژهەڵات و لە خاکی ڕۆژئاوا ڕزگار دەکەم.

[8] دەیانگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بن، دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی.»

[9] یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئێستا گوێتان لەم پەیامە بێت، ”با دەستەکانتان بەهێزبن بۆ ئەوەی پەرستگاکە بنیاد بنرێت.“ هەر ئەوەش بوو کە پێغەمبەرەکان لە ڕۆژی دامەزراندنی ماڵی یەزدانی سوپاسالار گوتیان.

[10] بەر لەو سەردەمە هیچ کرێیەک بۆ مرۆڤ نەبوو، ئاژەڵیش کرێی نەبوو. ئەوەی دەچووە سەر کاریش لەبەر دوژمنانی سەلامەتی نەبوو، چونکە هەموویانم لە یەکتری بەردا.

[11] بەڵام ئێستا من وەک پێشتر هەڵسوکەوت لەگەڵ پاشماوەی گەلەکەم ناکەم.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

[12] «تۆو بە جوانی دەڕوێت، دار مێو بەری خۆی دەدات، زەوی بەروبوومی خۆی دەدات، ئاسمان شەونمی خۆی دەدات. هەموو ئەم شتانە دەکەمە میرات بۆ پاشماوەی ئەم گەلە.

[13] ئەی بنەماڵەی یەهودا و ئیسرائیل، هەروەک ئێوە مایەی نەفرەت بوون لەنێو نەتەوەکان، من ڕزگارتان دەکەم، دەبنە مایەی بەرەکەت. مەترسن، بەڵکو با دەستەکانتان بەهێزبن.»

[14] یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «وەک چۆن مکوڕ بووم لەسەر ئەوەی تووشی بەڵاتان بکەم، کاتێک باوباپیرانتان تووڕەیان کردم و پاشگەز نەبوومەوە،

[15] ئێستا بە هەمان شێوە مکوڕم لەسەر ئەوەی جارێکی دیکە چاکە بکەم لەگەڵ ئۆرشەلیم و بنەماڵەی یەهودا. مەترسن.

[16] ئەمانە ئەو شتانەن کە دەبێت بیانکەن: لەگەڵ یەکتری بە ڕاستی بدوێن؛ لە دادگاکانتان ڕاستی و حوکمی دادپەروەرانە هەبێت؛

[17] لە دڵەوە بیر لە خراپە مەکەنەوە بەرامبەر بە یەکتری؛ حەزتان لە سوێندخواردنی بە درۆ نەبێت. ڕقم لە هەموو ئەمانەیە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[18] پاشان فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات:

[19] یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ڕۆژووی مانگی چوار و پێنج و حەوت و دە بۆ نەوەی یەهودا دەبێتە شادی و دڵخۆشی و جەژنی خۆش. لەبەر ئەوە حەز لە ڕاستی و ئاشتی بکەن.»

[20] یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «چەندین خەڵک و دانیشتووانی چەندین شار دێنە ئۆرشەلیم،

[21] دانیشتووانی شارێک دەچنە لای ئەوی دیکەیان و دەڵێن: ”با بڕۆین دەستبەجێ بۆ ئەوەی لە یەزدان بپاڕێینەوە و ڕوو لە یەزدانی سوپاسالار بکەین، هەروەها منیش دەچم.“

[22] ئینجا زۆرێک لە گەلان و نەتەوە بەهێزەکان دێنە ئۆرشەلیم بۆ ئەوەی ڕوو لە یەزدانی سوپاسالار بکەن و لە یەزدان بپاڕێنەوە.»

[23] یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەو ڕۆژانەدا دە پیاو لەنێو هەموو زمان و نەتەوەکان دەست بە دامێنی پیاوێکی جولەکەوە دەگرن و پێی دەڵێن: ”با لەگەڵتان بێین، چونکە بیستوومانە خوداتان لەگەڵدایە.“»

زەکەریا — Chapters